شوێنەوارە شێوێندراوەکەی دەربەندی گاور
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شوێنەوارە شێوێندراوەکەی دەربەندی گاور

 

لە چەند رۆژی رابردوودا شوێنەوارێکی دەگمەن و دێرینی کوردستان لە لایەن چەند کەسانێکەوە دەستدرێژی کراوەتەوە سەری و بەر هێرشی فیشەک و گوللە کەوتووە و گشت پەیکەرەکە و بە تایبەت بەشی دەموچاوی دووچاری شێواندن و تێکچوون بووە.

ئەم کارە دەستدرێژییە کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو وێنەی لێگیڕاوە و لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە یەکەمجار لە لایەن چەند فەرمانبەرێکی بەشی پشکنینی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی کە بۆ ئەرکی سەردانکردن و چاودێری کردنی شوێنەوارەکان سەردانی ئەم شوێنەوارەیان کردووە، بینراوە و وێنەی لێگیراوە.

نەوشیروان عەزیز یەکێکە لەو فەرمانبەرانەی کە لە کاتی سەردانەکەیان وێنەی ئەو شوێنەوارەی گرتووە و لە پۆستێکی فەیسبووکدا داوای بە هانا هاتن لە بەرپرسە حکوومی و شوێنەوارییەکانی کردووە و سەبارەت بە هۆکارە تێکدەرەکانی شوێنەوار دەڵێ: "بە شێوازێکی گشتی دوو جۆر هۆکاری تێکدەری شوێنەواریمان هەیە یەکێکیان هۆکارە مرۆییەکانن و ئەوەی تریش هۆکارە سرووشتییەکان، ئەمجۆرە شوێنەوارانەش بە هۆی ئەو ژینگە تایبەتە سرووشتییەی کە تێیدان، لەبارترن بۆ زیاتر تێکچوون و شێواندن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم شوێنەوارانە بە هۆی ئەوەی راستەوخۆ بەر هۆکارە تێکدەرە سرووشتییەکان وەک با و باران و تیشکی خۆر دەکەون و هەروەها لەبەر ئەوەی لە شوێنێکی داخراو و پارێزراو نین بۆیە گەیشتنی خەڵکی ئاسایی و کە زۆربەشیان لە رووی شوێنەواری و مێژووی هۆشیارییان نییە ئاسانە و زوو دەکەونە بەر شاڵاوی تێکدان و دەستدرێژی لە لایەن هۆکارە مرۆییەکانەوە بۆیە بۆ پاراستنی ئەم شوێنانە کە بەرد نیگارەی لێیە لە هۆکارە تێکدەرە مرۆیی و سرووشتییەکان دەبێ بخرێنە ژێر چاودێری چڕ بۆ ئەوەی بکەری کارەکە بدۆزرێتەوە و هەروەها رێگڕی بکرێت لە ئەنجامدانی کاری هاوشێوەی دیکە و هەروەها بۆ زیاتر پاراستنی سایتە شوێنەوارییەکان لەم جۆرە کارانەوە دەکرێ پۆلیسی شوێنەواری تایبەت بۆ سایتە شوێنەوارییەکان دابنرێت".

نەوشێروان ئاماژە بە هەنگاوە باشەکەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی دەکات و دەڵێ: "بۆ چارەسەر کردنی هۆکارە تێکدەرە سرووشتییەکان بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی لە چەند ساڵێ رابردوو هەستاوە بۆ درووستکردنی لێوارێکی تایبەت بۆ نەرێژانی ئاوی باران بەسەر شوێنەوارەکە، بەڵام ئەمە تەنها چارەسەر نییە و هۆکارە مرۆییەکان زیاتر و خێراتر شوێنەوارەکانمان لێ تێکدەدەن".

هەڵکەوتەی جۆگرافی شوێنەواری بەرد نیگارەی دەربەندی گاور دەکەوێتە ٤٧ کیلۆمەتری شاری سلێمانی و لە باشووری رۆژئاوای قەزای قەرەداغ و نزیکەی ١٨٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە دوورە و دەکەوێتە ناوەندی دەربەندەکە و رووی لە باکوورە. ئەم تابلۆ میژووییە لە ناو چوارچێوەیەکی ناڕێک درووستکراوە و نەخشی جەنگاوەر یان پاشایەکی تێدا نەخشێنراوە کە بەسەر دوژمنەکەی سەرکەوتووە. لەم نەخشە وێنەی جەنگاوەرەکە زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر کراوە و دووان لە دوژمنەکانی کەوتوونەتەوە ژێر پێی و پاشا یان جەنگاوەرەکە کە لە دەستی راستی تەورێکی پێیە و کەوانێکیش بە دەستی چەپییەتی.

