کانوونی نووسەرانی کوردستان/ ڕۆژهەڵات سێیەمین کۆنفرانسی خۆی دەبەستێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کانوونی نووسەرانی کوردستان/ ڕۆژهەڵات سێیەمین کۆنفرانسی خۆی دەبەستێت

(کانوونی نووسەرانی کوردستان/ ڕۆژهەڵات) کە دامەزراوەیەکی پیشەیی، ئەدەبی، فەرهەنگیی سەربەخۆیە و تایبەتە بە نووسەر و ئەدیبانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە سێیەم کۆنفرانسی خۆی دەبەستێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە کانوونی نووسەرانی کوردستان / ڕۆژهەڵات لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەلایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، سێیەمین کۆنفرانسی ئەو دامەزراوە ئەدەبی و فەرهەنگییە بە بەشداریی زیاتر لە ٧٠ نووسەر و ئەدیبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و بە شێوەی ئۆنلاین لە ماوەی دوو ڕۆژدا بەڕێوە دەچێت.

لەمبارەوە جەمال نەجاری، شاعیر و نووسەر و ئەندامی دەستەی ئامادەکاری کۆنفرانسی سێیەمی کانوونی نووسەرانی کوردستان / ڕۆژهەڵات بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دەستەی ئامادەکاری کانوون لە سێ مانگ لەمەوبەرەوە بڕیاری بەستنی کۆنفرانسی ئاسایی خۆی دا و بۆ ئەم مەبەستەش پێنج کەس وەک دەستەی ئامادەکاری کۆنفرانس دەستنیشان کران و ئامادەکارییەکان دەستییان پێکرد و دەستەی بەڕێوەبەری بڕیاری دا کە دەبێ لە کۆنفرانسدا گۆڕانکاریی گرنگ لە ناو و پێکهاتەی کانووندا بکرێت".

جەمال نەجاری ئاماژەی بەوەش کرد: "بەپێی ئەو کار و ئامادەکارییانەی کە دەستەی ئامادەکار لەم ماوەیەدا کردوویە، پێم وایە ئەم کۆنفرانسە و گۆڕانکارییەک کە بۆ کاری داهاتووی کانوون کراون، دەبێتە دەسپێکی قۆناغیکی گرنگ و وەرزێکی نوێ لە کار و چالاکیی ئەدەبی و فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان".

ئەو بەرپرسەی کانوونی نووسەرانی کوردستان لەبارەی ئەو گۆڕانکاری و بڕیارانەی کە لە کۆنفرانسی سێیەمدا دێنە گۆڕێ، گوتیشی: "دەستەی ئامادەکاری کۆنفرانس، گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بەسەر پێکهاتە و ناو و بەرنامە و پێڕەوی ناوەندی نووسەرانی کوردستاندا هێناوە و چەندین بەند و خاڵی پێ زیاد کردووە، هاوکات ئەو گۆڕانکارییانە بە ڕاوێژ لەگەڵ نووسەران و ئەدیبانی ڕۆژهەڵات کراون و بڕیارە ئەمڕۆ لە یەکێک لە پانێلەکاندا بخرێتە بەرباس و دوای تاوتوێکردن و وەرگرتنی ڕا و سەرنجی ئەندامانی کۆنفرانس، بۆ پەسەندکردنی کۆتایی بخرێتە دەنگدانەوە".

جەمال نەجاری لە درێژەی لێداوانەکەیدا گوتی: "ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانس لە سێ پەنێلی جیاوازدا بەڕێوە دەچێت و جیا لە پەیام و ڕاپۆرتی بەرپرسی کانوونی نووسەرانی کوردستان، چەندین نووسەر و ئەدیبی ناسراو وتار و پەیامیان دەبێت، هاوکات چەندین ڕێکخراو و ئەنجوومەنی فەرهەنگی و ئەدەبیی ڕۆژهەڵات و باشوووری کوردستانیش پەیامیان بۆ کۆنفرانس ناردووە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ڕۆژی کۆتایی کۆنفرانسدا دەستەی نوێی بەڕێوەبەریی کانوونی نوووسەرانی کوردستان / ڕۆژهەڵات بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵدەبژیردرێن. ئەوەی جێگەی سەرنج و بایەخە و جیاوازە لە کۆنفرانس و کۆبوونەوە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی دیکە، لەم کۆنفرانسەدا ژنانی نووسەر و ئەدیبی ڕۆژهەڵات گرنگییەکی زۆریان پێ دراوە و ڕێژەیەکی بەرچاو بەشدارن و لە وتار و پانێلەکاندا دەوری بەرچاویان هەیە".

کانوونی نووسەرانی کوردستان / ڕۆژهەڵات، ڕێکەوتی ١ی٦ی٢٠٠٤ لەلایەن نووسەرانی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دامەزراوە و لە وڵاتی نەرویج بە فەرمی تۆمار کراوە و لە ئاستی نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتانی سکاندیناڤیا خاوەن پێگەیە و جیاواز لە کاری فەرهەنگی و ئەدەبی، داکۆکی لە ئازادیی رادەبڕین و مافی مرۆڤ دەکات و لەپێناو پشتیوانی لە نووسەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەکۆشێت.