جروانە لە شێخان کۆنترین بەنداوی شوێنەواری جیهان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

جروانە لە شێخان کۆنترین بەنداوی شوێنەواری جیهان

بەنداوی جروانە، کە بە کۆنترین بەنداوی شوێنەواری لە هەموو جیهان دادەنرێت، بە دووریی پێنج کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شارۆچکەی شێخانەوە.

ئەم بەنداوە کە مێژووەکەی سێ هەزار ساڵە، لە سەردەمی پاشا سەنحاریبی ئاشووری (٧٠٥_٦٨١ی پیش زایین) دروست کراوە. ئاسەواری ئەم بەنداوە بە درێژیی ٢٨٠ مەتر و و پانیی ٢٢ مەتر و بەرزیی نۆ مەتر لەسەر زەوی لێی بە جێ ماوەتەوە کە ئەمە تەنها ئەو بەشەیە کە بە چاو دەبینرێت، بەڵام دەکرێ بەنداوەکە زۆر لەوەی کە باسی دەکرێت، گەورەتر و پانتر بێت، ئەگەر بێت ۆ کاری پشکنینی شوێنەواریی بۆ بکرێت.

جروانە، کە تەنها ١٠ کیلۆمەتر لە شوێنەواری "خنس"ەوە دوورە، بە شێوازێکی ئەندازەیی جوان و ڕێکوپێک دروست کراوە و نزیکەی دوو ملیۆن پارچە بەرد تێیدا بەکار هاتووە و هەموو بەردەکان لە چیاکانی دەوروبەری ناوچەکەوە دەرهێنراون و بە شێوازێکی ئەندازیاری و رێکخراو تاشراون و لەسەر و تەنیشت یەک دانراون.

بەنداوی جروانە، بە دوو شێواز بۆ کۆکردنەوەی ئاو بەکار هاتووە، یەکەم کۆکردنەوەی ئاو لە پشت بەنداوەکە و سەرڕێژبوونی لەسەر بەنداوەکان و ئەویتریش کۆکردن و گلدانەوەی لەناو سێزدە دەریچە، یان مەخزەنی تایبەت بەم کارە بووە.

پرۆژەی دروستکردنی ئەم بەنداوە دەکرێ بە گرنگترین پرۆژەکانی سەردەمی سەنحاریبی ئاشووری دابنرێت کە بە ماوەی ساڵێک و سێ مانگ بە بەردەوامی کاری تێدا کراوە تا تەواو بووە .

بە گوتەی شوێنەوارناس کۆڤان ئیحسان ئەم شوێنەوارە بۆ یەکەم جار لە ساڵی١٨٤٥

لە لایەن شوێنەوارناسی بیانی (لەیارد)ەوە دۆزراوەتەوە و لەبارەیەوە نووسیویە، بەڵام ئەو شوێنەوارناسە نەیزانیوە کە ئەم شوێنەوارە بە چ مەبەستێک دروست کراوە، لە پاش لەیارد چەند شوێنەوارناسی تری وەک (ترو دان جان) و (لێهمان هاپت) سەردانی شوێنەکەیان کردووە، بەڵام ئەوانیش نەیانزانیوە کە مەبەست لە دروستکردنی ئەم شوێنە چی بووە، دواتر لە ساڵی ١٩٠٤ شوێنەواناسی بەناوباگی ئینگلیزی (دابلیۆ کینگ) سەردانی شوێنەوارەکەی کردووە و پاشان سپایزەر ئەم شوێنەی بەسەر کردووە، بەڵام ئەوانیش ئەیانزانیوە ئەم شوێنە مێژووییە چییە و بۆ چی دروست کراوە، هۆکارەکەشی بۆ هەبوونی سەوزایی و دار و دارستانی چڕ لەو شوێنە دەگەڕێتەوە کە رێگر بووە بۆ بینینی هەموو بەشەکانی شوێنەوارەکە و توێژینەوەی زیاتر لەسەری.

