پەرلەمان، وەرە قسە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمان، وەرە قسە!

مرۆڤ هەرچەندە بیەوێت خۆی لە شیکاری هەواڵ و ڕووداوەکان دوور بگرێت، بەڵام هەندێک جار ناچار دەبێت لە هەمبەر هەندێک زانیاریی و هەواڵ و بابەت بێدەنگی بشکێنێت. لە ڕۆژی ١٢ی ئایاری ٢٠٢١ لە ئاژانسى هه‌واڵى (باسنیوز) هەواڵێکم بەناوی "هاوڕێ مەلا ستار بە کوشتنی کەسێک تۆمەتبارە و بە فشاری لاهوور جەنگی دۆسیەکەی داخراوە" خوێندەوە. ئەمە ناونیشانێکی هێندە زەقە، مرۆڤ ئەگەر مردووشی لێ مردبێت، ناتوانێت بەسەر پێکەنین و بیرکردنەوە و ڕاچلەکینێکی بەهێز زاڵ بێت. لە ناونیشانەکەدا تۆمەتبارکردنی بە "کوشتن"ی ئەندامێکی پەرلەمان لە زەق زەقتر دیارە، سەرباری پەنادانی تاوانبار لەلایەن کەسێکەوە، ئەمەش دەبێتە ئاماژەکردن بە تۆمەتێکی دیکەی ئاشکرا. هەردوو زانیاریی پێچەوانەی سەروەریی و پابەستبوون بە یاسایە.

ئەوی جێگەی سەرنجی منە هاووڵاتی نوێنەرەکانیان بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی یاسایان بۆ دابڕێژن، ئەگەر ئەو کەسانە خۆیان تاوانبار بن، دەبێت ئەم دەزگایە گرنگە ئەرکە یاساییەکانی بەرەو چ ئاراستەیەک هەنگاو بنێت و میللەت تووشی چ ماڵوێرانییەک بن؟. بۆ دەبێت پەرلەمان لە کەیسێکی لەم جۆرە، کە نەک هەر تەنیا بابەتێکی ئاسایی دژە یاسایە، یان تەنیا پێشێلکاریی یاساییە، نەخێر ئەمە تاوانی کوشتن و خۆشاردنەوە لە یاسا و هەتکكردنی بنەماکانی دادپەروەریی و ڕێزنەگرتنی یاسایە. لە هەموو شتێک کارەساتر ئەوەیە ئەندام پەرلەمانێک ناوی بە بکوژ و تاوانبار بەم زەقی و ئاشکراییە بێت.

زۆر فیلمی هۆلیدۆم دەربارەی تاوان و تاوانکاریی بینیوە، ئەوەی لەم هەواڵ و ڕاپۆرتەی باسنیوز خوێندمەوە، باسی نێوەڕۆکی فیلمێک ناکات، بەڵکوو دەبێژێت ئەمە هەقیقەتە، لە هەمان کاتدا ئەگەر ئەم جۆرە هەواڵە نادروست بێت، پێویستە خاوەنی هەواڵ و دەزگای بڵاوکەرەوەی هەواڵەکە بە ئاسانی ئەم جۆرە هەواڵانەیان بەسەردا تێ نەپەڕێت و سزا بدرێن. ئەمە تۆمەتبارکردن نییە، بەڵکوو خۆی یەکلایی کردۆتەوە کە فڵانە ئەندام پەرلەمان تاوانبارە و تاوانی کردووە و ئاماژە بە شوێن و ناو و کات و بەڵگەی دادگا و شێوازی ئەنجامدانی تاوانەکەش دەکات.

من ڕووم لە پەرلەمانی کوردستانە، یان دەبێت ئیعلانی مردنی خۆیان بکەن، یان دەبێت بۆ جارێک گۆڕ هەڵتەکێنن و نەهێڵن کەسانی تاوانبار بە کوشتن لەم شوێنە یاسایی و رێزلێگیراوە دابنیشن، ئەگەر بێدەنگیش بکەن، وەکوو ئەوەیە ئیعلانی مردنی کەرامەت و دەسەڵات و پێگەی مەعنەویی و یاسایی خۆیان بکەن، ئەگەر پەرلەمانیش ناتوانێت قسەیەکی هەق، بڕیارێکی دادپەروەرانەی متمانەدار بدات، با پەرلەمانتارە یاساییەکان، ئەوانەی سوێندیان بۆ سەروەربوونی یاسا و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی خواردووە، بۆ جارێک تەنیا بۆ جارێک نیشانی بدەن، نوێنەری هەقیقی و ڕاستگۆی میللەتن، قسەیەک بۆ مێژوو بکەن، ئەگەر نا پێویستە ڕێگە نەدەن ئەم جۆرە زانیارییانە لە ڕاگەیاندن بڵاو بکرێنەوە، کە بنەمایان نییە، ئەگەر بنەماشی هەیە، پێویستە دەستوبرد بکەن، لە سزادان و لادانی هەر کەسێک کە ئەم جۆرە فایل و تۆمەتانەیان بەسەردا ساخ دەکرێتەوە، بە تایبەتی ئەگەر فایلدارە تۆمەتبارکراوەکە ئەندامی خودی دامەزراوەکەی خۆیانە.

گۆڕ هەڵتەکێنە ئەی پەرلەمان، دەزانم ئێوە نوێنەری گەل و میللەت نین، ئێوە نوێنەری حزبە سیاسییەکانن، هەڵەی ئێوە لە کۆتاییدا باجەکەی دەکەوێتە ئه‌ستۆی حزبەکانتان، ئەگەر حزبەکانیش قسەیەکی هەق و کردەیەکی دادپەروەرانەیان نەبێت، هاووڵاتی دەبێتە تاوانباری یەکەم لە بەرانبەر ئەو دەنگەی بە کەسێک و لایەنێکی دەدات، شیاو و شایەنی ئەم متمانە و دەنگە نین.

پەرلەمانی کوردستان، گۆڕ هەڵتەکێنە... با چیتر بە مردووتان نەبینین.. گۆڕهەڵتەکێنن پەرلەمنتاران، یان دادگایەکی دادپەروەرانەی ڕاگەیاندنەکان بکەن، یان تاوانباران مەکەنە پاڵەوانێکی پەنادراوی دژ بەیاسا.