سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: كەرتی وەبەرهێنان ڕووی لە گەشە و هەڵكشان كردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: كەرتی وەبەرهێنان ڕووی لە گەشە و هەڵكشان كردووە

"كار بۆ دروستكردنی 11 ناوچەی پیشەسازیی خۆراكی دەكرێت"

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کەرتی وەبەرهێنان ڕووی لە گەشە کردووە و لە کابینەی نۆیەی حکوومەتدا بە سەرمایەی زیاتر لە دوو ملیار و 56 ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان بە 100 پرۆژەی وەبەرهێنان داوە".

د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی (باسنیوز)دا، چەند پرسێكی وەبەرهێنانی خستە ڕوو و گوتی: "نیشانە و پێوەرەكانی گەشەكردنی كەرتی وەبەرهێنان رووی لە هەڵكشان كردووە، لە ماوەیەكی نزیكیشدا وەرچەرخانی گەورە دەبینین و لە دەستپێكی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە تا ئێستا بە سەرمایەی زیاتر لە 2 ملیار دۆلار مۆڵەتیان بە 100 پڕۆژەی وەبەرهێنان داوە و هەر لەو ماوەیەدا دەستەكە زیاتر لە 556 پرۆپۆزەڵی بە سەرمایەی 12 ملیار دۆلار پەسەند كردووە".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش دا: "لەگەڵ ئەوەی پەتای كۆرۆنا و شوێنەوارە مەترسیدارەكانی، كاریگەرییان لەسەر وەبەرهێنان هەبووە، چونکە كۆرۆنا و قەیرانی دارایی دۆخی نەخوازراو بوون و ئاستەنگی زۆریان لەبەردەم وەبەرهێنان دروست كرد، لەگەڵ ئەمەشدا پەتای كۆرۆنا سەلماندی، كە دەبێت پەلە بكەین بۆ بەرهەمهێنانی هەموو ئەو پێداویستییە سەرەكییانەی هاووڵاتیبان، چونكە بەهۆی كۆرۆناوە، نرخەكانی كاڵا و شمەك و خۆراك لە شوێنی سەرەكیی بەرهەمهێنانیانەوە بەرز بووەتەوە".

د. محەمەد شوکری ڕاشی گەیاند: "سەرەڕای بوونی پەتاكە و بەردەوامبوونی قەیرانی دارایی، بە پاڵپشتی و راسپاردەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، توانیمان وەرچەرخانێك لە كەرتی وەبەرهێناندا دروست بكەین و دوو هەنگاوی گرنگ بنێین".

 لەبارەی ئەو دوو هەنگاوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "هەنگاوی یەكەم، راگرتنی كەموكورتی و قۆرخكاری و زیانگەیاندن بە خەڵك و ئابووریی هەرێم لە هەندێك پڕۆژەی وەبەرهێنانی خراپ و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان، كە كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرا. هەنگاوی دووەم، وەرچەرخان بە ئاراستەكردنی وەبەرهێنان لە كەرتێكی نیشتەجێبوونەوە بەرەو ئاسۆیەكی فراوانتری ستراتیژی، بەتایبەتی لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و وزەدا، كە ئابووریی كوردستان فرەچەشن دەكات؛ کە ئەمەش بە سێ قۆناغ بووە".

د. محەمەد شوکری  قۆناغەکانی ئەو وەرچەرخانەی روون کردنەوە و گوتی: "قۆناغی یەكەم، دەستنیشانكردنی پلانی 20-20، قۆناغی دووەم، دروستكردنی نەخشەی وەبەرهێنان. قۆناغی سێیەمیش راگەیاندنی ئەو پڕۆژانەی، كە لەناو پلاندایە، بۆ ئەوەی بە ئامادەكراوی پێشكەش بەو وەبەرهێنەرانە بكرێت، كە دەیانەوێت لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمەكەدا بەشدار بن، بۆ ئەمەش رێبەری وەبەرهێنانمان ئامادە كرد بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی وەبەرهێنانی ئاراستەكراو. پۆرتاڵێكی تایبەتیش بۆ زوو راییكردنی كاری وەبەرهێنەران و دەستپێكردنەوەی پڕۆژە وەستاو و تەواونەكراوەكان و دانانی میكانیزمێك بۆ چۆنیەتیی گۆڕینی سێكتەرەكانی وەبەرهێنان داڕێژراوە، ئەمە وێڕای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی ئەلیكترۆنی و پەیڕەوكردنی سیستەمی یەك پەنجەرەیی، تا پرۆسەی وەبەرهێنان خێراتر بێت".

