لە ڕانیە کچێک دووکانێکی ترشیات دادەنێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە ڕانیە کچێک دووکانێکی ترشیات دادەنێت

رێزان محەمەد، کچێکی دانیشتووی شاری رانیەیە و ماوەیەکە لە کارێکی جیاوازدا دووکانێکی ترشیات فرۆشتنی کردووەتەوە، وەکو خۆی باسی لێوەدەکات بازاڕی ترشیاتەکەشی زۆر باشە.

رێزان، بە (باسنیوز) ی راگەیاند: "ماوەی ساڵێک و پێنج مانگە دەستم بەم کارە کردووە و ترشیات فرۆشتن کارێکی قورس نییە، بەڵام زۆریش ئاسان نییە تاڕادەیەکیش کارەکە خانمانەیە، بەڵام لە رابردوودا زیاتر پیاوان ئەو کارەیان کردووە، ترشیاتەکەش بە دەستی خۆم دروستی دەکەم".

گوتیشی: "ئەوەی جێی خۆشحاڵی منە خەڵکی دەوروبەرم تێڕوانینیان باشە بۆ کارەکەم و زۆر دەستخۆشیم لێدەکەن، بەراورد بە کارەکانی تر کە رەخنەیەکی زۆر لە خانمان دەگیرێت، خانەوادەکەشم زۆر ھاوکاریم دەکەن، بەڵام من بە تەنیا دووکانەکەم بەرێوەدەبەم و کارەکانم دەکەم داوای ھاوکاریم لە کەس نەکردووە تا ئێستا".

رێزان راشیگەیاند: "کڕیارمان بەپێی وەرزەکان جیاوازە و زستان باشترە تاوەکو هاوین، ھەروەھا لە رەمەزانیشدا بازاری کارمان باشترە و ھەڵبەت ئەم قەیرانی داراییەش کاریگەری کردووەتە سەر بازاری ئێمەش، چونکە ترشیات خواردنێکی سەرەکی نییە".