كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

داوا دەکرێت مۆزەخانەی نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێندرێت

رۆژی ١٨ی٥ی ھەموو ساڵێک بە رۆژی جیھانی شوێنەوار دیاریکراوە لە جیھاندا، لە ھەرێمی کوردستانیش پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور پەسەند کراوە و شوێنەوارناسانیش داوای کردنەوەی مۆزەخانەیەکی نیشتیمانی دەکەن.


د. زێدان برادۆستی، ئەندامی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار و فراکسێۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەم ڕۆژە لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مۆزەخانەکانەوە دەستنیشان کراوە کە زیاتر لە سەدان وڵاتی جیهانی تیایدا بەشدارن‌، بێگومان ئەو ڕۆژە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە چونکە ئێمە خاوەنی دەیان مۆزەخانەی کلتوورین و پێنج مۆزەخانەی فەرمی و دەیان مۆزەخانەی کەلەپووری تایبەتمان هەیە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژە یاسایەکمان گەڵاڵە کرد کە لە 34 بەش پێکهاتووە کە هەموو بەشەکانی تایبەتن بە پاراستنی شوێنەوار، پێشکەشی پەڕلەمانی کوردستانمان کرد و لەوێ پەسەندکرا، ئێستا تەنیا ڕێکارە یاساییەکان ماون بۆئەوەی کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ بکرێت".

گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەی خاوەنی زۆرترین ناوچەی شوێنەواری و کەلەپوورین، بەڵام تاوەکو ئێستا مۆزەخانەیەکی نیشتیمانیمان نییە بۆ پاراستنی پارچە شوێنەوارییەکان، بۆیە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کورستان دەکەین بە فەرمی کار بکەن بۆ کردنەوەی مۆزەخانەیەکی نیشتیمانی، بەر لە هاتنی داعش شوێنی سایلۆی ھەولێر دیاری کرابوو و دیزاینیش کرابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارییەوە کارەکانی ڕاگیرا، دەتوانرێت مۆزەخانەکە لە هەولێر بکرێتەوە و گرنگی بە مۆزەخانەی نوێ بدات، بەپێی یاساش مۆزەخانەی تایبەتی کەلەپووری و سروشتی ڕێگە پێدراوە، بەڵام هەر پارچەیەک تەمەنی لە 200 ساڵ تێپەڕێت دەبێت لە مۆزەخانەی نیشتیمانیدا بپارێزرێت".


ئەوەشی خستەروو، کە "60 زانکۆی جیهانی لە هەرێمی کوردستان لەبواری شوێنەوارناسی کار دەکەن بۆیە پێویستە گرنگی بە شوێنەوارناسانی ناوخۆ بدرێت و ڕاهێنانیان پێ بکرێت لەکاتی کنە و هەڵکۆڵینی ناوچە شوێنەوارییەکان، چونکە خاوەنی زیاتر لە 200 شارەزا و دەرچووی شوێنەوارین، ئێستاش لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و گەرمیان مۆزەخانەمان هەیە، هەروەها دەیان مۆزەخانەیکەلەپووریشمان هەیە، بەڵام مۆزەخانەکان بۆ پاراستنی پارچە شوێنەوارەکان گونجاو نین".