كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەم هەفتەیە پێشانگایەکی تایبەت بە کەلوپەلی بیناسازی لە هەولێر دەکرێتەوە

دواى زیاتر لە ساڵێک وەستانى چالاکییەکانى بەهۆى کۆڕۆناوە، ئەم هەفتەیە یەکەم پێشانگاى نێودەوڵەتیى لە هەولێر بە بەشدارى چەندین کۆمپانیاى ناوخۆیی و بیانى لە بوارى کەلوپەلى بیناسازى دەکرێتەوە.

کاروان سورچى، گوتەبێژى یەکێتیى ژوورەکانى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆناوە ماوەى 15 مانگە پێشانگەى نێودەوڵەتیى هەولێر تەواوى کار و چالاکییەکانى خۆى راگرتبوو، بەڵام بەهۆى باشتربوونى دۆخەکە بڕیارە رۆژى چوارشەممە 26/5/2021 یەکەمین پێشەنگاى نێودەوڵەتیى لە هەولێر بە بەشدارى زیاتر لە 80 کۆمپانیاى ناوخۆیی و بیانى لە بوارى ئاوەدانکردنەوە و کەلوپەلى بیناسازى بکرێتەوە".

راشیگەیاند: "کردنەوەى ئەو پێشانگایە کاریگەریی باشى دەبێت لە بوارى بازرگانى و جوڵەیەکى بازرگانى پەیدا دەکات لە بوارى بیناسازى، هەرچەندە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵى رابردوو جوڵەى بازرگانى دوو بەرامبەر زیادى کردووە، بەهۆى باشتربوونى دۆخەى ئابوورى و جوڵەى بازاڕەوە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "پێشانگاکە بە هەماهەنگى لەگەڵ ژوورەکانى بازرگانى و پیشەسازى عێراق دەبێ، کۆمپانیا بەشداربووەکانى پێشانگاکەش لە هەریەک لە وڵاتانى ئێران، تورکیا، میسڕ و چین و چەند وڵاتێکى ئەوروپین".