تایبەتمەندیی میهرگەکان لەناو میتراییزمدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

تایبەتمەندیی میهرگەکان لەناو میتراییزمدا

7

میهرگە، شوێنی نزا و پاڕانەوە و نوێژی پەیڕەوکارانی میتراییزمە وەکوو ئایینێکی کۆن کە بەر لە ئایینەکانی دیکە لە کوردستان باو بووە، سەرچاوەی دروستبوونی پەرستگەی ئایینەکانی پاش خۆی بووە، لە پەرستگەی کریستیانەکانەوە بگرە تا دەگەیە مزگەوتی موسڵمانەکان، بەشێک لە بیناسازیی میهرگەکانیان کردووە بە سەرچاوەیەک بۆ بنیاتنانی پەرستگەکانی خۆیان. پرسیار ئەوەیە، میهرگە وەکوو کۆنترین شوێنی پاڕانەوەی مرۆڤ لە میزۆپۆتامیا شکڵی چۆن بووە؟

نزا و پاڕانەوەی پەیڕەوکارانی میتراییزم لەناو ئەشکەوتەکان بووە. ئەو ئەشکەوتانەی نزیک بوون لە رووبارەکان وەکوو پەرستگە و میهرگە بەکار هاتوون. شوێنەواری ئەو ئەشکەوتانەی میهرگە بوون بۆ پەیڕەوکارانی میتراییزم تا ئێستا لە ئەورووپا وەکوو خۆی ماوە. ئەشکەوتی بورسێنت ئاندئۆل لە فەرەنسا، ئەشکەوتی شوارتزردن لە ئاڵمانیا، ئەشکەوتی کاوتات ئپیدۆرم لە یوگوسلاڤیا ژمارەیەک لەو ئەشکەوتانەن کە تێیدا بێچمی میترا لەسەر بەردەکانی هەڵکەنراوە لە کاتی قوربانیکردنی گای پیرۆز.

لە ناوچەی تیرگوسووری نزیک لە کوێستانەکانی کونستانترای رۆمانیا لە ساڵی 1958 میهرگەیەکی پەیڕەوکارانی میتراییزم دۆزرایەوە کە زۆر سەرنجڕاکێشە، لەسەر بەردەنووسی ناو ئەم میهرگەیەدا هاتووە: ئەم میهرگەیە کەوتووەتە ناو دارستانێکی بچووک لەپاڵ رووباری بچووکی فورات کە هاوناوی رووباری فوراتی گەورەیە کە ئایینی میترا لەوێوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمە نیشان دەدا کە پەیڕەوکارانی میتراییزم لە ئەورووپا لەبەر خۆشەویستی و پیرۆزیی ئاوی فورات (فرەهات) لە کوردستان، ئەو ناوەیان خستووەتەسەر رووبارەکانیان.

هەندێ جار کە ئەشکەوتی سروشتی بۆ میهرگە دەست نەدەکەوت، لە شوێنی دیکە میهرگەیان دروست دەکرد و هەوڵیان دەدا شوێنی نزا و پاڕانەوەکان وەکوو ئەشکەوت دروست بکەن. لە ئایینەکانی دواتریش وەکوو جوو، کریستیان و ئیسلام، ئەشکەوت رۆڵی گرنگی لە ژیانی پێغەمبەر و هاوڕێ وەفادارەکانیان بووە.

ئەشکەوت نیشانەی گومەزی ئاسمانە، بۆیە دروستکردنی گومەز لەو سەردەمەدا بۆ میهرگەکان باو بوو و ئایینەکانی پاش میتراییزمیش بۆ پەرستگەکانیان گومەزیان دروست دەکرد.
دواتر لەناو میهرگەکاندا ژوورێک دروست کرا بۆ گۆڕینی جلوبەرگی پیاوانی ئایینی کە تێیدا نەریتە مەزهەبییەکانیان بەڕێوە دەبرد و هۆڵێکی گەورە و دێرێژیش بۆ بۆنە ئایینییەکان دروست کرا کە تێێدا کورسی و مێزیان دادەنا وەکوو کەنیسەكانی ئێستا کە ئەم بیناسازییان لە میهرگەکانەوە وەرگرتووە.

لەناو مهیرگەکان نەخشی خواوەندیان لە بەرد هەڵدەکۆڵی کە زۆر جار بۆ ئەو کارە بەردی مەڕمەڕیان بەکار دەهێنا. هەندێ جاریش لەسەر دیواری میحراوی ناو میهرگەکان، قوماشێکیان هەڵدەواسی کە بە نەخشی جۆراوجۆری هونەریی دەیانرازاندەوە.

لەناو میهرگەکانی کوردستان و ئێرانی کۆن، بەر لە گەیشتن بە میحراو، دوو ژووریان بۆ نزا و پاڕانەوە یان نوێژخوێندن دروست دەکرد و لە تەنیشت دەروازەی سەرەکیی میهرگەکانیش حەوزە ئاوێکیان دروست دەکرد تا ئەو کەسانەی دیاری و نەزریان پێشکەشی میهرگەکان دەکرد لە لای راست و چەپی ئەو حەوزاوە دایان دەنا.

ئەم نەریتی هێنانی نەزر و دیارییە تا ئێستاش لەناو مزگەوتەکانی کوردستان ماوە کە زیاتر لە مانگی رەمەزان و بە هێنانی شیرینی و خورما بەڕێوە دەچێت. لە میهرگەکانی ناو ئەورووپا، نەزرییەکان تەنیا خواردن نەبوو، بەڵکوو هەندێ کەس بەشێک لە میهرگەکانیان بە نەخش و نیگار دەڕازاندەوە، وەک چۆن ئێستا کەس یان چەند کەسێک هەڵدەستن بە دروستکردنی مزگەوتێک یان کەنیسەیەك.

نموونەی لەم جۆرەمان زۆر لەبەر دەستە وەکوو میهرگەی سارمیزگتوزا لە رۆمانیا و پتۆ لە یوگوسلاڤیا کە تێیدا کەسانی خۆبەخش دەیان نەخش و نیگار و پەیکەریان دروست کردووە.
لەپاڵ دیوارەکانی میهرگەی سێنت پریسک لە رۆما وەکوو ناسراوترین پەرستگەی ئیمپراتۆری رۆما، دەیان خومرە و کووپە و جامی گەورە دانراوە بۆ مەی نۆشین بە خۆشیی میترا.

لەناو ژوورێکی ئەم میهرگەیەدا نەخشی لەدایکبوونی میترا هەڵکەنراوە. لەناو ئەم میهرگەیەدا جامێک دۆزراوەتەوە کە وشەی ئاتر هەڵکەنراوە و پرۆفیسۆر فلگراف مامۆستای زانکۆی ئۆتریخت پێیوایە، مەبەست لە ئاتر، خواوەندی ئاگرە. ئاتر وشەیەکی رەسەنی کوردییە بە مانای ئاگر. لەناو کوردستانیش شوێنەورای ژمارەیەک میهرگە تا ئێستا ماوە کە ناسراوترینیان دەکەونە پارێزگەی لوڕستان و کرماشان کە لە داهاتوودا بە درێژی باسیان دەکەین.