پرسى نیشتمان، له‌سه‌ر سفره‌ى هۆزەكان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پرسى نیشتمان، له‌سه‌ر سفره‌ى هۆزەكان

سیسته‌م و یاساكانى هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق، چ ئه‌وانه‌ى ڕابردوو، یان ئه‌و یاسا نوێیه‌ى بۆ ئه‌نجامدان و به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ده‌رچوون، گومانم نییه‌ به‌ ئامانجى كه‌مكردنه‌وه‌ى هه‌ژموونى حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ عێراق به‌شێوه‌یه‌كى گشتى و له‌ كوردستان به ‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌تى داڕێژراون. ئه‌و یاسا به‌ركاره‌ى ئێستا و ئه‌وانى ڕابردوو، حزبه‌ سیاسییه‌كانیان به ‌خواست یان دوور له‌ خواستى خۆیان بێ، خستووه‌ته‌ نێو بازنه‌ى ململانێیه‌كى سیاسی، كه‌ ناچاریان ده‌كات په‌نا بۆ هه‌ندێك ئامراز ببه‌ن، بۆ ڕاكێشانى ده‌نگ و به‌ده‌ستهێنانى ڕێژه‌یه‌كى زۆرى كورسى، بێگومان پاشه‌كشه‌ى گه‌وره‌ به‌ پرسى نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌كه‌ن.

به‌رده‌وامبوونى ئه‌م دۆخه‌ به‌و شێوه‌ى ئێستا و ملكه‌چبوونى حزبه‌ سیاسییه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كانیان، ڕه‌نگه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى دیكه‌ له‌ عێراق ئه‌وه‌نده‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنیى نه‌بێ، ئه‌وه‌نده‌ى بۆ نه‌ته‌وه‌ى كورد ده‌رهاوێشته‌ و لێكه‌وته‌ى خراپى هه‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دۆزى كورد تاوه‌كوو ئێستا له‌ چوارچێوه‌ى بزاڤى ڕزگاریخوازى نه‌ته‌وه‌یی خۆیدایه‌ و پێویستى به‌ یه‌كگرتوویی و ڕێبه‌رێكى نه‌ته‌وه‌یى هه‌یه‌، ببێته‌ خاوه‌نى هه‌موان، دوور له‌ بنه‌ما حزبییه‌كان، بۆ گه‌یاندنى دۆزى كورد به‌ كه‌نارێكى ئارام و سه‌قامگیر. ئه‌و ئامانجه‌ سیاسییه‌ش به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگى ده‌كرێ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانى به‌ئه‌زموون و لێزانى سیاسی.

بێگومان یه‌كێك له‌ بنه‌ما به‌هێزه‌كانى سه‌ركه‌وتنى پرۆژه‌ى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یی كورد، گه‌شه‌پێدانى هزرى نه‌ته‌وه‌ییە، كه‌ ئێستا له‌لاى تاكى كورد خه‌ریكه‌ به‌ جۆرێك كاڵ ده‌بێته‌وه‌، گه‌نجێكى كورد ئه‌وه‌نده‌ی خولیاى بۆ هۆزه‌كەی و ئاغاكەی هەیە‌، ئه‌وه‌نده‌ خۆشه‌ویستیى بۆ نیشتمانه‌كه‌ى نییه‌. ململانێى ناوچه‌گه‌ریه‌تیی نێوان هه‌رێمه‌كانى كوردستان، كه‌ له‌ ده‌ستكردى حزبه‌ سیاسییه‌كانى كوردستانه‌، باشترین وێنه‌ى ئه‌و باسه‌ن.

زه‌قكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى هۆز و هێنانه‌پێشه‌وه‌ و گرنگیدان به‌ ڕۆڵیان له‌نێو كایه‌ى سیاسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیدا، فاكته‌رى هه‌ره‌ سه‌ره‌كیین بۆ كاڵبوونه‌وه‌ى بیرى نه‌ته‌وه‌یی، زۆر لەوانەی له‌ ده‌ورى هۆز و ئاغایەكى دیاریكراو كۆبوونه‌تەوه‌ و دۆزى نه‌ته‌وه‌ییان له‌ جوگرافیایه‌كى دیاریكراو چڕ كردووه‌ته‌وه‌، قۆناغێكى دوور و درێژى خه‌بات و تێكۆشانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه‌ قوربانیی گه‌وره‌ى له‌پێناویدا به‌خشرا، له‌ چوارچێوه‌ى جوگرافیا و ئابوورییه‌كى هاوبه‌ش دوور خستووه‌ته‌وه‌.

