كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پیرانشار.. هاووڵاتییەکی کورد سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حزبێکی کوردی دژبەری ئێران، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، محەمەد مورادی، خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهابادوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد غوڵامی، سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دووخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێی بە سەردا سەپا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سزایە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپاوە و ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٢ی مەی ٢٠٢١) دوای ئەوەی بانگ کراوە بۆ ژووری جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی نەغەدە بە فەرمی سزاکەی پێ ڕاگەیەندراوە.

محەمەد مرادی خەڵکی گوندی قەبری حوسێنی پیرانشار کە شەش مانگ ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە و ساڵی ٢٠١٧ لەو حزبە جیا بووەتەوە  و چووەتەوە ئێران و مانگی سیپتەمبەری ٢٠١٧ خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەرچەند محەمەد خۆی تەسلیم کردووەتەوە، بەڵام سوپای پاسداران لە ڕێگای یەکێک لە ئەندامەکانی خۆیەوەی بە ناوی "عەلی ئاتەش بەرگ" دۆسیەیەکیان بۆ کردووەتەوە و وایان نیشان داوە کە محەمەد لە کاتێکدا سێ چەکی پێ بووە دەستگیر کراوە.

محەمەد مورادی دوای دەستبەسەرکران بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرایەوە و دواتر بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە و ئێستا لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

جێگای ئاماژەیە دوو برای محەمەد بە ناوەکانی "عەبدوڕەحمان و سادق مورادی" ڕۆژی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان لەدەست دا.