كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

خورماتوو.. بەشێكی بەرچاو لە هاووڵاتییانی كورد خانووەكانیان دەفرۆشن

زۆربەی کڕیارەکان عەرەب و تورکمانن

بەشێكی یەرچاو لە هاووڵاتییانی كوردی خورماتوو لەسەر خانووەكانیان نووسیویانە بۆ فرۆشتن و زیاتر كڕیارانیش توركمان و عەرەبن، بەرپرسێكی كوردیش هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەممە 16/5/2021، ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە و نەمانی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری خورماتوو، رووداوی جۆراوجۆری ئەمنیی نەخوازراو لە ناوچەكە بەردەوام ڕوو دەدەن، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاوی كوردانی خورماتوو دەیانەوێت خانووەكانیان بفرۆشن و كۆچ بكەن بەرەو شارەکانی هەرێمی كوردستان".

روونیشی كردەوە: "لەناو ئەو خێزانانەی كە دەیانەوێت كۆچ بكەن، پێشتر و لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، بەڵام بەهۆی خراپیی باری گوزەرانیان لە هەرێمی كوردستان، گەڕانەوە خورماتوو، بەڵام ئەوانەی كە گەڕاونەتەوە، لە دڵەڕاوكێدا دەژین و دڵنیا نین لە ژیانیان، هەروەها ئومێدی باشبوونی دۆخی ئەمنی لە ناوچەكە ناكەن، چونكە زوڵم و زۆرداری لە ناوچەكە زۆر دەكرێت و كورد كە خۆی خاوەن ماڵە، كەچی ئێستا حیسابی پلە دوویان بۆ دەكرێت، بۆیە هاووڵاتییانی كورد ئەوانەی پێیان بكرێت هەوڵ دەدەن شارەكە بەجێ بهێڵن".

ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "چارەسەری بارودۆخی ئەمنی ناوچەكە و گەڕانەوی پێگەی كورد، تەنیا بە گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچەکەوە بەندە".