شەش کاندیدی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران کشانەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شەش کاندیدی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران کشانەوە

لەکۆی ٥٩٢ کاندید تەنیا حەوت کەس پەسەند کراون

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، لە کاتێکدا هێشتا دوو ڕۆژ ماوە کە ئەنجوومەنی چاودێران و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ناوی کاندیدە پەسەندکراوەکان ئاشکرا بکات، شەش کاندید خۆیان کشاندووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە حوسێن دێهقان، ڕاوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی و وەزیری پێشووی بەرگریی ئێران، لە تویتێکدا ئاشکرای کردووە بە "بەو پێیەی کە کەسانی شایستە و سەربەخۆ لە باڵە سیاسییەکان لە هەڵبژاردندا بەشدارن، بۆیە بوونی خۆم بە گونجاو نازانم".

زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی کشانەوەی حوسێن دێهقان وا لەقەڵەم دەدەن کە لە بەرژەوەندیی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران کشاوەتەوە کە کاندیدای باڵی بناژۆخوازی حکوومەتی ئێرانە.

ئەم کشانەوەیە لە کاتێکدایە کە پێشتر حوسێن دێهقان ڕای گەیاندبوو لەگەڵ هیچ کەسدا هاوپەیمانی پێک ناهێنم و لە بەرژەوەندیی کەسی دیکەشدا ناکشێمەوە، هەندێک لە میدیاکانیش بڵاویان کردووەتەوە کە هەندێک لەو کاندیدانە بۆیە کشاونەتەوە ئاگادار بوون کە لە لایەن ئەنجوومەنی چاودێرانەوە شیاوبوونیان ڕەت دەکرێتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا پێنج کاندیدی دیکەش بەناوەکانی "مەسعوود زەریبافان، محەمەد عەباسی، محەمەدحوسێن نامی، عەلێڕەزا ئەفشار و ڕۆستەم قاسمی" لە سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران کشانەوە.

بەپێی زانیاریی ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران بۆ سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران ٥٩٢ کەس خۆیان کاندید کردووە کە ٤٠ ەکسیان ژن بوون.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەنجوومەنی باڵای چاودێریی هەڵبژاردنەکانی ئێران لە کۆی ٥٩٢ کاندید تەنیا حەوت کەسی پەسەند کردووە کە لە پێشبڕکێی هەڵبژاردندا بەشداری بکەن و ناوەکانی ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی ئێران کردووە و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ناوەکان ئاشکرا بکرێن.

لە ئێران پۆستی سەرکۆماری دوای ڕێبەر باڵاترین پۆستی سیاسیی وڵاتە و بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژیردرێت و هەتا ئێستا ئەم حەوت کەسە پۆستی سەرکۆماریی ئێرانیان هەبووە: ئەبوولحەسەن بەنی سەدر، محەمەدعەلی ڕەجایی، عەلی خامنەیی، ئەکەبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، محەمەد خاتەمی، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، حەسەن ڕۆحانی و هەتا ئێستا دیار نییە لەناو کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی ئێراندا کێ دەبێتە هەشتەمین سەرکۆماری ئێران.

بڕیارە سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێران و ئەنجوومەنی شار و گوندەکان لە هەزار و ٣٧٢ شار و ٤٣ هەزار و ٦٢٠ گوند، ڕێکەوتی ١٨ی٦ی٢٠٢١ بەڕێوە بچێت.