بەڵام لە سالی ١٩١٣ یەکێک لە ئەندامانی تێمێکی شوێنەوارناسی ئەلمانی بەناوی پرۆفیسۆر (والتر باخمان) کە لە سەرقاڵی کارکردن لە سایتی شوێنەواری ئاشوور بووە، سەردانی ئەم شوێنەوارەی کردووە و کۆمەڵێک فۆتۆی گرتووە و ئەم بۆچوونەی لا دروست بووە کە ئەم شوێنەوارە (قەنتەرەیەکە) کە ئاو بەسەریدا رۆ چووە و و دواتر بە رێکخستنی زانیارییەکانی خۆی و ئەو شوێنەوارناسە بیانییانەی کە پێشتر سەردانی شوێنەکەیان کردووە و بە هاندانی شوێنەوارناسانی دیکە وەک (یاکۆبسۆن) و (ستۆن لۆید) دەستی کردووە بە توێژینەوە و لێکۆلینەوە لە سەری.

 دوایین دۆزینەوەی جروانە بۆ ساڵی ١٩٣٤ دەگەڕێتەوە کە لە لایەن پەیمانگەی شێکاگۆی ئەمریکی کە لە سایتی شوینەواری خورسوبات سەرقاڵی کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری بوون، هەر دوو زانای شوێنەواری "ستۆن لۆی و یاک بیسۆن"  سەردانی شوێنەوارەکە دەکەن و توانیان کەشفی بکەن و رووبەر و ئەندازە و شێوازی دروستکردنی بەنداوەکە بدۆزنەوە و لەوێ دەرکەوت کە ئەم بەنداوە تەواوکەری پڕۆژەی ڕاکێشانی ئاوی خنسە.

زانیارییەکان لەسەر ئەم بەنداوە لەو پارچە بەردانەوە وەرگیراون کە بۆ دروستکردنی بەکار هاتووەن.

شوینەوارناسان تێکستە نووسراوەکانی ئەم بەنداوە بە چوار بەش دابەش دەکەن: تێکستی A: کە زۆربە زەحمەت دەبینرێت، باس لە کۆشکی پاشا سەنحاریب وەک پاشای ئاشوور و مەلیکی دونیا و دەسەڵاتدارییەکای دەکات.

تێکستیB: لە چۆنیەتیی دروستکردنی پرۆژەکە دەکات.

تێکستی D و C: بریتییە لە مەدحی سەنحاریبی ئاشووری بۆ دروستکردنی ئەم بەنداوە و ستایەشی خواوەندە ئاشوورییەکان کە یارمەتیی سەنحاریبیان داوە بۆ دروستکردنی ئەم پرۆژەیە.

هەروەک گوتمان بەشیک لە بەردەکانی بەکارهاتوو لەم بەنداوە بە نووسینی بزماری نەخشێنراون و لە تێکستە نووسراوەکاندا باس لە گرنگی و هۆکاری دروستکردنی ئەم بەنداوە دەکرێت کە بە مەبەستی راکێشانی ئاو بۆ پایتەختی ئیمپراتۆری ئاشووری، واتە نەینەوا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بووە. هەروەها لە بەشێک لە نووسینەکان باس لە چەندین گوند و ناوچە دەکرێت کە لەوێ ئاویان راکێشاوە بۆ ئەم بەنداوە. محەمەد عارف تەتەر، ماستر لە شوێنەوار و پسپۆڕ لە خوێندنەوەی زمانە کۆنەکان، بەشێک لە نووسینە بزمارییەکانی ئەم پارچە بەردانەمان بۆ وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی و دەڵێت: "لەم تێکستانە بەپێی ئەو وەرگێڕانەی کە بۆ ئەم نووسینانە کراوە، پاشا سەنحاریب دەڵێت: "من سەنحاریب پاشای جیهانم، پاشای ئاشوورم، پاشای هەموو وڵاتانم. من لە خنس ئاوم راکێشاوە بۆ ئێرە و ئەم پرۆژەیەم دروست کردووە تا خواوەندی من "ئاشوور" لێم رازی بێت. من ئاوم گەیاندووە نەینەوا بۆ خزمەتی خواوەند ئاشوور و وڵاتی خۆم و خەڵکی ئاشوور لێم رازی بن، هەروەها نەفرەت لە پاشاکانی پێش خۆی دەکات کە چۆن ئەم پرۆژەیان جێبەجێ نەکردووە".

