سەرۆك بارزانی: مامۆستایانی كوردستان خۆنەویستانە و فیداكارانە هەمیشە پێشەنگی خۆڕاگری بوونە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرۆك بارزانی: مامۆستایانی كوردستان خۆنەویستانە و فیداكارانە هەمیشە پێشەنگی خۆڕاگری بوونە

ئەمڕۆ شەممە ١٥ی٥ی٢٠٢١ سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی ٥٩یەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و جەختی کردووەتەوە مامۆستایانی ئازیز نموونەیەكی باڵا بوونە بۆ هاندان و پێگەیاندن و بەردەوامبوونی فێربوون و زانست.

لە بەشێک لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە: "ئەوەشمان هەردەم لەبەرچاوە كە لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا مامۆستایانی كوردستان خۆنەویستانە و فیداكارانە هەمیشە پێشەنگی خۆڕاگری بوونە و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن و زانست لە كوردستاندا بوەستێت".

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان

بەبۆنەی پەنجاو نۆیەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەرجەم مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم كە سوپاسی ڕۆڵی بەرزی مامۆستایان بكەم لە بڵاوكردنی هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و پێگەیاندنی قوتابیان لە گشت قۆناغەكانی شۆڕش و خەبات و تێكۆشانی گەلەكەماندا. ئەوەشمان هەردەم لەبەرچاوە كە لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا مامۆستایانی كوردستان خۆنەویستانە و فیداكارانە هەمیشە پێشەنگی خۆڕاگری بوونە و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن و زانست لە كوردستاندا بوەستێت و سەرباری بوونی قەیران و كێشەی گەورە مامۆستایانی ئازیز نموونەیەكی باڵا بوونە بۆ هاندان و پێگەیاندن و بەردەوامبوونی فێربوون و زانست. سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی مامۆستایانی كوردستان دەكەم و ئێمە هەموومان خۆمان بە قەرزاری مامۆستایان دەزانین.

هیوای بەردەوامی و سەركەوتن بۆ هەموو مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم.

مسعود بارزانی

١٥ـی ئایاری ٢٠٢١