مسته‌فا بارزانى، ڕێبه‌رى كورد له‌ ماوه‌ى نێوان ساڵانى 1943 - 1979، زیاتر له‌ 30 ساڵ ته‌مه‌نى خه‌باتى خۆى له‌پێناو پێكانى ئه‌و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ سه‌رف كرد. ئه‌وانه‌ى سیفه‌تى كارێزمابوون ده‌به‌خشنه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌، گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ڕۆڵى ئه‌و له‌ تواندنه‌وه‌ى بیرى هۆزگه‌رایی و بنه‌ماڵه‌ له‌ سیسته‌مى سیاسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردستاندا. بارزانیى نه‌مر به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سیستەمی كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى، كارى له‌سه‌ر بنیاتنانى نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى كوردی پابه‌ند به‌ نیشتمانێك كرد كه‌ هه‌موانى تێدا خاوه‌ن ماف و ئازادى بێ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش حزبى سیاسیى له‌ شوێنى بنه‌ماڵه‌ و هۆز و عه‌شیره‌ت دامه‌زراند و پلۆرالیزمى سیاسیى له‌نێو بزاڤى ڕزگاریخوازى كوردستان هێنایە كایه‌وه‌، ئاغا و جووتیار و سه‌رمایه‌دار و كرێكار و ئه‌ندازیار و پیشه‌گه‌ران و گوندی و شاریی له‌ بازنه‌ى ڕێبازى كوردایه‌تیدا كۆ كردنه‌وه‌، به‌ ئامانجى به‌دیهێنانى دیموكراتیه‌ت و ده‌سته‌به‌ركردنى ئازادییه‌كانى تاك و ئازادییه‌كانى دیكه‌. به‌ ئومێدى گه‌یشتن به‌ مافه‌ سروشتییه‌كانى گه‌لى كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌.

ئێستا خه‌ریكه‌ ئه‌و شۆڕشه‌ى سیسته‌مى فیودالیى له‌ كوردستان به‌ ئامانج گرت له‌پێناو گه‌شه‌پێدانى هزرى نه‌ته‌وه‌یی، پاشه‌كشه‌ى گه‌وره‌ ده‌كات. له‌ كاتێكدا هێشتا نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌و كه‌ناره‌ ئارامه‌ى بارزانیى نه‌مر به‌ ئامانجى گرتبوو و گه‌وره‌ترین شۆڕشى له‌ مێژووى هاوچه‌رخى كورد له‌پێناویدا هه‌ڵگیرساند. به‌ شێوه‌یه‌ك خواستى سیاسیی سه‌ركرایه‌تیی حزبه‌ كوردییه‌كانى ئه‌مڕۆ، خه‌ریكه‌ ئه‌و ئامانجه‌ به‌هاداره‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ى تێپه‌ڕێنێ و له‌ بۆته‌ى چه‌ند كورسییه‌كى په‌رله‌مانى چڕى بكاته‌وه‌ و ڕێباز و فه‌لسه‌فه‌ى سیاسیى خۆى بخاته‌ خزمه‌تى.

حزبه‌ سیاسییه‌كان، خه‌ریكه‌ ده‌بنه‌ پاشكۆى هۆزه‌كان. جارێكى دیكه‌ خه‌ریكه‌ ده‌مانگێڕنه‌وه‌ سه‌رده‌مى میرنشینه‌كان و پاشه‌كشه‌ به‌ دۆزى نه‌ته‌وه‌ییمان بكه‌ن. بێگومان هه‌ر كاتێك به‌رژوه‌ندییه‌ حزبییه‌كانیان چوونه‌ سه‌رووى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، ئیراده‌یه‌ك نامێنێ بۆ به‌دیهێنانى ئه‌و ئامانجه‌ سیاسییانه‌ى سه‌دان ساڵه‌ نه‌ته‌وه‌ى كورد خه‌باتى له‌پێناو ده‌كات.

پرۆسه‌ى سیاسى له‌ باشوورى كوردستان، به‌ درێژایی 500 ساڵى ڕابردوو، ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌مڕۆ په‌رته‌وازه‌ و لێكتر دابڕاو نه‌بووه‌، هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌شى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌سازانى حزبه‌ سیاسیه‌كان و په‌نابردنیانه‌ بۆ به‌شێك لەو ئاغا و‌ هۆزانەی به‌ درێژایی ته‌مه‌نى خۆیان له‌و نیشتمانه‌، هه‌میشه‌ دارده‌ست و به‌كرێگیراوى ڕژێمه‌ داگیركه‌ره‌كانى خاكى كوردستان بوونه‌ و له‌ سه‌نگه‌رى دژ به‌ جووڵانه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى كورد و شۆڕشگێڕ و خه‌باتگێڕاندا بوون. به‌ڵێ حزبه‌كان خه‌ریكه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشاییه‌ سیاسییه‌كان، هۆزه‌كان بكه‌نه‌ ده‌مڕاست و مه‌سه‌له‌ى كورد و نیشتمانه‌كه‌ى له‌سه‌ر مێز و سفره‌ى سیاسیی ئه‌وان له‌قاڵب بده‌ن. حزبه‌ سیاسییه‌كان ڕه‌نگه‌ بتوانن تاوه‌كوو ڕاده‌یه‌ك سوود له‌و هۆزانه‌ وه‌ربگرن و به‌شێك له‌ ئامانجه‌ سیاسییه‌ كورتمه‌وداكانیان بپێكن. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانن له‌ ئه‌گه‌رى هه‌ڵكشانى هه‌ژموونى هۆزه‌كان، مانایه‌ك بۆ مانه‌وه‌ى حزبى سیاسی و پرسى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی كوردى نامێنێ و ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ خاڵى سه‌ره‌تا و ده‌بێ ده‌ست به‌ دامه‌زراندنى میرنشینه‌كان بكه‌ینه‌وه‌ به‌ مۆدێلێكى نوێ به‌ ناوى لامه‌ركەزییه‌تى ئیدارى له‌ كوردستان.