كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەسەد: هەڵبژاردنەوەم بە مانای پێناسەکردنەوەی نیشتمانپەروەری دێت

سەرۆکی رژێمی سووریا سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رژێمی سووریا بە دووبارە پێناسەکردنەوەی نیشتمانپەروەری هەژمار دەکات.

رۆژی 26-5-2021، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رژێمی سووریا لە شارەکانی ئەو وڵاتە و هەردوو شاری قامیشلۆ و حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، بەڕێوە چوو.

لە هەڵبژاردنەکەدا هەردوو کەسایەتیی نەناسراوی سووریا (عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا و مەحمود مەرعی) تێیدا رکابەریی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمیان دەکرد، لە ئەنجامیشدا، کە رۆژی پێنجشەممە 27-5-2021 دەرچوو، ئەسەد وەک چاوەڕوان دەکرا، زیاتر لە 95%ـی دەنگەکانی بەدەست هینا.

بەشار ئەسەد لە یەکەم وتاریدا دوای سەرکەوتنی و بوونەوەی بە سەرۆکی رژێمی سووریا، رایگەیاند: ”بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی من، دووبارە پێناسەی نیشتیمانپەروەریتان کردەوە“.

سەرۆکی رژێمی سووریا، کە بەپێی دەستوور حەوت ساڵی دیکەش سەرۆکایەتیی رژێمەکەی دەکات، لایەن و میلیشیا دژبەرەکانی خۆی بە ”مانگا“ ناوبردووە و رایگەیاندووە: ”جیاوازیمان وەک شۆڕشگێڕێکە کە شەرەفی لێدەبارێ، لەگەڵ مانگایەکە کە ئالیک دەخوات“.

بەشار ئەسەد رێژەی زۆری بەشداریکردنی هاووڵاتییان، کە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، زۆریی رێژەکە لە ترسی نانبڕین و دەستگیرکردن بەرز بووە، بە ”باڵاترین پلەی خۆشەویستیی نیشتمان“ لەلایەن هاووڵاتییانی سووریاوە، هەژمار کردووە.

بەشار ئەسەد، لەدایکبووی 1965، لە رۆژی 17-7-2000ـەوە و دوای کۆچی دوایی حافز ئەسەدی باوکی، کە سەرکۆماری سووریا بوو، بووەتە سەرۆکی رژێمی سووریا و تا ئێستا لە چوار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، زۆرینەی رەهای دەنگەکانی بەدەست هێناوە.