پۆست مۆدێرنێتە و دووگی ماوەبەسەرچوو!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پۆست مۆدێرنێتە و دووگی ماوەبەسەرچوو!

”یه‌كێتی، نه‌ك ته‌نیا خۆی نوێ كردووەته‌وه،‌ به‌ڵكوو مۆدێلی مۆدێرنیشی تێپه‌ڕاندووه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ما پۆستمۆدێرنه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن كار ده‌كات“، ئەوە بەشێكە لە گوتەی یەكێك لە ھاوسەرۆكانی یەكێتی لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ گۆڤارێكی حزبیی خۆیاندا. ناچمە ناو پێناسە و شیكردنەوەی مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتە و ڕەگوڕیشە مێژووییەكانی، چونكە ئەم بابەتە جگە لەوەی لەناو نووسینی ڕۆژنامەوانیدا جێگەی نابێتەوە، سەری خوێنەرانیشی پێوە دەیەشێت، بەڵام ئەوانەی كە سەرودەر لە ھەردوو چەمكی نوێگەری و دوای نوێگەری دەردەكەن، پێم خۆشە ئەوان لای خۆیانەوە پێناسەی مۆدێرێنێتە و پۆست مۆدێرنێتە بھێننەوە خەیاڵی خۆیان و ئینجا وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە:

1- ئایا ھێنانی دووگ و جگەر و جگەرەی ماوەبەسەرچوو لە مەرزەكانەوە بۆ ناو ھەرێمی كوردستان و بەتایبەتی بۆ ناو سلێمانی، ئەمە شێوازی بەڕێوەبردنی پۆست مۆدێرنێت واتە دوای نوێگەرییە؟ بچن ھەر سێ قامووسی ئۆكسفۆرد و مێریەم وێبستەر و توراسی ئەمەریكی بگەڕێن و بزانن چ پەیوەندییەك لەنێوان ھێنانی دووگ و جگەر و جگەرەی ماوەبەسەرچوو و شێوازی بەڕێوەبردنی پۆست مۆدێرنێتەدا ھەیە.

2- ئایا دروستكردنی بەنزینخانە لە تەنیشت خانوو و نزیك ژووری نووستنی ھاووڵاتیان لە سلێمانی، ئەمە شێوازی بەڕێوەبردنی پۆست مۆدێرنێت واتە دوای نوێگەرییە؟

3- ئایا كەوتنە پێش داگیركەرانی كوردستان بۆ داگیركردنەوەی نیوەی خاك و ژێردەستكردنەوەی خەڵكی باشووری كوردستان، ئەمە شێوازی بەڕێوەبردنی پۆست مۆدێرنێت واتە دوای نوێگەرییە؟ جا خۆ ئەگەر ئەمە مانای پۆست مۆدێرنێتە بێت، دەبێ ھەر ئێستا ڕووسیا و فەرەنسا بەشێكی زۆری وڵاتەكەیان بدەنەوە دەست نازیە نوێكانی ئەڵمانیا!

لە ساڵی 2001دا چەند كەسێك لە ڕاگەیاندن لە قەڵاچوالان لەگەڵ جەنابی مام جەلال كۆ بووینەوە، یەكێك لە ئامادەبوان كە حەز ناكەم ناوی بھێنم و ئێستا ئەندامی پەرلەمانە، لە بابەتی ناو كۆبوونەوەكە ترازا و دوور كەوتەوە و خۆی كرد بەناو باسوخواسی مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا، بەڵام ئەوەندە بە ھەڵە و تێكەڵ و پێكەڵی باسی كرد، كاك مەلا بەختیار كە ئەویش ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو، ویستی ئەو كەسە لە قسەكردن ڕابگرێت، بەڵام جەنابی مام جەلال بە ھێواشی و لە تەنیشتەوە بە كاك مەلا بەختیاری گوت: ”لێی گەڕێ با قسە بكات، ئەوە لێی شێواوە و سەریشی لێ شێواوە، لێی گەڕێ با لە قسەی خۆی ببێتەوە، دواتر ئێمەش قسە دەكەین و بۆی ڕاست دەكەینەوە و دەیھێنینەوە ھۆش خۆی!“.

جا كە ئێستاش ئەو بەشە لە قسەی ھاوسەرۆكێكی یەكێتی لەو گۆڤارە حزبیەی خۆیاندا دەبینم كە دەڵێت: ”یه‌كێتی نه‌ك ته‌نیا خۆی نوێ كردووەته‌وه‌ به‌ڵكوو مۆدێلی مۆدێرنیشی تێپه‌ڕاندووه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ما پۆستمۆدێرنه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن كار ده‌كات“، جارێكی تر ئەو كۆبوونەوەیەی بیست ساڵ بەر لە ئێستام لەگەڵ جەنابی مام جەلال بیر ھاتەوە كە بە كاك مەلا بەختیاری گوت لێ گەڕێ با ئەو برادەرە قسەی خۆی بكات ئەوە لێی شێواوە و سەریشی لێ شێواوە، لێی گەڕێ با لە قسەی خۆی ببێتەوە، دواتر ئێمەش قسە دەكەین و بۆی ڕاست دەكەینەوە و دەیھێنینەوە ھۆش خۆی!