جووتیار ئەحمەد ماستەر لە شوێنەوار و پسپۆر لە سەردەمی پێش مێژوو_چاخی حەلەف لە زانکۆی هایدلبێرگی ئەلمانیا لە بارەی هۆکاری زیادەرۆیی و تێکدانی سایتە شوێنەوارییەکان لە کوردستان دەڵێ: "هۆکارە سەرەکییەکە بۆ کەمتر خەمی حکوومەت و بەرپرسە باڵا دەستەکانی شوێنەوار دەگەڕێتەوە چونکە وەک سامانیکی نەتەوەیی مامەڵە لەگەڵ شوێنەوار ناکرێت، هەروەها کەس لەسەر تاوانی دەستدرێژی لەسەر سایتە شوێنەوارییەکان سزا نادرێت و کێشەکە بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر دەکرێت بۆیە خەڵک ترسی سزادان و گرتنیان نییە لەو بابەتەوە. هۆکاری دووەمی روودانی ئەمجۆرە تاوانانە نەبوونی هۆشیاری شوێنەواری و مێژووییە لای خەڵک، کاتێک خەڵک ئاگاداری گرنگی و چۆنییەتی پاراستنی شوێنەوارەکانی نەبێت دەبێ رۆژانە چاوەڕێی روودانی ئەمجۆرە رووداوانە بین".

لە کوردستان لەبەر نەبوونی یاسای شوێنەواری کوردستانی زۆرجار دووچاری گرفتی جێبەجێ کردنی سزا لەسەر بکەرەکانی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە دەبین، بەڵام لە ماوەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان هەستا بە پەسەندکردنی پرۆژە یاسای شوێنەواری کورستانی کە سزای زۆر تووند بۆ ئەم جۆرە کەسانە دیاری کراوە کە دەستدرێژی دەکەنە سەر سایتە شوێنەوارییەکان و سزاکەش پێبژاردنی بری یەک ملیۆن دولارە.

بە گوتەی کەیفی عەلی بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری کوردستان لە ئێستادا سزای ئەم جۆرە کەسانە کە دەستدرێژی دەکەنە سەر شوێنەوارەکان بە پێی یاسای شوینەواری عێراقی مادە ٥٧ ماوەی سێ ساڵ زیندانی کردن و بری نزیکەی سێ ملیۆن دینار پێبژاردنی مادییە.

بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری کوردستان دەڵێ: "ئەم برە سزای ماددی و زیندانی کردنە بۆ کاری دەستدرێژی کردن لە سەر شێنێکی شوێنەواری زۆر کەمە و تەنانەت دەکرێ سزاکە بە گوێرەی حەجمی ئەو زەرەر و زیانەی بەر شوێنەوارەکە کەوتووە دەستکاری بکرێت".

بە هۆی ئەوەی ئەم شوێنەوارە هیچ بەردنووسراو و تێکستێکی کۆنی لەگەڵ نییە دیاری کردنی سەردەمە مێژووییە راستەقینە و تەواوەکەی کەمێک ئەستەمە بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم شوێنەوارە لە سەرەتاوە بە پەیکەری نەرامسینی ئەکەدی ناسراوە بۆیە لای خەڵکیش هەر بەوە ناسراوە بەڵام نزیکترین بۆچوون ئەوەیە کە ئەمە نەخش و وێنەی یەکێک لە پاشاکانی بنەماڵەی ئوری سێیەمی سومەرییە، هۆکاری دەستنیشان کردنی ئەم قۆناغە مێژووییەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سەرچاوە کۆنەکان باس لە کۆمەڵێک لەشکەرکێشی و سەرکەوتنی بنەماڵەی ئوری سێیەمی سوومەرییەکان دەکەن بۆئەو ناوچەیە بۆیە ئەگەری زۆرە ئەم بەرد نیگارە شوێنەوارییە بۆ ئەو سەردمە بگەڕێتەوە.

شوێنەوارناسی ئەڵمانی (ئەنتون مورتگارت) پاش لێکۆڵینەوە و وورد بوونەوە لەسەر شێوازی جلوبەرگ و ستایلی ریش و کڵاوی پاشاکە گەیشتە ئەم بۆچوونە کە ئەم شێوازی هەڵکۆلێنی سەر بەردە لە شێوازەکانی سەردەمی پاشاکانی سومەری بە تایبەت پاشا (شولگی- ٢٠٩٤ پێش زایین) کە سەر بە بنەماڵەی ئوری سێیەمە، نزیکە.