كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دەستەی ژینگە: کارگەکانی چەو و لم و بلۆک زیان بە ژینگە دەگەیەنن

بەرپرسێکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، کارگەکانی چەو و لم و بلۆک بەشێوەیەکی نایاسایی کار دەکەن و زیان بە ژینگە دەگەیەنن.

ئەحمەد محەمەد، گوتەبێژی دەستەی ژینگە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "کارگەکانی چەو و لم و بلۆک بەھۆی ئەوەی لەسەر رووبارەکان دانراون زیانێکی زۆر بە ژینگە و خاک و ئاو دەگەیەنن و کاریگەری نەرێنییان ھەیە لەسەر سروشتی ئەو شوێنە و سەوزایی و زیندەوەرەکانی ناو ئەو ئاوە و بەشێکی زۆریشیان بەشێوەیەکی نایاسایی کار دەکەن".

گوتیشی: "ئێمە بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو شێوازی کارکردنە نین و نووسراویشمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، چونکە کارگەکان سەر بە ئێمە نین و سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانن و داوامان لێکردوون بەزووترین کات لەسەر رووبارەکان دوورکەونەوە و چارەسەر ئەوەیە کە ئێمە چەمی وەرزیمان ھەیە و ئەو کانانە پێویستە لەسەر چەمە وەرزییەکان کار بکەن نەک لەسەر رووبارەکان".

راشیگەیاند: "ئێمە لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە ھیچ مۆڵەتێکمان نەداوە بەو کارگانە و بەشێکی زۆریان مۆڵەتیان نییە، یاخود مۆڵەتەکانیان کاتی بووە و نوێیان نەکردۆتەوە و ئێمە رێپێدانیشیان بۆ ناکەین، چونکە کاریگەری خراپ لەسەر ژینگە دروست دەکەن و ژینگەی رووبارەکان دەشێوێنن".