ئەندامێكی جڤاتی گشتیی گۆڕان: لاهوور جەنگی ئەو پارەیەی لە كوێ هێناوە كە دەنگی خەڵكی پێ بكڕێت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەندامێكی جڤاتی گشتیی گۆڕان: لاهوور جەنگی ئەو پارەیەی لە كوێ هێناوە كە دەنگی خەڵكی پێ بكڕێت؟

گرووپێكی زۆر لەنێو گۆڕان دژی هاوپەیمانێتییەكەن لەگەڵ یەكێتی


بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانییەك لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان راگەیەندرا، هەر زوو لەناو هەردوو حزبدا بەشێک لە ئەندامەکان بێئاگایی خۆیان سەبارەت بە رێککەوتنەکە دەربڕی و چەند ئەندام و بەربژێرێکیش لێی کشانەوە و هەندێكیش رەخنەی توندیان لێ گرت. لەم دیمانەیەی (باسنیوز)دا، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د نادر، ئه‌ندامی جڤاتی گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، لە دیدارێکدا لەگەڵ (باسنیوز) تیشک دەخاتە سەر ئەو رێککەوتنە و دەرەنجامەکانی.

(باسنیوز): وەک دەبینین نیگه‌رانی له‌سه‌ر هاوپەیمانییەكەی گۆڕان و یه‌كێتی دروست بووه‌، بۆچی؟
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د نادر: ئه‌م رێككه‌وتنه‌ په‌له‌په‌لیی تێدا بووه‌، كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی و گرووپێك له‌گه‌ڵیدا بوون و گرووپێكی زۆریش ناڕازی بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی بڕوایان به‌و سه‌ركردانه‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵێن ده‌ده‌ن و كۆبوونه‌وه‌ له‌پێناو كۆبوونه‌وه‌ ده‌كرێت، گه‌لیش له‌ هه‌موو حزبه‌كان نیگه‌رانه‌، ناكرێت ئێمه‌ گه‌لی خۆمان ده‌ستخه‌ڕۆ بكه‌ین، گه‌ل ده‌بێ ئازاد و ئازا بێت و ره‌خنه‌ بگرێت، ده‌بێ تۆ خۆتی له‌سه‌ر بنیات بنێیت و خۆت به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌ریت. ئێمه‌ ره‌خنه‌مان بۆ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ یه‌كتری بشكێنین، ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ هه‌یه‌ دیاره‌ بۆشایی هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر بۆشایی نه‌بێت حزبێكی دیكه‌ دروست نابێت. سەیری مێژوو بكه‌، دوای پارتی، یه‌كێتی دروست بوو، پاشان گۆڕان، دواتر نه‌وه‌ی نوێ، من كاتی خۆی پێشمه‌رگه‌ بووم، ئه‌وه‌ی هه‌مبووه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ دامناوه‌، دواتر له‌ گۆڕان دامناوه‌، ئێستا خه‌ڵكێك بە ماستاوكردن هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ و سه‌د قات پێش من كه‌وتووه‌، ئه‌مە‌ نایه‌كسانیی دروست كردووه‌.

(باسنیوز): پێتوانیە پێویستە گوێ له‌و ده‌نگه‌ ناڕازییه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی بگیرێت؟
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د نادر: گوێگرتن زۆر باشه‌، ده‌بێت بگه‌ڕێین به‌ شوێن ئه‌و بۆشاییه‌ی دروست بووه‌، ناكرێ دژی خه‌ڵك بین، پەندێکی کوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێت ”چی بچێنیت ئه‌وه‌ ده‌درووییه‌وه“‌.

(باسنیوز): بە ڕای ئێوە، بۆ پەلە په‌ل‌ لە رێككه‌وتنه‌كه‌ كراوە؟
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د نادر: خه‌ڵك هه‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی له‌ناو یه‌كێتیدایه‌ و هه‌یه‌ له‌ناو گۆڕانه‌ حه‌زی به‌وه‌ نییه‌، ره‌نگه‌ خه‌ڵك هه‌بێت له‌ناو یه‌كێتی زۆر هه‌وڵ بدات نێوانی پارتی و گۆڕان تێك بدات، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بێته‌ پێشه‌وه‌ و کێشەکان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، رک و کینە له‌نێو یه‌كتریدا دروست ده‌كه‌ن.

(باسنیوز): ئایا ترستان لەوە هه‌یه‌ ئه‌م نیگه‌رانییه‌ وا بكات گۆڕان ده‌نگ نه‌هێنێت، یان یه‌كێتیش به‌ هه‌مان شێوه‌؟
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د نادر: رێككه‌وتن باشه‌، به‌ڵام نه‌ك بۆ موجامه‌له‌ و كات كوشتن. ئه‌و خه‌ڵكه‌ تینووی برایه‌تییه‌، هه‌تا ئاوا بین دەبێ رۆژ به‌ رۆژ به‌ته‌مای ماڵكاولی بین، بۆیه‌ دڵی خه‌ڵك به‌ هیچ رێككه‌وتنێكی بێبنه‌ما ئاو ناخواته‌وه‌. من 35 ساڵ له‌ناو یه‌كێتی بووم، کە گۆڕان له‌ یه‌كێتی جیا بووه‌وه‌، بڕوا بكه‌ وه‌ك گۆڕانیش باوه‌ڕم به‌ هه‌ندێك شت نه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌ر خاتری كاك نه‌وشیروان براده‌رم بوو، تا زیندبوو بوو له‌گه‌ڵیدا بووم، نه‌ك ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی بۆ پۆست و پله‌ ده‌گریێن. من ئه‌ندامی جڤاتی گشتیی گۆڕانم، به‌رپرسی كاسبكار و ناوشاری گۆڕانم، بڕوا بكه‌ رووم نایه‌ت بچمه‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌، بۆ؟

