بەوێنە.. ئەشکەوتی کچ و کوڕ شوێنەوارێکی نەناسراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. ئەشکەوتی کچ و کوڕ شوێنەوارێکی نەناسراوە

ئەم ئەشکەوتە هاوشێوە و هاوسەردەمی گۆڕ دەخمەکانی میدییە و لەڕووی شێوازی دروستکردن و شوێنی جۆگرافییەوە زۆر نزیکە لە ئەشکەوتی قزقاپان، بۆیە مەزەندە دەکرێت کە ئەم ئەشکەوتەش وەک ئەشکەوتی قزقاپان شوێنەوارێکی ئایینیی زەردەشتی بێت و بە مەبەستی ناشتنی مردوو، یان تایبەت بۆ رێوەڕەسمی ئایینی دروست کرا بێت.

هەڵکەوتەی جۆگرافیی ئەشکەوتی کچ و کوڕ دەکەوێتە سنووری گوندی "شیلەخان" بەرانبەر ناحیەی پیرەمەگروون و لەناو چیای "کەوتای"ی سەر بە قەزای سوورداش لە پارێزگای سلێمانی.

ئەشکەوتی کوڕ و کچ بە قەبارەی درێژیی شەش مەتر و ٦٠ سانتیمەتر و پانییەکەی لە لای ڕاستەوە دوو مەتر و ٦٠ سانتی مەتر و لەلای چەپەوە دوو مەتر و ٤٠ سانتی مەتر دروست کراوە.

لە ناوەڕاستی ئەم ئەشکەوتە دەستکردەدا کونێکی چوارگۆشە بە بەرزیی ١١٥ سانتی مەتر و پانیی ٣٥ سانتی مەتر دروست کراوە. لە بەشی ژوورەوەی ئەم کونە، ژوورێک هەیە و لەناو ژوورەکە گۆڕێک دروست کراوە بە قووڵیی ٤٠ سانتی مەتر و پانیی یەک مەتر.

لە بەشی پێشەوەی ئەشکەوتەکە شوێنەواری دوو کۆڵەکە، یان ستوون دیارە کە تەنها لە میچەکەیەوە ئاسەواری ماوە. بە گوتەی شوێنەوارناسان ئەم ئەشکەوتە هاوسەردەمە لەگەڵ ئەشکەوتی قزقاپان بەم جیاوازییەی کە ئەشکەوتی قزقاپان تەواو کراوە، بەڵام ئەم ئەشکەوتە تەنها کۆڵەکەکانی دروست کراوە و بە نیوەچڵی بە جێ هێلراوتەوە.

لە ڕێبەری شوێنەواری عێراق و ساڵی ١٩٦٥ کە لە لایەن تاها باقر و فواد سەفەرەوە نووسراوە، تەنها لە چەند دێڕێکدا باس لە شوێنی جۆگرافی و ئەندازە و قەبارەکانی ئەم ئەشکەوتە کراوە و زۆر بە کەمی باس لە مێژووی دەکات و دەڵێت ئەگەری هەیە ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمی فەروەرتیش بگەڕێتەوە و گۆڕەکەی ناو ئەشکەوتەکەش هەر هی پاشای میدییەکان، واتە فەروەرتیش بێت.

هەرچەند تا ئێستا چەند شوێنەوارناسی بیانی بە مەبەستی توێژینەوە سەردانی ئەم ئەشکەوتەیان کردووە، بەڵام زۆربەی هەوڵەکان تەنها وەک سەردانکردن بووە و هیچ چالاکییەک، یان کنە و پشکنینێکی زانستیی بۆ ئەنجام نەدراوە و تا ئێستا خوێندنەوە و توێژینەوەی ئەکادیمی و تایبەت بۆ ئەم ئەشکەوتە نەکراوە و زانیاریی زانستی زۆرمان لەسەری نییە و ئەوەی کە هەیە تەنها وەک رووپێوی و دیاریکردنی رووبەر و خوێندنەوەی رووی دیار و هەڵکۆڵدراوی ئەشکەوتەکەیە.

جووتیار ئەحمەد، ماستەر لە شوێنەوار لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی دەڵێت بۆ دیاریکردنی سەردەمە مێژوویی راستەقینە، هەروەها ئەوەی کە ئایا ئەم شوێنەوارە تایبەتە بە پاشای میدی "فەروەرتیش"، دەبێت بەردە نووسراوەی سەر گۆڕەکە بدۆزرێتەوە و توێژینەوەی ئەکادیمی- زانستی بۆ بکرێت جا دڵنیا دەبین لە ساڵ و سەردەم و مەبەستی دروستکردنی ئەشکەوتەکە.

لە بارەی ناوی ئەم ئەشکەوتە کە ناوێکی سەردەمیانەیە و هێشتا ناوی ڕەسەن و مێژووییەکەی دیار نییە، قسەیەک هەیە کە دەڵێن ناوی کوڕ و کچ لە چیرۆکێکەوە هاتووە کە ئەشکەوتەکە بووەتە پەناگەی کچ و کوڕێک کە یەکتریان خۆش ویستووە و بۆ هەڵاتن پەنایان بۆ ئەم ئەشکەوتە بردووە، بەڵام ئەمە تەنها قسەیەکە و هیچ سەرچاوەیەکی نووسراو و زانستی باوەڕپێکراو باسی نەکردووە.