(کورتەبنەی سیاسی).. سەرەکیترین هەڕەشە بۆ وەدیهاتنی خەونی کورد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ئاسۆ فەتاح 29/05/2021

(کورتەبنەی سیاسی).. سەرەکیترین هەڕەشە بۆ وەدیهاتنی خەونی کورد

کاتێک لە ٢٠١٤وە و پاش سەرهەڵدانی هەڕەشە و دواتر هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرکردایەتیی کوردستان (یان کۆمیتەی نافەرمیی سەرکردەکانی حزب و لایەنە سیاسییە سەرەکیەکانی هەرێمی کوردستان) توانی بە یەکگرتووییەکی کەموێنە و یەکخستنی هێز و توانای سیاسی و سەربازی، نەك تەنیا قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزێت، بەڵکوو بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بگەڕێنێتەوە بۆ سەر کوردستان، زەنگی مەترسی لە پایتەختی وڵاتانی دژ بە کوردستانێکی بەهێز لێ درا.

بەڵام کاتێک سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی نزیکی کورد، لەسەر دیاریکردنی ئاراستەیەک بۆ وەدیهێنانی خەونی گەلی کوردستان لە باشوور یەکڕا بوون و زایەڵەی ئەو هاودەنگیە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بیسترا و پاڵپشتیی لێ کرا، بابەتی کورد بووە سەرەکیترین دڵەڕاوکێی سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە و خاڵی یەکگرتنیان، تەنانەت لە کاتێکدا ئەوان لەسەر داعش و چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشەیە ناکۆک بوون.

لێرەوە، داڕشتنی سیاسەتێک بۆ لەباربردنی کۆرپەلەی سەربەخۆیی کوردستان، گرینگیەکی تایبەتی پێدەدرا. ئەزموونی سەرکەوتووی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژی داعش و هەروەها پێشخستنە تاکتیکتیەکانی ئەو هێزە لەلایان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەر هیوایەکی بۆ سەرکەوتووبوونی هێرشی سوپای عێڕاق بۆ سەر کوردستان ڕەواندووەوە، ترسی پاڵپشتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوسۆزی بۆ هەرێمی کوردستان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، لەبەردەم هێرشی سوپای ئەو وڵاتانە بۆ سەر کوردستان ڕێگر بوو، بۆیە دۆزینەوە و پڕڕەنگکردنی کێشەیەکی ناوخۆیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێفراندۆم، بووە ئۆپشنی یەکەم و سەرەکیی دەزگا هەواڵگری و سەربازیەکانی ئەو وڵاتانە.

بە دڵنیابوون لە ڕەتکردنەوەی ئەو پیلانە لەلایان سەرکردەکانی ئەوکاتی هێز و لایەنە کوردستانیەکان، بە گۆڕینی گۆڕەپانی یاریەکە و لێدانی چەخماخەی ناکۆکی لە سەرکردایەتیی دووەم هێزی سیاسی و سەربازیی کوردستان پیلانەکەیان خستە واری جێبەجێکردنەوە.
بەڵام کەسانی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی ئەو پیلانە، خاوەنی هیچ پێشینەی شۆڕشگێڕی و نەتەوایەتی و پێگەی سیاسیان نەبوون، ئەوەش ئەوەندەی هاوڕاکردنیانی بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکە ئاسان دەکرد، بەڵام گەیاندنی ئەو کەسانەی بۆ لوتکەی سیاسیی کوردستان کە بتوانن ڕۆڵی دیاریکراو بگێڕن زەحمەت دەکرد، بۆیە ناچار بوون لە ژێری مێزی سیاسەتی کوردستان بدەن و بنەماکان بگۆڕن. ئەوان مانیفستێکی نوێیان داڕشت کە دەكرێ پێی بڵێین (کورتەبنەی سیاسی). واتا کەسانێک هیچ بنەیەکی سیاسی و شۆڕشگێڕییان نیە و هیچ دڵسۆزیەکی پیشەیییشان بۆ ئەو بابەتانە نیە، بەڵام لەناکاو و بەپاڕاشۆت لە لوتکەی سیاسی حزبێک، هێزێک یان وڵاتێک دادەندرێن و ئەوان بە دروشم و شێواندنی بنەما سیاسییەکان هەوڵ دەدەن خۆیان پیشان بدەن کە ببیندرێن و هەروەها ڕۆڵ ببینن.

