كوردستان و كورد لە مێژوودا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كه‌یوان ئازاد 16/05/2021

كوردستان و كورد لە مێژوودا

19


گۆتییەكان


(گوتییەكان) سێیەمین كۆمەڵى كوردستانى بوون، كە دواى سوئى و لۆلۆبییەكان ناویان چووەتە تۆمارەكانى مێژووەوە. وەك دەركەوتووە، ئەوان یەكەمین كۆمەڵ بوون قەڵاى كەركووكیان ئاوەدان كردووەتەوە و تێدا نیشتەجێ بوون، بەڵام وەك (گوتى) ناویان نەچووەتە لاپەڕەكانی مێژووەوە، چونكە وەك (دوو) كۆمەڵەكەى پێشوو، هیچ یەك لە خۆیان مێژوو و دەساوەردەكانی خۆیان تۆمار نەكردووە و نەنووسیوەتەوە، تا ئەو كاتەی لەلایەن سۆمەری و ئەكەدی و ئاشوورییەكان نووسراونەتەوە.

ئەوەش لە بێخەمیی ئەوان بووبێت، وەك كورد لەئێستادا، یان بەهۆی فەوتاندنی نووسراوەكان بووبێت لەلایەن داگیركەرانی كوردستانەوە، مێژووی ئەوان بەهۆی تۆماری پادشاكانی سۆمەری و ئەكەدی و ئاشوورییەوە پارێزراوە. ئەوان نەبوونايە، زۆربەی ئەو مێژووەمان ون دەبوو.

كاتێكيش ئاوڕ لە زاراوەی (گوتی یان كوتى) دەدەينەوە، بڕوا وایە لە زاراوەی (كردا)وە هاتبێت، بە هۆكارى ئەوەى، ئەكەدییەكان لە نيوەى يەكەمى هەزارەی سێیەمى پێش زایین، زاراوەى (كوتى)يان بۆ دانیشتوانى ناوچەى كەركووكى ئێستا بەكار هێناوە. هەر بۆيە، پێدەچێت زاراوەى (كردا، لاى ئەكەدییەكان بووبێتە (كوت). ئەوەش بەهۆى ئەوەى، ئەكەدییەكان پیتى (د)یان بۆ پیتى (ت) گۆڕیوە، بەو هۆيەشەوە، وشەكە لە (كردا)ەوە بووەتە (كرتا) و بووەتە (كوتا) و بووەتە (كوت).

كۆى ئەو رووداوانەش دواى ئەوە هات، كە هەریەك لە (سەرجۆنى ئەكەدی/2334- 2279 پ.ز) دامەزرێنەری ئیمپراتۆری ئەكەدی و (نارام سین/2254- 2219 پ.ز) چوارەمین پادشای ئەكەدی، لە زنجیرە شاڵاوەكانیاندا پەلاماری سنووری دەسەڵاتى گوتییەكانیان دا و مەترسییان بۆ سەر (ئاراپخا)ی بنكەی دەسەڵاتیان دروست كرد. بەهۆی ئەو شاڵاو و مەترسییانەشەوە، گوتییەكان كەوتنە بەرچاو و سەرنجی ئەكەدییەكانیان ڕاكێشا و لەنێو تۆمارە مێژووییەكانی خۆیاندا جێگایان بۆ كردنەوە.

لەپاڵ ئەوەشدا، سۆمەرییەكان وەك پێكهاتەیەكی مێژووی عێراقی كۆن و هاوسێى ئەكەدییەكان، گوتییەكانیان خستە نێو تۆمارەكانی خۆیان. بەو تۆمارانەش بێت (ئیردویزیر) وەك یەكەم پادشا و (ئیلۆلۆمیش) وەك دوایەمین پادشا دانراون. یەكەمیان هاوچەرخی پادشاى ئەكەدى (نرام سین) و دوا پادشایان هاوسەردەمى (شۆدرۆل/(2168- 2154 پ.ز) بووە، كە لە سەردەمی دوا پادشای گوتی كۆتایی بە ژیان و دەسەڵاتى هات.

بەگشتى، گوتییەكان بە كۆمەڵێكى شەڕكەر و ئازا ناسران و ترسێكی زۆریان بۆ سەر دەسەڵاتى سۆمەری و ئەكەدی و ئاشوورییەكان دروست كرد، هەروەها توانییان ئیمپراتۆریی ئەكەدی لە ساڵى (2154 پ.ز) بڕووخێنن و دوایەمین پادشایان لەناو ببەن و پایتەختەكەیان (ئەكەد) بسووتێنن، بۆ یەكەمین جاریش لە مێژوودا، پەیڕەویان لە سیستەمى پشتاوپشت نەكرد و بە شێوەی هەڵبژاردن پادشای خۆیان دانا.

وەك سەرچاوە شوێنەواری و مێژووییەكان باسی دەكەن، هەڵبژاردنى پادشا لاى ئەوان، لەلایەن (ئەنجومەنی پیران)ەوە بۆ ماوەی (حەوت) ساڵ دیاری دەكرا. دواى خۆیشی دەسەڵات بۆ كوڕ، یان برا و مامی نەدەگەڕایەوە، بەڵكوو جارێكی دی هەر لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە، كەسێكی شیاو بۆ ئەو پۆستە دیاری دەكرا. ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوون بوو بۆ بوونى ڕژێمێكی دیموكراتی لەو سەردەمەیە لە كوردستانى كۆندا.