لەبارەی ناوی جروان، یان جروانە شوێنەوارناسان دوو بۆچوونیان هەیە یەکەمینیان کە لە چەندین سەرچاوەی عەرەبییەوە هاتووە، دەڵێ جروانە بەناوی مەجرایەکی ئاو هاتووە، واتا مەجرایەک هەبووە بەناوی جروانە کە پڕ ئاو بووە و بووتە هۆی بە پیت و بەرەکەتبوونی ناوچەکە. بۆچونی دووەم دەڵێ لە زمانی کوردیدا وشەی چروان هەیە کە بە واتای جراندن یان چراندن هاتووە و بەو شوێنەی کە بەنداوەکە لێی دروست کراوە گوتراوە کە شوێنێکی پڕئاو و سەوزایی بووە بۆ لەوەڕی ئاژەڵ.

شوێنەوارناس محەمەد تەتەر دەڵێت: "هەر لە خودی تێکستە بزمارییەکان و نووسینەکانی سەردەمی ئاشوورییەکاندا وا هاتووە کە مانای ناوی جروانە واتە شوێنێک کە ئاوی لێیە، یان بە واتای هەبوونی ئاو هاتووە".

هەر بۆیە دروستکردن و ناونانی ئەم بەنداوە سەلمێنەری ئەوەیە کە لەو سەردەمەدا کوردستان وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و بەتایبەت وەک سەرچاوەیەکی دابینکردنی ئاو بۆ ناوچەکانی دەسەڵاتداری ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری و پایتەختەکەیان (نەینەوا) بووە و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە، ئەمە نەک تەنیا لە دروستکرنی ئەم بەنداوەدا، بەڵکوو بە هەبوونی چەندین نموونەی تری هەمان سەردەم و هەمان پاشا وەک شوێنەواری خنس و بەنداوەکەی بەستوورە بەدەر دەکەوێت.

شوێنەواری بەنداوی جروانە وەک پرۆژەیەکی گەورەی مێژوویی و لەڕووی کاری ئەندازیاری و رێکخستن و چۆنیەتیی دانانی بەردەکان و دروستکردنی شێوازی قەوس یان کەوانەیی لە ئەندازیاری کۆندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و وەک وانەی تایبەت لە بەشی شوێنەواری زانکۆکانی دەرەوە دەخوێنرێتەوە و دەتوانین بڵێین ئەو پسپۆڕانەی کە تا ئێستا کاریان لەسەری کردووە زۆربەیان پسپۆڕ و شوێنەوارناسی بیانی بوون، بەڵام ئەم سایتە شوێنەوارییەش وەک شوێنەوارەکانی تری کوردستان دوور نەبووە لە دەستدرێژی و زیادەڕۆیی و ئەم بابەتە لە کۆمەڵێک وێنەی مێژوویی و کۆن کە لە گوندەکانی نزیک لە شوێنەوارەکەوە گیراوە و دیارە کە بەشێک لە بەردەکانی ئەم ناوچە شوێنەوارییە لە لایەن خەڵکی ناوچەکە بۆ دروستکردنی خانوو و بەکار هاتووە و بۆ کاری ناوماڵ بردراوە و ئێستا جروانە بووەتە جێی لەوەڕی مەڕوماڵات. بێجگە لە دەستکارییە مرۆییەکان، کەمتەرخەمیی حکومەت و بەرپرسە شوێنەواری و گەشتوگوزارییەکان وای کردووە ئەم ناوچەیە کە سەردەمانێک ناوچەیەکی پڕ پیت و بەرەکەت و سەوزایی بووە، ببێتە دەشتێکی وشک کە هێچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی نییە و پشتگوێ خراوە.