سەركردەیەكی ئەنەكەسە: 40 ساڵە پەكەكە نەیتوانیوە یەك گوند لە باکوور رزگار بكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سەركردەیەكی ئەنەكەسە: 40 ساڵە پەكەكە نەیتوانیوە یەك گوند لە باکوور رزگار بكات

”هەموو هەوڵێکی بۆ تێکدانی رەوشی هەرێمی کوردستانە“

سەركردەیەكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەكەسە) باس لە شەڕی 40 ساڵەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەكات، كە مەرامی سەرەكییان، تێكدانی ئارامی و ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستانە، بەڵام نەیتوانیوە یەک گوندی باکووری کوردستان رزگار بکات.

مەحموود برۆ، بەرپرسی ئەنەكەسە لە نەرویج، بە (باسنیوز) راگەیاند: ”پەكەكە لە كاتی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ پلانێكی داناوە، ئەویش كردنەوەی بازاڕێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و كوردستانی بوو بۆ فرۆشتنی گەل و خاکی کوردستان“.

مەحموود برۆ پێی وایە هیچ چالاكییەکی پەكەكە لەپێناو كورد و كوردستاندا نەبووە، ”بەدرێژایی ماوەی رابردوو تەنیا لە بەرژەوەندیی خۆیان و دژی دۆزی رەوای گەلی كورد كاریان كردووە“.

ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە جەختی لەوە کردەوە، کە پەكەكە کاری تێکدەری و تێکدانی سەقامگیریی باشووری كوردستان بە ئاسایی دەزانێت، لەکاتێکدا هەرێمی كوردستان كیانێكی فەرمی، سیاسی و یاساییە، متمانەی جیهانی بەدەست هێناوە و هیوا و ئاواتی هەموو كوردێکە، کەچی ”پەكەكە دەیەوێت ئەو دەسکەوتەی كوردستان تێك بدات“.

هەروەک مەحموود برۆ رایگەیاند، لەکاتێکدا حكوومەتی هەرێمی کوردستان كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی زیاتری وڵات دەكات، ”پەكەكە دەیەوێت خاپووری بكات، پەكەكە باش دەزانێت، كە هەرێمی كوردستان لە لوتكەی سەركەوتندایە، کەچی ئەو دەیەوێت لەناوی ببات“.

مەحموود برۆ، ئاماژەی بەوەش كرد، پەکەکە بەهۆی بێ‌ دەسەڵاتیی خۆیەوە، ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە نەیتوانیوە یەك گوند لە باکووری کوردستان رزگار بكات، کەچی هەوڵی تێكدانی ئارامیی باشووری كوردستان دەدات و ئەو دەستكەوتانەی بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتووە، دەیەوێ لەناو بەرێت.

لە بارەی کار و دەستوەردانەکانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان، ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە پێی وایە پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان سیناریۆیەک جێبەجێ دەکات، کە لەگەڵ تورکیا دژی گەلی رۆژئاوای کوردستان دایڕشتووە، ”لە عەفرین، کۆبانێ و سەرێ کانی پاساوی دایە دەست تورکیا و ئێستاش دەیەوێ هەمان سیناریۆ لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و توركیا رابكێشێتە ناو خاکی هەرێمی كوردستان و رەوشی هەرێمی كوردستان تێک بدات“.

برۆ هەروەها رایگەیاند: ئێران، رژێمی سووریا، لایەنە عێراقییەکان و تورکیاش چەک و تەقەمەنی بۆ پەکەکە دابین دەکەن، کە هەموو ئامانجیان ئەوەیە لەڕێی پەکەکەوە رەوشی هەرێمی کوردستان تێک بدەن.

مەحموود برۆ جەختیشی لەوە کردەوە، کە پەکەکە سیاسەتێکی دیکتاتۆریانە جێبەجێ دەکات و نایەوێ هیچ کوردێک لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەوان، بیر بکاتەوە و کار بکات، ”هاوشێوەی داگیركەرەكانی كوردستان سیاسەتێكی دیكتاتۆرییان هەیە“.