كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

یۆنسکۆ: ٢٤ زمان لە ئێران مەترسیی فەوتانیان لەسەرە

بەپێی نوێترین ڕاپۆرت کە ڕێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە، هەموو دانیشتوانی جیهان بە ٦٠٠ زمان قسە دەکەن و بو گوتەی یۆنسکۆ بەشێکیان هەتا کۆتایی ئەم سەدەیە لەناو دەچن.

لە ڕاپۆرتەکەی یۆنسکۆدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٢٤ زمان لە ئێران ڕووبەڕووی قەیران بوونەتەوە و مەترسیی فەوتان و لەناوچوونیان لەسەرە و هاوکات لە ساڵانی ڕابردووشدا دوو زمان لە ئێران بەتەواوەتی لەناو چوون، بەڵام ئاماژە بەو دوو زمانە نەکراوە.

بەپێی زانیاری و داتاکانی یۆنسکۆ لەناو ئەو شێوەزارانەی ئێران کە مەترسیی لەناوچوون و فەوتانیان لەسەرە دەکرێ ئاماژە بە "خانساری، سمنانی هەورامی، ئاشتیانی، قەشقایی، نەتەنزی، نائینی، ئاراسی، جیدی، گیلەکی، گەزی، دەری زەردەشتی و..." بکەین.

لە ڕاپۆرتەکەی یۆنسکۆدا هاتووە بەشێک لەو شێوەزارە ناوچەییانە بەهۆی هەژموونی و باڵادەستیی زمان و فەرهەنگی فارسییەوە، تەنیا پیر و بەساڵاچووەکان دەیانزانن و ئیتر منداڵان و نەوەی ئەمڕۆ فێریان نابن.

باسی لەوەش کردووە لە چوارچێوەی جوگرافیایی ئێراندا چەند شێوەزارێک بە یەکجاری فەوتاون.

بە گوتەی چالاکوانانی فەرهەنگی و شارەزایانی زمان، لەبەر ئەوەی بەپێی یاساکانی ئێران لەو وڵاتە لە سیستەمی پەروەردە و خوێندن لە ئاستە جیاجیاکاندا تەنیا زمانی فارسی باڵادەستە و زمانەکانی دیکەی وەک "کوردی، تورکیی ئازەری، تورکمەن، بەلووچی و عەرەبی" بە فەرمی مافی خوێندنیان نییە، بۆیە مەترسی لەسەر فەرهەنگ و ناسنامەی هەموویان هەیە.

بەڵام زمانی کوردی بەهۆی ئەوەی خاوەنی تایبەتمەندی و خەسڵەتی جیاوازە و بە دووەمین زمانی بەرهەمهێنەری ئەدەب و زمان لە ئێران دێتە ئەژمار، گەشەی زۆری کردووە و نووسەر و توێژەرانی کولتووریی ئەم زمانە چالاکن و بە شێوەزارەکانی کورمانجیی سەروو، سۆرانی هەورامی، کەلهوڕی لەکی و فەیلی بە هەزاران پەرتووک لە بواری جیاجیاکاندا چاپ کراوە و بە دەیان فەرهەنگی جیاواز لە بوارە جیاجیاکان بە زمانی کوردی هاتووەتە بەرهەم و مەترسیی فەوتان و لەناوچوون لەسەر زمانی کوردی کەمترە.