مافی مرۆڤ: ئامادەین لە بەغدا كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی بۆ فەڵەستین ببەستین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مافی مرۆڤ: ئامادەین لە بەغدا كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی بۆ فەڵەستین ببەستین

ئەمڕۆ یەكشەممە كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق ئامادەیی پێشان دا بۆ پێشوازیكردن لە كۆبوونەوەیەكی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا بۆ بابەتی شەڕی ئەم دواییەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل.

موشریق ناجی ئەندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاندووە "سەركۆنەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین و كوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی و تاوانكارییەكانیان دەكەین، كە پێشێلكارییەكی روونی مافەكانی مرۆڤە و تاوانی جەنگ و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەروەها پێشێلكاری پەیماننامەكان یاسا نێودەوڵەتییەكانە لەبارەی مافەكانی مرۆڤەوە".

ئەندامی كۆمسیۆنە عێراقییەكە داواشی لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان و داواكاری گشتی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كردووە "ڕێوشوێنی یاسایی بگرنەبەر و لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل بكەن دەرهەق بە گەلی فەڵەستینی، سەركۆنەی تاوانەكانی ئیسرائیل بكەن".

ناجی داوایەكیشی ئاراستەی تۆڕی عەرەبی بۆ مافەكانی مرۆڤ، دەستەكان و ڕێكخراوە عەرەبییە تایبەتمەندەكان كردووە سەركۆنەی هێرشەكانی ئیسرائیل بكەن.

ئەندامەكەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق دووپاتیشی كردووەتەوە كە ئامادەن ل بەغدا پێشوازی لە كۆبوونەوەی لوتكەی تۆڕ و كۆمسیۆن و ڕێكخراوە عەرەبییەكان بكەن بۆ سەركۆنەكردنی ئیسرائیل.

جێی باسە ماوەی حەفت ڕۆژە شەڕ و بۆردوومانكردن لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەستی پێكردووەتەوە، لە ئەنجامدا بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، لە کەرتی غەزە زیاتر لە 180 كەس گیانیان لەدەست داوە، لایەنی ئیسرائیلیش گیان لەدەستدانی 11 کەسی ڕاگەیاندووە.