ئەوەش بەپێچەوانەی پادشایانی مێژووی كۆن، كە تا مردن فەرمانڕەوایەتیى ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەكرد و دواى خۆشیان كوڕ یان برا و كەسێكی نزیكیان شوێنى دەگرتنەوە. لەم پێودانگەشەوە، پادشایانی گوتی بەپێى بڕیاری ئەنجومەن بۆ ماوەى (حەوت) ساڵ فەرمانڕەوایەتيیان دەكرد. خۆ ئەگەر بەر لە كۆچی دواییكردنيان لە شەڕێكدا بكوژرانایە، یان كۆچی دواییان بكردایە، یان بەهۆی هەڵەیەكەوە لەلایەن ئەنجومەنى پیرانەوە لاببرایە، یەكێكى دی لە پاكترین و شیاوترین و بەتواناترین و ئازاترین خەڵكانی گوتی بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێرا. ئەم سیستەمەش وای كردبوو، كاروبارەكان بێ ستەم و چەوسانەوە بەڕێوە بچن.

بەهێزیی گوتییەكان لە ئاستێكدا بوو، كە دواى هێرشە بەردەوامەكانی ئەكەدییەكان بۆ سەر پایتەخت و ناوچەكانی سنووری دەسەڵاتیان، دواجار (ئیلۆلۆمش) پادشای گوتی لە ساڵى (2230 پ‎ز) و لە شاڵاوێكیدا پەلاماری ئەكەدییەكانی دا و دواى گرتنی پایتەختەكەیان (ئەكەد) و تاڵانكردن و سووتاندنى، دەستیان بەسەر زۆربەی ناوچەكانى سۆمەرى و ئەكەدا گرت و بۆ ماوەی (120) ساڵ فەرمانڕەوایەتیی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی ئەمڕۆیان كرد.

بەو پێیەیشی باوەڕى ئایینى گوتییەكان پەرستنی خودای خۆر بوو بە ناوی (ئاراپخا)، بۆیە داوایان لە سۆمەری و ئەكەدییەكان كرد، واز لە پەرستنی پادشاكانیان بهێنن و خودای خۆر بپەرستن. ئەوەش بۆ ئەوان جێگای قبووڵ نەبوو. هەر بۆیە دوای زنجیرەیەك خۆپیشاندان و راپەڕین، دواجار لەلایەن (ئۆتۆحیكال/ 2047- 2030 پ.ز)ى پادشای دەوڵەتەكەی وەركای سۆمەری، كۆتایی بە دەسەڵاتيان هات و لە ناوچەكانی سۆمەر و ئەكەد دەركران. دواى پادشاى گوتییەكانیش، كە ناوی (تریكان) بوو، دواى (چل) رۆژ لە پادشایەتی، لەو شاڵاوەدا كوژراو و كۆتایی بە دەسەڵاتى خۆى و دەوڵەتەكەى هات.

وەك لە دەقێكی سۆمەریشدا هاتووە (ئوتوحیكال گوتییەكانى لەناو برد. ئەو گوتییانەى ڕێویى چیاكان و دوژمنى خوداكان بوون، وڵاتیان دووچارى ئاژاوە و وێرانكارى كرد)1. ئەم وتەیەش راستييەكى مێژوویی گرنگى لەخۆ گرتووە، بەوەی كۆتایی دەسەڵاتى ئەمان لەسەر دەستى ئەو پادشایەی سۆمەری بووە. ناوهێنانیشيان بە ڕێویی چیاكان و ڕێزنەگرتن لە خوداكان لەسەر ئەو باوەڕەوە بوو، كە گوتییەكان دژى ئەوە بوون، كۆمەڵانی خەڵك پادشاكانیان بە خودا بزانن و وەك خودای سەر زەوی لێیان بڕوانن.

هەروەها دژى فرە خودایی بوون و باوەڕیان بە یەكتاپەرستیى خۆر بووە. هەر بۆیە تا بۆیان كرا دژایەتیی ئەو باوەڕەیان كرد. هەر ئەوەش وای كرد ئەو كۆمەڵەیە لەلایەن مێژوونووسانى عەرەبەوە بە دڕندە و ئاژاوەگێڕ پێناسە بكرێ.

لێرەوە گوتییەكان لە مێژووی خۆیاندا باوەڕیان بە یاسا و بنەماكانی دەوڵەتەكەی خۆیان بوو. پیاوانی ئایینییش لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا یارمەتیدەری ئەنجومەن و پادشاكانیان بوون. زمانى ئاخاوتنيان گوتی و نووسینیشيان بسماری بوو. هەروەها لای سۆمەری و ئەكەدییەكان بە ڕەگەزێكی سپی و باڵابەرز و چوارشانە ناسرابوون. هەر بۆیە توانای جەستەی سەربازییان تەواو بوو و توانییان ڕووبەڕووى زلهێزەكانى ئەو سەردەمە ببنەوە.
----
1د. جمال رشيد احمد و د. فوزي رشيد: تاريخ الكرد القديم، ص56.