لەو مەکتەبە نوێیە، بۆ بێدەنگکردنی نەیار و ڕکابەرەکان، شێوازەکانی ماکیاڤێلیستی ڕەچاو دەکرا، وەک ئەوەی بەڕەحمەت بێت دکتۆر نەجمەدین کەریم باسی دەکات، سێ ساڵ بوو ڕکابەرەکانیان لە حزبەکەی خۆیان بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دەنگ و ڕەنگیان دەترساند. فرۆشتنی کەرکووک و خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبر، سەرەتای دەرکەوتنی جدیی ئەو بیرۆکەیە بوو. بەڵام ئەوان لەبەرامبەر ڕەخنەی هەڤاڵەکانی ناو حزبەکەی خۆیان و سەرکردەی حزبەکانی دیکە و کۆمەڵانی خەڵک، زمانی بێڕێزی بە ئۆستوورەکانی کورد و لەژێرپێنانی هەموو بنەماکانی سیاسەتیان گرتە بەر، تا ڕادەیەک بە کەسانی (کاڵفام) ناوبانگیان دەرکرد.

لێرەوە دیار بوو کە داهاتوو وەک ڕابردوو نامێنێت. ئاستی گۆڕانکارییەکانی چاوەڕوان دەکران، وەک ڕۆیشتن لە جیهانێک بۆ جیهانێكی دیکە بوو. لە شێوازی دیاریکراو بۆ (کورتەبنەی سیاسی) لە کوردستان، ژێرپێخستنی هەموو پیرۆزیەکانی گەلی کورد، یەکەم ئەولەویەتە. ئەوان نە تەنیا تابووی خاک فرۆشتن و خیانەتیان شکاند، بەڵکوو زۆر بە بێشەرمی دەهاتنە بەر کامێرا و چۆنێتیی ئەو خیانەتەیان بۆ خەڵک شی دەکردەوە و پاساویان بۆ دێناوە. لەو بیرۆکەیە، بە بێبنەماکردنی کۆمەڵگا و بایەخەکانی، ڕێگا بۆ دەرکەوتن و ناسینی ئەوان خۆش دەکرێت و ئەوان دەتوانن ڕۆڵی سەرکردە بگێڕن، لانی کەم بۆ بەشێک لە کۆمەڵگا، چون لە کۆمەڵگای ڕەسەن، ناتوانن خاوەن هیچ پلەیەک ببن، هەر بەو جۆرەی پێش ٢٠١٧ كە هیچ نەبوون.

رێبازی (کورتەبنەی سیاسی) ئەوەندەی کە بێمتمانەیە بە خۆی و توانای سەرکردەکانی کە ناتوانێت بە یەک سەرکردە حزبەکەی بەڕێوە ببات، ئەوەندەش تۆتالیتەیە و هەموو شتێکی تەنیا بۆ خۆی و لە بەرژەوەندیی خۆی دەوێت. ئابووری، بازرگانی، سیاسەت و تەنانەت قاچاخچێتیش دەبێت لە خزمەت ئەودا بێت و تەنیا بۆ ئەو بێت. هەڵبەت ئەو رێبازە هێندە کورتبینە کە تەنانەت تا سەر لووتی نابینێت و تەنیا بەرژەوەندیی تاکەکەسی و کورتمەودا بۆی گرینگە و خەمی ستراتیج و داهاتووی نیە.

لە سیستەمی (کورتەبنەی سیاسی)، ئەگەر حکوومەت و دامەزراوەکان لە بەرژەوەندیی کەسە کورتەبنە سیاسییەکە و بۆ دەرخستنی ئەو بڕیار نەدەن، دەکەونە بەر هێرشی بەردەوام و تەنانەت ڕێگا لە هەر بڕیارێکی حکوومی و تەنانەت پێویست بۆ تەندروستیی گشتی دەگیرێت، چ وەرگرتنی باج بێت یان کەرەنتین یان بەستنی دەمامک.

(کورتەبنەی سیاسی)، بەردەوام بە زمانی هێرش و هەڕەشە لەگەڵ حزبەکانی دیکە دەدوێت، گوتاری توند و پۆپۆلیستی لێ دەدات و گەرمایەکی درۆیین دێنێتە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانەوە و ناکۆکی لەنێوان چین و نەتەوەکان و شارەکاندا زیاد دەکات، ئەو بە شارچێتی و بوختان و هێرشی ناڕەوا، هیوای هەیە هەستی گەنجان ببزوێنێت و پێگەیەک بۆ خۆی دیاری بکات. هەڵبەت (کورتەبنەی سیاسی) زیاتر لەوەی پۆپۆلیست بێت، هەوڵ دەدات بە گومڕاکردنی کۆمەڵگا خۆی وەک سەرکردەیەک پیشان بدات.