(باسنیوز): گازاندە لەوەش دەكرا كە ئه‌وانه‌ی ته‌قەیان له‌ گۆڕی كاك نه‌وشیروان كرد، ئەمساڵ له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی بوون، تۆ لەمبارەیەوە چی دەڵێی؟
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د نادر: ئێستا ته‌قه‌ له‌ زیندووه‌كان ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر نیه‌تمان خراپ بێت هه‌ر خراپه‌، نه‌ك فیشه‌كمان پێوه‌ بنرێت، یه‌كێتی خۆی په‌شیمان بوو له‌و رووداوه‌، به‌س چی به‌مانه‌ (سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی) بڵێین، تا ئەو رۆژەی كاك نه‌وشیروان شت بوو، هه‌موو له‌به‌رده‌میدا ئه‌له‌رزین، ئێستا دوای خۆی ته‌قه‌ی‌ لێ بكرێت، ئیتر ئاوایه‌، به‌ڵام كاتێك خه‌ڵكی ئێمه‌ ئه‌و ته‌قه‌كردنه‌ی له‌ گۆڕی كاك نه‌وشیروان بیر بچێته‌وه‌، كه‌واته‌ خه‌ڵك خه‌تاكه‌ له‌ خۆیه‌تی، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ حزبایه‌تی بۆ حه‌ق ده‌كه‌ین نه‌ك بۆ ماڵی خۆمان.

(باسنیوز): لە سۆشیال میدیادا باس له‌وه‌ ده‌كرێت، لاهوور جەنگی بۆ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ پاره‌ی به‌ گۆڕان داوه‌، ئەمە راستە؟
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د نادر: ئێمە جه‌ماعه‌تێكین له‌ناو گۆڕان ده‌پرسین، 11 ساڵه‌ له‌ ده‌می ماڵ و منداڵمان گرتووه‌ته‌وه‌، ماقووڵه‌ له‌سه‌ر باخه‌ڵی خۆمان كار بكه‌ین؟ تا ئێستا له‌و پاره‌یەی هاتووه‌ بۆ گۆڕان ماقووڵه‌ دینارێك نه‌دراوه‌ به‌و خه‌ڵكه‌ دڵسۆزه‌؟ هه‌ر پێمان ده‌ڵێن نیمانه‌ و ئه‌وه‌ تواناكه‌مانه‌ و ئه‌و شتانه‌. ئێستاش ده‌ڵێن پاره‌ وه‌رگیراوه‌، من نازانم، به‌ڵام قه‌ناعه‌تم به‌ دوو شت هه‌یه‌، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ وه‌ریان نه‌گرتووه‌، یه‌كێكی دیكه‌، هه‌ندێك خه‌ڵك ده‌بینم له‌ناو گۆڕان، وەها ته‌سروفات ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن به‌ڵێ وه‌رگیراوه‌، من ناتوانم ئەمە پشتڕاست بكه‌مه‌وه‌.

(باسنیوز): ئه‌گه‌ر پارە وەرگیرابێت و تەنیا گرووپێك ئاگادار بن و لێی بخۆن، نادادپەروەری نییە؟
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د نادر: به‌ڵێ زۆریش، ئه‌وه‌ فێڵكردنه‌ له‌ خۆمان، ئه‌و پاره‌یە لاهوور جه‌نگی له ‌كوێی بوو كه‌ منی پێ بكڕێت و یه‌كێكی دیكه‌ی پێ بكڕێت؟ كۆمه‌ڵێك خەڵکی ناڕازی هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵێكیش له‌ناو گۆڕان سه‌ریان لێ شێو‌اوه‌ و نازانن چی بكەن و لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كێ بکه‌ن؟ ئێمه‌ نازانین، ره‌نگه‌ هه‌ندێك شتی ژێربه‌ژێر بكرێت و هه‌موویان ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا ئه‌م پاره‌یە، کە هی میلله‌ته‌، بۆ ده‌نگ كڕین و شتی وا به‌كار دێت.

(باسنیوز): بۆ ته‌زویرات له‌ سلێمانی چی دەڵێی؟
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د نادر: قوربان ئه‌وه‌ به‌ سندووق ناكرێت، شتی تر و ئالیه‌تی تر بۆ ئه‌مجاره‌ به‌كار ده‌هێنرێت، ئەگەر به‌ ده‌نگی خه‌ڵك بێت، گۆڕان و یه‌كێتی قەبارەیان ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌ ده‌كرێت. ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی نێوان یەکێتی و گۆڕانیش هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌، تازه‌ رێككه‌وتنەکەیان كردووه‌.