پەکەکە بۆ شنگال چۆڵ ناکات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەکەکە بۆ شنگال چۆڵ ناکات؟

لەسەرەوەی شاخی شنگال ماددەی هۆشبەر چێنراوە

لەدوای هاتنی داعش بۆ شنگال و کوشتوبڕکردنی ئێزیدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤، پارتی کرێکارانی کوردستان، (PKK)، بەناوی پارێزگاریکردن لە ئێزیدیەکان هاتە شنگال، بەڵام ئێستا ٨٥٪ی ئێزیدیەکان ئاوارەن و لەبەربوونی پەکەکە و حەشدی شەعبی ناگەڕێنەوە سەر ژیانی رابردوویان.

لەم بەدواداچوونەی (باسنیوز) دەرکەوتووە چەندین هۆکار مانەوەی پەکەکەی بە شنگال بەستوەتەوە کە هەندێکیان هەژموونی ئیقلیمی و بەشێکیان پەیوەندی بە بازرگانیکردنی قاچاخی بەرپرسانی پەکەکەوە هەیە.

ڕووداوی هاتنی داعش بۆ شنگال و ئەو کارەساتە تراژیدیەی بەسەر ئێزیدیەکاندا هات، بە دەرکردنی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کۆتایی نەهات، چیرۆکی مانەوەی پەکەکە لە شنگال ئێزیدیەکانی وەکو قوربانی بەردەوامی مانەوەی داعش لەو قەزایە هێشتەوە، چونکە ئێزیدیەکان دوای داعشیش نەیانتوانی بەهۆی بوونی پەکەکە و حەشدی شەعبی بگەڕێنەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە شنگال پەکەکە چەندین بارەگای هەیە هەر بارەگایەکی بەناوێکەوە کردووەتەوە و بەرپرسی تایبەتی خۆی بۆ داناوە، کە هەریەکەیان کاروبارێکی تایبەت بۆ قەندیل هەڵدەسوڕێنێ، هاوکات شاخی شنگالی لە چەندین شوێنەوە کونکردووە و تونێلی گەورەی تیادا لێداون کە بە ملیۆنان بلۆک و کەلوپەلی بیاناکردنی بۆ براوەتە ناوەوە کە بەهۆیەوە ئەزمەی گەورەی نەبوونی بلۆک و کەلوپەلی بیناسازی لە قەزاکە دروستکردووە و هەر خۆشیان سەرانی پەکەکە و حەشد بەنرخی زۆر گران بلۆک و کەرەستە بیناسازیوەکان دەیفرۆشنەوە بە هاووڵاتیانی ناوچەکە، واتا خۆیان سەرچاوەی ئەزمە و هەر خۆشیان فرۆشیارن.

هەر بەپێی زانیاریوەکان، لە ژێرەوەی شاخەکەش پەکەکە عەمباری گەورەی هەڵگرتنی چەک، کەلوپەل و ماددەی هۆشبەری دروستکردووە، بەشێوەیەک ئەو چەکانەی لە عێراقەوە بە قاچاخ دێن لەو عەمبارانەی شاخی شنگال هەڵدەگیرێن و دواتر بە شێوەی قاچاخ ڕەوانەی سووریا دەکرێن، سەرکردەکانی پەکەکە لەم ناوچەیە بوون بە بازرگانی گەورەی رەوانەکردنی ماددەی هۆشبەر و چەکی قاچاخ.

کە بەپێی هەندێ سەرچاوەی رۆژنامەوانی، لەسەرەوەی شاخەکەش ماددەی هۆشبەر چێنراوە و هەندێ لە چەکدارانی پەکەکە کاریان تەنیا چاودێری و پاسەوانەکردنی ئەو کێڵگانەیە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە کەس نادرێ نزیکی ئەو ناوچانە ببنەوە.

هاوکات، جگە لەو بازرگانییە قاچاخە، ئێستا سەرکردەکانی پەکەکە لە شنگال دەستیان بە کڕین و فرۆشتنی زەویە کشتوکاڵییەکانیش کردووە و بە عەرەب و ئەو ئێزیدیانەی دەفرۆشتن کە لە قەزاکە ماونەتەوە کە ئەوەش لە داهاتوو کێشەی گەورەی زەویوزار لە نێوان ئێزیدیەکان و ئێزیدیەکان لەگەڵ عەرەبە هاوردەکانی ئەو ناوچەیە دروست دەکات کە لەلایەن پەکەکەوە زەویان پێفرۆشراوە.

هەربەپێی زانیارییەکان، شنگال لە ئێستا بۆ پەکەکە جگە لەوەی شوێنێکی ستراتیژ و سەرەڕێگەیە بۆ سووریا ناوچەیەکی فراوانە بۆ لە خشتەبردنی گەنجان و مێردمنداڵان و رەوانەکردنیان بۆ قەندیل بەتایبەتی ئەو منداڵ و گەنجانەی کەسوکاریان بە دەستی داعش بوون بە قوربانی و ئیستغلالکردنیان ئاسانە.

هەروەها، سوودێکی دیکەی بوونی پەکەکە لە شنگال ئەوەیە کە پەکەکە بۆ ئێزدییەکانی دەرەوەی وڵات ئاسانتر دەستی پێیان دەگات و بەناوی پاراستنی ئێزیدییەکانی شنگال و هاریکاریکردنیان سندوقی کۆمەکی داناوە، بەڵام تەواوی ئەو پارانەی کۆیاندەکاتەوە، دەچێتە قەندیل و گیرفانی بەرپرسانی پەکەکەوە، هەروەها جگە لەوەشیان ئەو خەڵکەی لەو ناوچەیە کەوتوونەتە ژێر کۆنتڕۆڵی بەئاسانی باج و سەرانەیان لێ وەردەگرێ.

هەربەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکی پەکەکە لە شنگال بوونیەتی وەکو بەشێک لە پارێزگاریکردنی لە هیلالی شیعە کە ٩٥٪ی زیاتری سەرکردەکانی پەکەکە عەلەوین و هاوسۆزیان بۆ ئێران و شیعەکانی عێراق هەیە، کە هەر ئەوەش وایکردوە حەشدی شەعبی متمانەیان پێبکەن و وەکو داردەستێکی خۆیان پەکەکە بەکاربهێنن.

کە بەشێوەیەک لایەنە شیعییەکانی عێراق بەتایبەتی حەشدی شەعبی، پەکەکەی کردووە بە ڕێگایەکی ئاسان بۆ دژایەتی هەرێمی کوردستان ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە پەکەکە هاوزمان و نەتەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و دەتوانێ لە میدیاکانیەوە کار لەسەر سۆز و عەقڵی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات، لەبەرامبەر بەوەش پەکەکە مانگانە پارەیەکی زۆر بۆ میدیاکانی و مووچەی زیاتر لە دوو هەزار چەکداری خۆی وەکو کادیرو چەکداری حەشدی شەعبی وەردەگرێت، کە ئەوەش سەرچاوەیەکی باشی داهاتە بۆ پەکەکە لە قەندیل، کە حەشدی شەعبی جگە لە مووچە ساڵانەش چەک و پێداویستی بۆ پەکەکە دابین دەکات، کە بەشێکی بۆ قەندیل دەنێردرێ.

لەمبارەوە، شێخ شامۆ، پەرلەمانتاری پێشوو كەسایەتی ناسراوی ئێزیدییەكان، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، پەکەکە ئێستا داردەستی وڵاتانی ئیقلیمیە و وەکو کۆمپانیایەک کار بۆ ئەجێندای ئەوان دەکات و مانەوەشی لە شنگال وەکو ئەرکێکە کە پێی سپێردراوە، گوتی: “پەکەکە ناچارە ئەو ئەجێندایە جێبەجێ بکات، ئەو تونێلەی لە سەرتاسەری شاخی شنگال هەیە بەدەرە لە توانای پەکەکە بەتایبەتی ئەوانەی لە شنگالن، چونکە چەندین تۆنێلی گەورە لێدراوە کە بە ملیۆنان دۆلار و بلۆک و کەرەستەی زۆری بیناسازی ویستووە، تەنانەت بلۆک لەو ناوچەیە نەماوە و ئەزمەی کەرەستەی بیناسازیە لە شنگال”.

ئەو كەسایەتە ناسراوەی ئێزدییەکان ڕاشیگەیاند، پەکەکە وەکو گرووپێکی مافیای لێهاتووە و جگە لە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و چەک ئەوەی ئێستا گوتراوە زانیاری هەیە کە لەسەر شاخی شنگال ماددەی هۆشبەر چێنرابێت و بەرهەمبێت، گوتیشی: “ئەوەی پەکەکە دەیکات سیاسیەتێکی زۆر خراپە لە توندوتیژی و چەکدارکردن و بازرگانیکردن بە بابەتی قاچاخەوە کە خەڵکی ئێزیدیەکان هیچ رۆژگارێک بیریان لەوە نەکردوەتەوە ناوچەکەیان وای بەسەر بێت”.

ڕاشیگەیاند، شنگال ئێستا بووە بە سەرچاوەیەکی باشی بازرگانی قاچاخ بۆ پەکەکە و بەستەوەی بە بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمی، گوتیشی: “پەکەکە بەناوی ئازادی خەڵکەوە هاتنە شنگال ئێستا خۆیان زیاتر لە ٨٠٪ی ئێزیدیەکانیان ئاوارە و دەربەدەر کردووە، ئەوە چ ئازادیەک بوو کە کەمینەیەک رزگاریان بووە و زۆرینەیەکی وەها بوون بە قوربانی”.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، هاتنی پەکەکە پیلانی پێشوەختە بووە بەر لە هاتنی داعش، ئەو هێزانە گرێدراوی یەکن و بە زنجیرەیی و قۆناغ بە قۆناغ کار بۆ ئەجێنداکانی ئیقلیمی دەکەن، گوتیشی: “پەکەکە لە هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی نەقۆڵایە و تاوەکو ئێستا هەیە بڕوایان پێدەکات کە ئەوانە بۆ پارێزگاریکردن لە ئێزیدیەکان هاتوون، بەڵام پێویستە بە عەقڵ بیربکەینەوە دەکرێ هێزێک بۆ ئازادی خەڵک هاتبێت ڕێگربێت لە گەڕانەوە و ژیانی خەڵکەکە”.

شێخ شامۆ، پێشبینی خراپی بۆ داهاتووی شنگال هەبوو بەشێوەیەک کە چارەنووسی شنگال بە هەمان شێوەی عەفرین بێت، گوتی: “ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شنگال لە نێوان هەولێر و بەغدا، دەرگا بەڕووی تورکیا دەکاتەوە بۆ دەستووەردان لە شنگال و سەپاندنی هەژموونی خۆی هاوشێوەی عەفرین، کە ئەوەش دەری دەخات پەکەکە تەنیا مانەوەی لە شنگال بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمیە، لەپەنای جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، کە ئەوەش وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە پەکەکە بۆ شنگال چۆڵ ناکات!”.