د. بەشیر حەداد: ڕێگە نادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر هاونیشتمانییانمان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

د. بەشیر حەداد: ڕێگە نادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر هاونیشتمانییانمان

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ڕاگه‌یاندراوێكى له‌باره‌ى هێرشكردنه‌ سه‌ر خێزانێكى كوردى خه‌ڵكى هه‌ولێر له‌ شارێكى توركیا بڵاو كرده‌وه‌ و ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت: "ڕێگە نادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر هاونیشتمانیانمان".

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 14/5/2021، نووسینگەی ڕاگەیاندنی د. به‌شیر حه‌داد، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ڕاگه‌یاندراوێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، د. بەشیر حەداد، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوی هێرشکردنەی کە کراوەتە سەر چەند هاونیشتمانییەکی هەولێر لە شاری مێرسین لە تورکیا، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە هەریەک لە باڵوێزی تورکیا لە عێراق و کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و باڵوێزی عێراق لە تورکیا کرد.

جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانى عێراق بە هەریەک لە باڵه‌ێزی تورکیا لە بەغدا و کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووه‌: "پێویستە حکوومەتی تورکیا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوە بکات و به زووترین كات کەسانی تاوانبار ڕووبەڕووی یاسا بکاتەوە، هه‌روه‌ها وردەکاریی ڕووداوەکەش بۆ لایەنی عێراقی بخاتە ڕوو، داواشی لە باڵوێزی عێراق لە تورکیا کرد، لە ڕێگەی یاساییەوە بەدوای ئەو کەیسەدا بڕۆن و مافی ئەو هاونیشتمانییانە وەربگرنەوە".

د. به‌شیر حه‌داد باسى له‌وه‌ش كردووه‌: "رێگە نادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر هاونیشتمانییانمان و له رێگای وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی فیدراڵ و باڵوێزی توركیا، بەدواداچوونی جددی بۆ ئەو هێرشە دەکەین كه‌ لە تورکیا کراوەتە سەر چەند هاونیشتمانییەکی شاری هەولێر".

ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو: پێویستە حکوومەتی تورکیا بەدواداچوونی جددی بۆ ئەو ڕووداوە بکات و ڕێگە نەدات ڕووداوێکی دیکەی لەو شێوەیە ڕوو بدات، چونکە ئێمە دوو وڵاتی دراوسێین و پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری و کلتووری و تەنانەت سیاسیش لە نێوانماندا هەیە، هەروەک چۆن هاونیشتمانییانی ئێمە سەردانی تورکیا دەکەن، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی تورکیاش لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێڕاق کار دەکەن".

دیمه‌نێكی ڤیدیۆیی له‌ میدیاكان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاو كرایه‌وه‌، كه‌ له‌ شاری مێرسین، له‌لایه‌ن گرووپێكه‌وه‌ هێرش كرابووه‌ سه‌ر خێزانێكی كوردی خه‌ڵكی هه‌ولێر و دوو له‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ بریندار كران، پێشتر پارێزگای هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی كرد و ڕای گه‌یاند قبووڵ ناكه‌ن له‌ هیچ شوێنێك و له‌ ژێر هیچ پاساوێكدا هێرش بكرێته‌ سه‌ر هاوشاریيان.