 د.محەمەد شوکری روونیشی كردەوە: "ئێستا بەپێی نیشانە و پێوەرەكان، گەشەكردنی كەرتی وەبەرهێنان رووی لە هەڵكشان كردووە، لە ماوەیەكی نزیكیشدا وەرچەرخانی گەورە دەبینین، بەتایبەتی لە بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراكی و گەشتیاریدا و هەر لەم چوارچێوەیەشدا بەردی بناغەی كارگەی شەكری بیتوێن، بە گوژمەی 114 ملیۆن دۆلار دانرا، كە رۆژانە 500 تا 600 تۆن شەكری سپی بە چەوەندەری ناوخۆیی بەرهەم دەهێنێت، ئەمە لە كاتێكدایە لە ساڵی 2019 هەرێمی كوردستان لەسەرووی 140 هەزار تۆن شەكری هاوردە كردووە. ناوچە پیشەسازییەكانیش كاری باش و جدییان لەسەر كراوە و دەیان پڕۆژە و كاری دیكەی وەبەرهێنان لە پارێزگا و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەبینرێت، كە چ جووڵەیەكی تێدایە".

سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتیش روونی کردەوە: "ئێمە لە دەستپێكی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە تا ئێستا بە سەرمایەی زیاتر لە 2 ملیار دۆلار و 56 ملیۆن دۆلار، مۆڵەتمان بە 100 پڕۆژەی وەبەرهێنان داوە، هەر لەو ماوەیەدا دەستەكەمان زیاتر لە 556 پرۆپۆزەڵی بە سەرمایەی 12 ملیار دۆلار لەگشت سێكتەرەكاندا پەسەند كردووە، تاوەكوو ئێستا 935 پڕۆژە مۆڵەتیان پێ دراوە و لە 50%ی ئەو پرۆژانە تەواو بوون و سەرمایەی ئەو پرۆژانە 53 ملیار دۆلارە، تەنیا لە یەك پڕۆژەی وڵاتی چین، كە لە شاری هەولێر دروست دەكرێت و بەردی بناغەی بۆ دانراوە، 13 ملیۆن و 326 هەزار دۆلار تێچوویەتی، ئەمە وێڕای ئەوەی كۆمپانیایەكی چینی پرۆپۆزەڵی بۆ دروستكردنی شارێكی گەشتیاری لە هەولێر بە سەرمایەی پێنج ملیار دۆلار پێشكەش كردووە".

 ئاشکراشی کرد: “لە مانگی تەمووزی 2019وە تا ئێستا 596 پرۆپۆزەڵی پڕۆژە پێشكەش كراون، كە سێكتەری پیشەسازی لە پلەی یەكەم دێت، ئەمەش هەمووی بۆ سەقامگیریی سیاسی و بەهێزیی هەرێم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە".

 سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لەبارەی پلانی 20-20 بۆ وەبەرهێنەرانەوە گوتی: "پلانی (20-20)ی وەبەرهێنان هەزار پڕۆژە لەخۆ دەگرێت، لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری و سەرچاوەكانی ئاو و دارایی و بانكی و كارەبا و گواستنەوە و گەیاندن و پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و نیشتەجێبوون و بازرگانی و رۆشنبیری و لاوان و وەرزش و پڕۆژەكانی ژێرخان. لەمەش 461 پڕۆژە بۆ كەرتی پیشەسازییە و 227 كەرتی گەشتوگوزار و 113 كەرتی كشتوكاڵە و تەنیا 10 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی تێدایە. لە كەرتی پیشەسازیی خۆراكیشدا 158 پڕۆژە لە سەرجەم پارێزگاكانی كوردستان ئامادە كراون و چەندین كارگەی دیكەی پترۆكیمیایی و پزیشكی و بیناسازی و كەرەستە فلزییەكان و كەلوپەلی كارەبایی و كاغەز و ریسایكلینی لەخۆ گرتووە".

 د.محەمەد شوکری روونیشی کردەوە: "لەم پلانەدا هەولێر 280 پڕۆژە و سلێمانی بە هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانیشەوە 273 پڕۆژە و دهۆك 238 پڕۆژەیان هەیە، پێشبینیش دەكەین تا 200 هەزار هەلی كار لەو پرۆژانە بۆ دەستی كاری ناوخۆ دابین بكەین، بە پشتبەستن بەو مەرجەی لە مۆڵەتدانی هەر پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان دانراوە، كە دەبێ لە 75%ی دەستی كاری ناوخۆ بخرێتە سەر كار".

 لەکۆتاییدا لەبارەی پیشەسازییەكانی خۆراكی، كە بڕیارە لەم كابینەیەدا دروست بكرێن، گوتی: "ئێستا كار بۆ دروستكردنی 11 ناوچەی پیشەسازیی خۆراكی دەكرێت، ناوچەی پیشەسازیی دهۆك كاری تێدا دەكرێت و كارەكانی تەرخانكردنی زەوی لە ناوچەی تیماری پیشەسازیی خۆراكی لە هەولێر و عەربەت لە سلێمانی و هەڵەبجە تەواو بوون و لە راپەڕین و گەرمیان و كەلار لە قۆناغی دەستنیشانكردنی زەویدایە، لە هەموو ئەم ناوچە پیشەسازییانەش، كارگەی (گەورە- مامناوەند- بچووك) بەرچاو دەکەون".