ئاکەپە بۆ سیناریۆکانی هەڵبژاردن لە هەدەپە نزیک بووەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئاکەپە بۆ سیناریۆکانی هەڵبژاردن لە هەدەپە نزیک بووەتەوە

هەدەپە لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بێئومێد بووە

دەنگۆی نزیكبوونەوەی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) لە پارتی دیموكراتی گەلان (HDP)، ماوەیەكە لەناو میدیاكانی توركیا باسی لێوە دەكرێت، بەڵام لە لایەن هیچ سەركردەیەكی ئەو دوو پارتە پشتڕاست نەكراوەتەوە. هەدەپە لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بێ ئومێدە، بۆیە بە دوای ڕێگەچارەیەکی دیکەدا دەگەڕێت.

كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (CHP)، لە دیمانەیەكدا ئاشكرای كرد، ئاكەپە دەیەوێت لە هەدەپە نزیك بێتەوە، بە دووریشی نازانێ ئاكەپە بە جیدی بیر لەو بابەتە بكاتەوە، چونكە پێشتر كاری لەو شێوەیەی كردووە.

لەڕووی میدیاییەوە تاكوو ئێستا ئاكەپە دژی هەدەپە قسە دەكات و فشارێكی زۆری خستووەتە سەری، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەكان كۆبوونەوەی نهێنیی ئەو دوو پارتە دوور لە چاوی میدیاكانی توركیا بەڕێوە دەچێت.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩، هەدەپە لەدژی كاندیدی ئاكەپە پشتگیریی لە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن كرد، بەڵام دوای سەركەوتنی كاندیدەكەی ئۆپۆزسیۆن، لە پێنج گەورە شارەوانیدا، ئۆپۆزسیۆنی توركیا هیچ هەنگاوێكی نەنا تا هەدەپە بخاتە ناو هاوپەیمانیی (میللەت)ەوە.

بە هۆی ئەوەی پارتی باش (IYI PARTY) پارتێكی نەتەوەپەرستە و هەدەپەی پێ تیرۆریستە، بۆیە كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی جەهەپە، نەیتوانیوە بە ئاشكرا هەدەپە بهێنێتە ناو هاوپەیمانیی (میللەت)ەوە.

جیا لەوەش، لە بەرانبەر ئەو پاڵپشتییە گەورەیەی هەدەپە کە لە پێنج گەورە شارەوانیدا لە كاندیدی ئۆپۆزسیۆنی كرد و ئەنجامی هەڵبژاردنی گۆڕی، پاشان نزیكەی ٨٠ سەرۆك شارەوانیی هەدەپە لە جێگەیان قەیووم دانرا، بەڵام هیچ پارتێكی ئۆپۆزسیۆن ورتەی لێوە نەهات و تەنیا بە قسە پڕۆتستۆیان كرد و هەدەپەیان بە تەنیا بەجێ هێشت.

بە گوێرەی چەند زانیارییەكی میدیاكانی توركیا، هەدەپە لە ئۆپۆزسیۆن بێ ئومێد بووە و بۆی دەركەوتووە تەنیا لەدژی پارتی دەسەڵات دەنگی كوردەكان بە هەدەپە كۆ دەكەنەوە و لە رۆژە سەختەكانی هەدەپەشدا بەهانایەوە ناچن.

ئاكەپە ئەمەی بە هەلێكی باش زانیوە تا لە هەدەپە نزیك ببێتەوە و بەلای خۆدا رای بكێشێت، رەنگە ئەمە ئەستەم بێت، بەڵام لە سیاسەتدا هیچ شتێك مەحاڵ نییە.

ماڵپەڕی (T24)ی توركی باس لەوە دەكات، رەنگە هەدەپە نەچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە و ئاكەپەش ئەوەی ناوێت، بەڵام بە شێوەیەك لە شێوەكان، هەموو هەوڵێك دەدات تا هەدەپە لە هەڵبژارنی سەرۆكایەتیی كۆماردا پشتگیری لە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن نەكات.

ئەگەر هەدەپە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماردا پشتگیری لە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن نەكات، ئەوكات شانسی بردنەوەی رەجەب تەیب ئەرۆدغان بۆ بوونەوەی بە سەركۆماری توركیا زۆر بەهێز دەبێت.

مەدحەت سانجار هاوسەرۆكی هەدەپە، بە ئاشكرا گوتی نیەتمان نییە بچینە ناو هاوپەیمانیی (میللەت)ەوە، ئەمەش دەری دەخات كە بێ ئومێد بوونە لەو هاوپەیمانییە و پارتی باش رێگری لە چوونی هەدەپە بۆ ناو ئەو هاوپەیمانییە دەكات. بەهۆی ئەوەی هەدەپە خاوەنی ٦ ملیۆن دەنگدەرە، بۆیە نەخشەرێگەی هەڵبژاردنی داهاتوو دادەڕێژێت و هەموو ئەگەرەكان باس لەوە دەكەن، ئەمجارەیان هەدەپە پشتگیری لە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن ناكات.

ئاكەپە و مەهەپە كە هاوپەیمانی یەكترین، باش دەزانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ناتوانن بە هەردووكیانەوە ببنە زۆرینە، بۆیە چەند رێگەیەك دەگرنە بەر بۆ ئەوەی لەناو پەرلەمان ببنەوە زۆرینە، هەروەها پۆستی سەرۆكایەتیی كۆماریش مسۆگەر بكەن.

یەكێك لەو رێگەیانە، كەمكردنەوەی رێژەی بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە، لە ٥٠+١ بۆ ٤٠+١، دووەم ڕێگە نزیكبوونەوەیە لە هەدەپە تا بتوانن دەنگی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كەم بكەنەوە. سێیەم نزیكبوونەوە لە كوردە موحافیزكارەكانی باكوورە، تا لەو رێگەیەوە قورسایی خۆیان لە باكوور بسەلمێنن.

لە داهاتوو هەموو ئەو سیناریۆ و دەنگۆیانە، بۆ رای گشتیی توركیا روون دەبێتەوە.