پەرلەمانتارێكی پێشوو: لەپای بەشداریی دژەتیرۆری یەكێتی لە كوشتنی سولەیمانیدا، رەنگە ئێران رەفتاری هاوشێوەی ١٦ی ئۆكتۆبەریان پێ بكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێكی پێشوو: لەپای بەشداریی دژەتیرۆری یەكێتی لە كوشتنی سولەیمانیدا، رەنگە ئێران رەفتاری هاوشێوەی ١٦ی ئۆكتۆبەریان پێ بكات

 

ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، ئێران بە بێدەنگی لێكۆڵینەوە لە راپۆرتەكەی (یاهوو نیوز) لەبارەی بەشدایكردنی دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كوشتنی قاسم سولەیمانی دەكات و دوای ئەوەی دڵنیا دەبێتەوە، چیتر بێدەنگ نابێت و ئەگەر هەیە ناچاریان بكات رەفتاری هاوشێوەی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەریان پێ بكات.

چەند ڕۆژێك تێپەڕ دەبێت بەسەر بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكەی ماڵپەڕی بەناوبانگی (یاهوو نیوز)ی ئەمریكی كە تێیدا ئاشكرای كردبوو، دژە تیرۆری یەكێتی لەنێو فڕۆكەخانەی بەغدا ئۆتۆمبێلەكەی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیسیان بۆ ئەمریكییەكان دەستنیشان كردووە، دواتریش زۆر لە میدیا جیهانیەكان ئاماژەیان بەو راپۆرتەی (یاهوو نیوز) كرد و كاردانەوەی جۆراوجۆر دروست بوون.

لەمبارەیەوە د. بوخاری عه‌بدوڵا، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فرامسیۆنی پارتی، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئێران له ‌به‌رانبه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ کاردانه‌وه‌ی ده‌بێت و لێکۆڵینه‌وه‌ی خۆی بە بێدەنگی ده‌کات، بەڵام دوای ئەوەی دڵنیا دەبێتەوە، بە دڵنیاییەوە كاردانەوەی توندی دەبێت”.


ئەوەشی وەبیر هێنایەوە كە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران لەم دواییانە بە ڕوونی رای گەیاندووە كە هەر كەس و لایەنێك دەستی لە كوشتنی قاسم سولەیمانیدا هەبووبێت، سزا دەدرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق، سەرسوڕمانیی خۆی لەوە دەربڕی، ئاخۆ لە كاتێكدا یەكێتی و بە تایبەتیش ئەوانەی كە دەستیان بەسەر هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیدا گرتووە، پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، چۆن بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی كوشتنی كەسێك دەكەن كە خۆیان فەرمانی لێ وەردەگرن؟

گوتیشی: ”ئەگەر ئێران دڵنیا ببێتەوە لەم دۆسیەیە، ئەوا دوور نییە فشاری زۆر لە دژەتیرۆری یەكێتی بكات و ناچاریان بكات چەندین رەفتاری هاوشێوەی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ ئەنجام بدەن، چونكە ئەودەم ئیدی یەكێتی لەبن فشاری ئەوەدا دەبێت كە بیسەلمێنێت دڵسۆزی ئێرانە و لای ئێران پەرێزی خۆی پاك بكاتەوە، یانیش رەنگە دژەتیرۆری یەكێتی ئەزیەتی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بدات، وێڕای لەگەڵ چەندان ئەگەری دیكەش بەڵام ئەم دوو ئەگەرە لە هەرە لەپێشەكانن“.

ئەوەشی نەشاردەوە كە ئێران هەرچەندە ساڵانێكی زۆرە نەیارانە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەجووڵێتەوە، بەڵام ”ورد هەڵسوكەوت دەكات و خۆی بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە دەكات“.