سەفین دزەیی: ئێمه‌ به‌ توندى ڕووداوى هێرشكردنه‌ سه‌ر هاونیشتمانییانمان له‌ توركیا شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەفین دزەیی: ئێمه‌ به‌ توندى ڕووداوى هێرشكردنه‌ سه‌ر هاونیشتمانییانمان له‌ توركیا شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگه‌یاندراوێكى له‌باره‌ى هێرشكردنه‌ سه‌ر خێزانێكى كوردى خه‌ڵكى هه‌ولێر له‌ شارێكى توركیا بڵاو كرده‌وه‌ و ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت: "ئێمه‌ به‌ توندى ڕووداوه‌كه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین".

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 14/5/2021، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگه‌یاندراوێكى سه‌فین دزه‌یی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، تێیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌: "ئێمە بە توندی ڕووداوەکە شەرمەزار دەکەین، بەداخەوە ئەو خێزانە دەستدرێژییەکی نامرۆڤانەیان کراوەتە سەر، بە تایبەت کە منداڵ و خانمی خێزانەکە لە شوێنەکەدا بوون، ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان دراون، سێ کەس دەستگیر کراون".

لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئەو هاونیشتمانییەوە کە هێرشیان کرایە سەر، سه‌فین دزه‌یی ده‌ڵێت: "پەیوەندیم بە کاک موشتاق کردووە و سوپاس بۆ خوا ڕەوشی تەندروستیی جێگیرە".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕوونیشى كردووه‌ته‌وه‌: "ئێمە پەیوەندیمان بە کونسوڵی تورکیا لە هەولێر کردووە و ناڕەزایی خۆمانمان پێگەیاندووە، هیوادارین بەرپرسەکانی تورکیا بە دروستی بڕیار بدەن".

دیمه‌نێكی ڤیدیۆیی له‌ میدیاكان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاو كرایه‌وه‌، كه‌ له‌ شاری مێرسین، له‌لایه‌ن گرووپێكه‌وه‌ هێرش كرابووه‌ سه‌ر خێزانێكی كوردی خه‌ڵكی هه‌ولێر و دوو له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ بریندار كران، پێشتر پارێزگای هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی كرد و ڕای گه‌یاند قبووڵ ناكه‌ن له‌ هیچ شوێنێك و له‌ ژێر هیچ پاساوێكدا هێرش بكرێته‌ سه‌ر هاوشارییان.