كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێكی پارتی بۆ ئاڵا تاڵەبانی: با نیوسەرۆكەكەت دزی و قاچاخچێتی نەكا تا مووچەی تەواو بدرێ

”ئاڵا تاڵەبانی نوێنەری عەرەبەكانە و پێویستە لە خەمی عێراقەكەیدا بێت“

ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و داوای لێدەكات ئەگەر لە خەمی مووچەی مووچەخۆران دایە، با داوا لە نیو سەرۆكەكەی بكات، واز لە دزی و قاچاخچێتیی مەرزەكان بهێنێت و داهاتەكەی بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوە، تاوەكوو مووچەی تەواو دابەش بكرێت.

لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ چەواشەكردنی خەڵك و خۆلادان لە بەرپرسیارێتییان بەرامبەر بە دەست بەسەرداگرتنی داهاتی دەروازەكانی سلێمانی كە بەهۆیەوە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان كەم بۆتەوە، ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بانگەشەی ناردنی نامەیەكی بۆ چەند سەرۆكایەتییەك كردووە.

لە بەرامبەردا شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئاڵا خان كاندیدی عەرەبەکان و ناوچەکانی عێراق بووە و نوێنەری ئەوانیشە، بۆیە هیچ مافێكی بەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە و بە دەنگی شۆڤێنییەكان و كەسانی دژی كوردستان بۆتە پەرلەمانتار، ”هەمووشمان لەبیرمانە چۆن بوو بە پەرلەمانتار، بۆیە باشترە قسە لەسەر عێراقەكەی بكات و باسی ئەو ملیۆنەها كەسە بكات كە ڕۆژانە لەبەرچاوی ئەو لە عێراقدا مافەكانیان پێشێل دەكرێ و هێشتا ئاوی خواردنەوەشیان دەست ناكەوێت“.

ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەگەر ئاڵا تاڵەبانی زۆر لە خەمی مووچەخۆراندایە، با داوا لە لاهوور جەنگی بكات، پارەكانی سلێمانی بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوە و واز لە دزی و قاچاخچێتی بهێنێت. گوتیشی: ”با لە جێی ئەو بانگەشانە، واز لە دزیكردن بهێنن كە پارەكەشی دەدەن بە چەند پەیجێك تاوەكوو ڕۆژانە جنێو بە خەڵك بدەن، ڕەنگە هەر جنێوێكی پەیج و میدیاكانی لاهوور لەسەر خەڵكی كوردستان بە چەند سەد دۆلارێك وەستابێت“.

پێشتریش شوان زراری، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاندبوو، ئاڵا تاڵەبانی لەسەر لیستێکی عەرەبی خۆی کاندید کردووە، هەر ئەویش بوو شانازی بە فرۆشتنی کەرکووکەوە دەكرد و ڕەچەڵەكی خۆی كردە ئەسەدی، بۆیە ”پێمان ناڵێن ئەسەدی چ پەیوەندییەكیان بە كوردستانەوە هەیە تا قسەی لەسەر بكەن؟“.

گوتیشی: ”با کەسێک باسی کوردستان بکات کە خۆی نەفرۆشتبێت، بەڵام ئاڵا تاڵەبانی ناسنامەی خۆت فرۆشت، باکیشی بە خەڵكی كوردستان نییە كە لە چ دۆخێكدان“.

لە ماوەی رابردوودا سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (باسنیوز)ی راگەیاند، دەسەڵاتدارانی یەكێتی مانگانە زیاتر لە سی ملیۆن دۆلار لە داهاتی سنوورەكان بۆ چەند كەسێكی دەست ڕۆیشتووی نێو حزبەكە دەڕوات و بۆ خەزێنەی گشتی ناگەڕێتەوە، هەر بەو هۆیەشەوەیە ئامادە نین رێگە بە چاكسازییەكانی حكوومەت لە خاڵە سنوورییەكان بدەن.

سەرچاوەكە گوتیشی: ”لە سەرەتای ٢٠٢٠ەوە تا ئێستا، زیاتر لە (٥٠٠) ملیۆن دولار لە لایەن ئەو بەرپرسانەوە بردراوە و بۆ داهاتی گشتی نەگەڕێندراوەتەوە“.

ئەمە لە كاتێكدایە كە هەر ئەو دەسەڵاتدارانە ماوە نا ماوە حكوومەت بەوە تۆمەتبار دەكەن كە پارەی پێویست بۆ پڕۆژەكانی سلێمانی تەرخان ناکات. هەرچەندە شارەزایان پێیانوایە كە ئەگەر ئەو پارە دزراوەی سلێمانی بۆ خەزێنەی حكوومەت بگەڕێتەوە، بێگومان لە پرۆژەکانی سلێمانیدا خەرج دەکرێت.