میتراییزم لە کوردستانەوە بۆ ئەورووپا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

میتراییزم لە کوردستانەوە بۆ ئەورووپا

6

میتراییزم، یان میهرپەرستی، یەکێکە لە گەورەترین یەزدانەکانی بەر لە زایین لە کوردستانی کەونارا و هیندستان. کۆنترین باسێک، کە لەوبارەیەوە کراوە، مێژووی بۆ 3500 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

سیستەمێکی ئایینی لە دەوری ئەم یەزدانە لە کوردستانی کەونارا و ئەورووپای ئەو سەردەمەدا دروست بوو، کە بە یەزدانی پیت و بەرەکەت، تیشک، هاوڕێیەتی، جوامێری و جەنگاوەری ناسراو بوو، بەڵام پاش چەند سەدە لە کوردستانی ئەو سەردەمە و ئەورووپا، ئەو ئایینە پاشەکشەی کرد، ئەگەرچی بووە سەرچاوەی جوڵانەوەیەکی کرداریی (ئۆمانیستی)، کە بەئاشکرا و بەنهێنی کاریگەریی لەسەر گەلان و کۆمەڵگەی ئەو کاتەی ناو کوردستان و ئەورووپادا گێڕا.

بۆیە پێویستە وەکوو ئایینێکی کوردیی لەگەڵ ئایینگەلی وەکوو زەردەشتی، زەروانی، مانەوی و مەزدەکی لەلایەن نووسەران و توێژەرانی کوردەوە زیاتری لەسەر بنووسرێ و توێژینەوەکان لەوبارەیەوە فراوانتر بکرێن، چونکە سەرچاوەی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئەم ئایینانە کوردستان بووە و لەو کاتەوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێ، بەدەگمەن وڵاتێک دەست دەکەوێت ناوەندی ژمارەیەک ژیار و ئایینی گەورە و بەهێز بووبێت.

لەناو ئەو پاشایانەی دوای ئەسکەندەری مەکدوونی لە ناوچەی ئەرمەنیا و کوماگنە (ناوچەیەکی کۆنە لە سووریا) دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە و هەموویان بەشێک بوون لە ئیمپراتۆریای کوردستان، ناوی میترا (میهرداد) باو بووە و ئاشکرای دەکات، کە میتراییزم، یان میهرپەرستی لەو ناوچانە باڵادەست بووە. ناوی ژمارەیەک لە پاشاکانی حکوومەتی ئەشکانیش میترا (میهرداد) بوون.

جیا لەوەش، بەردەنووسێکی ناسراو لە نەمرووداغی باکووری کوردستان هەیە، کە بە گرنگترین بەڵگەی میتراییزم لە میزوپۆتامیا ناوی دەرکردووە. ئەم بەردەنووسە تایبەتە بە ئانتیخووس، پاشای کوماگنە، لە ساڵی 69 بۆ 38ی بەر لە زایین، کە تێیدا ئاماژە بە ناوی میترە، هلیۆس، ئاپلون و هرمس کراوە. ئەو چوار ناوە هەر یەکێکن و مەبەست لێی میترایە و ئەو ناوانە وێنەی یەزدانێکە، دەستی راستی پاشای گرتووە، وەکوو پاڵپشت و یاوەر. هرمس یەزدانی رێناسی رۆحەکانە، کە یەزدانەکانی سەرزەوی و ئاسمان پێکەوە گرێ دەدا. میتراش هەمان رۆڵی گێڕاوە و پەیوەندیی لەنێوان ئاهوورامەزدا و ئەهریمەن دروست کردووە.

بە قسەی پلووتارخووس مێژوونووسی یۆنان، میتراییزم یەکەم جار لە رێی سەربازەکانی ئیتالیا گەیشتە ئەورووپا و سەرەتا ئایینی جەنگاوەران بووە. میترا بە جەنگاوەر ناسراوە و هەمیشە ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی لە رێگای خێر و چاکەدا دەجەنگن. لە ئایینی میترادا، یەکێک لەو قۆناغانەی دەبێ پەیڕەوکار بەجێی بگەیەنێت، قۆناغی سەربازییە و زیاترین پەیڕەوکارانی میترا لە رۆما، لەناو هێزەکانی سوپادا بوون، کە خۆیان بە سەربازی میترا و جەنگاوەری یەزدان لەسەر زەوی دەزانی.

ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە سەدەی دووەمی پاش زایین لە ئەورووپا گەشەی سەند، بۆ نموونە، ڤالریانووس ماکسیمیانووس وەکوو ئیمپاتۆرییەک لە پوتئۆڤیو لە باکووری رۆژئاوای یۆگسلاڤیا دروست بوو، کە لەو سەردەمەدا چەندین میهرگە (مزگەوتی میهرپەرستەکان)ی دروست کرد لە ئاپوولوم، نومیدی و لامبز هەوڵی ئەوەیان دەدا، ئایینی میهرپەرستی لە سنوورەکانی ئەفریقا نزیک بکەنەوە، بەڵام لە سەدەی سێیەمی زایینیدا، لەناو سەربازانی رۆما کێبرکێیەک بۆ گەشەپێدانی ئایینی میتراییزم و کریستیان دروست بوو و ئاورلیانووس لە ساڵی 274 ویستی ئایینێکی حکوومەتیی لەبەرامبەر میهرپەرستی بنیات بنێت. دیوکلسین، ئیمپراتۆریای رۆما پاڵپشتیی لە میتراییزم دەکرد، بەڵام گەشەکردنی خێرای کریستیان لە ساڵی 400 شکستی بە میتراییزم هێنا.