لەو ڕێبازە، ئەگەر بە فیلم یان لێدوان و هەر شێوازێک هێرش بکرێتە سەر پیرۆزیەکان و بنەماکانی کۆمەڵگا، تەنانەت لە دژی ئازایەتی و قەداسەتی پێشمەرگەش بێت، ئەو وەدەنگ نایات، چون خۆی بە خاوەنی ئەو پیرۆزییانە نازانێت و لە ڕێبازی ئەو، دەبێ ئەوانە هەموو بفەوتێن و ئەو بە دەستی خۆی جارێکی تر دایڕێژێت، هەڵبەت لە بەرژەوەندیی خۆی.

هێرشی نوێی ئەندامانی ئەو رێبازە، لە دژی حکوومەت و سەرکردایەتیی کورد و سیمبول و موقەدەساتی کوردستان هەموو هەنگاوی یەک لە دوای یەکی ئەو مانیفستەن. ئەوان هەستی لایەنی بەرامبەر بریندار دەکەن تاکوو وڵامی توند وەرگرن و وڵامی توندتر بدەنەوە و سایکلێکی هەڵەی هێرش و بێڕێزی دەست پێبکەن کە دڵنیان تێیدا سەرکەوتوو دەبن، چون تەنیا لەو بوارە لێزانن. هەڵبەت وەڵامی توندی لایەنی بەرامبەر، ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ یاریی نوێی ئەوان و ڕاکێشانی کەسانێکی زیاتر بۆ لای خۆیان.

هەڵبەت شایانی ئاماژەیە کە دیاردەی کەسانی ناو ئەو رێبازە، بێوەفایی و ئەمەکنەناسیە، کە چۆن بۆ سەرکردەکانی کورد و شۆڕشی کوردی نیانە و بە هێرشکردنی سەریان هەوڵ دەدەن پێگەیەک بۆ خۆیان دیاری بکەین، درەنگ یان زوو هێرش دەکەنە سەر ئەو کەسانەی ئەوانیان هێناوەتە سەر کار و یارمەتیان داون بۆ گەیشتن بەو جێگەیە، چون نایانەوێت کەس ئاگاداری خاڵە لاوازەکانیان بێت.

(کورتەبنەی سیاسی) لە کوردستان لە سەرەتای خۆیەتی، ئەو رێبازەی ئەگەر بەخێرایی لەلایان کەسانی خاوەن هەست و خۆشەویستی بۆ کوردستان و حزبەکەیان چارەسەر نەکرێت، لە هەنگاوەکانی دواتر کێشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی شەرعیی هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات، دووبەرەکیی زیاتر دەخاتە ناو کۆمەڵگای کوردستان و پەرە بە شارچێتی دەدات. (کورتەبنەی سیاسی)، ڕێگر دەبێت لە هەر دەسکەوتێکی کورد لە داهاتووی نزیک و هێندە ناوخۆی کوردستان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات کە لە هەر پێشکەوتنێکی سیاسی و ئابووری دووری دەکاتەوە و تەنانەت بۆ بەرژەوندیی کورتمەودای خۆی، ئامادە دەبێت کوردستان بگەڕێنێتەوە پێش ١٩٩١ و سەردەمی ئەنفال و کیمیاباران.

لێرە بەدواوە، هەرچەند لایەنەکانی بەرامبەر بە (کورتەبنەی سیاسی) بە ژیری هەنگاو بنێت، چ لەناو حزبەکەی خۆیان یان لەناو پارێزگاکانی ئەوان خاوەن دەسەڵاتی سەربازیین یان بەگشتی لە هەرێمی کوردستان، ئەوان کێشەی زیاتریان بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانیان و گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەبێت و بە پێچەوانە هەر جۆرە کەوتنێک بۆ ناو بۆسەی ئەو سیستەمە، وەک سووتەمەنی وایە بۆ بزوێنەری (کورتەبنەی سیاسی) و یارمەتیدانی بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی.