پارتە سیاسییەكانی باكووری کوردستان بەسەر چەند بەرەدا دابەش بوون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پارتە سیاسییەكانی باكووری کوردستان بەسەر چەند بەرەدا دابەش بوون

لە باكووری كوردستان، زیاتر لە١٠ پارتی سیاسیی كوردی چالاکن، بەڵام ئەو پارتە سیاسییانە لەگەڵ یەكتری ناكۆكن و هەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە هەڵبژاردنەكاندا بە یەك لیست بەشداری بكەن و دژایەتی یەكتری دەكەن و بەسەر چەند بەرەدا دابەش بوون.

سەرەكیترین پارتی كوردی لە توركیا، پارتی دیموكراتی گەلان (HDP)یە، لە هەموو هەڵبژاردنێكیشدا زۆرترین دەنگ لەناو پارتە كوردییەكان بەدەست دەهێنێت، بەڵام نەیتوانیوە پارتە كوردییەكان لەژێر یەك چەتردا كۆ بكاتەوە.

هەندێك لەو پارتە سیاسییانە لە لایەن پارتی دەسەڵات، پارتی داد و گەشەپێدانەوە (AKP)وە هاوكاری دەكرێن، تا لە هەڵبژاردندا دەنگی كوردەكان پەرتەوازە بكەن، بەڵام بەشێكی تریان بێلایەنانە كار دەكەن و هیچ پاڵپشتییەكی حكوومەتی توركیایان لە پشت نییە.

عەلی دەمیر، قوتابیی ماستەر لە بواری سیاساتی نێودەڵەتی، لەمبارەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "یەكدەنگیی پارتە كوردییەكان لە باكووری كوردستان زۆر گرنگە، بەڵام ئەو یەكدەنگییە نەبووەتە كردار و ئەگەر لە باكووری كوردستان، پارتە كوردییەكان یەك لیستیان هەبێت، بێگومان بە هێزەوە دەچنە ناو هەڵبژاردن، تەنانەت ئەو پارتانەی ناتوانن كورسییەكیش بەدەست بهێنن، گرنگە لە چوارچێوەی یەك لیستی كوردیدا بێنە ناو هەڵبژاردنەوە، چونكە لەڕووی مەعنەوی و لەڕووی پێگەشەوە بۆ كورد گرنگە".

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨، هەدەپە هەوڵی جیدی دا تا بتوانێت پارتە كوردییەكان لەژێر یەك چەتردا كۆ بكاتەوە و بەیەكەوە بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، بەڵام هەوڵەكەی سەركەوتوو نەبوو لەوەی هەموو پارتەكان كۆ بكاتەوە، چونكە بەشێك لە پارتە سیاسییەكان گوتیان نایەنە ناو هاوپەیمانییەكەوە.

لە توركیا دوو هاوپەیمانیی زۆر گرنگ هەیە، یەكێكیان هاوپەیمانی (كۆماری)یە، لە نێوان پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (MHP)دا. هاوپەیمانیی دووەمیش لە نێوان پارتی گەلی كۆماری (JHP) و پارتی باش و پارتی سەعادەتە.

هەردوو هاوپەیمانییەكە ئامادە نین هیچ پارتێكی كوردی بخەنە بەرەی خۆیانەوە و پارتە كوردییەكانیان بەتەنیا بەجێ هێشتووە.

یەشیم محەممەدئۆغلۆ كە پارێزەرێكی كورد لەمبارەوە ئەو پرسیارەی هێنایە بەرباس کە بۆچی پارتە كوردییەكانیش وەكوو پارتە توركییەكان هاوپەیمانییەتێك دروست ناكەن؟.

ئەو پارەزەرە کوردە بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "عەیبەیە پارتە توركییەكان بتوانن دوو هاوپەیمانیی گەورە دروست بكەن و ئامادە نەبن هیچ پارتێكی كوردی باكوور بخەنە ناو هاوپەیمانیی خۆیانەوە، كەچی كورد كە ٢٠ ملیۆنە لە توركیا زیاتر ١٠ پارتی سیاسییان هەیە و نەتوانن هاوپەیمانییەك پێك بهێنن تا بتوانن دەنگی باكووری كوردستان مسۆگەر بكەن".

پارتە كوردییەكان، بەردەوام لە هەڵبژاردنەكاندا بوونەتە پاشكۆی پارتە توركییەكان، لە نەوەدەكانەوە تاكوو ئێستا، پارتە كوردییەكان لەگەڵ پارتە توركییەكاندا هاوپەیمانییان دروست كردووە و نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك".

بۆیە دروستكردنی هاوپەیمانیی پارتە كوردییەكان لە هەڵبژاردنەكاندا، خەونی گەورەی باكوورییەكانە، بەتایبەت پارتە كوردییە موحافیزكارەكان كە پێگەی بەهێزیان لە باكوور هەیە، ئەوان ئەوەندەی خزمەتی پارتە توركییەكانیان كردووە، هیچ كاتێك لە پارتە كوردییەكان نزیك نەبوونەتەوە. هەدەپەش لەو ڕووەوە نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت، بەڵكوو زۆربەی هەوڵەكانی بۆ ئەوەیە، لە هاوپەیمانیی (میللەت)دا جێگەی خۆی بكاتەوە.