كۆمپانیاكانی به‌ریتانیا بەنیازن وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتی گواستنه‌وه‌ی هەرێمی كوردستاندا بكه‌ن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كۆمپانیاكانی به‌ریتانیا بەنیازن وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتی گواستنه‌وه‌ی هەرێمی كوردستاندا بكه‌ن

ئانۆ جه‌وهه‌ر وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندی كۆمپانیایه‌كی وه‌به‌رهێنانی به‌ریتانیا كرد و بە سەرۆكایەتی تاڤان عومه‌ر.

وه‌زارەتی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كردەوە له‌ دیدارێكی هاوبه‌شدا باس له‌ پلانه‌كانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا بۆ به‌ره‌و پێشبردنی سێكته‌ره‌كانی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ میانه‌یان هێڵی ئاسنین و تراموه‌ی و هێڵی خێرای ناوخۆیی له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێم، هه‌روه‌ها به‌ستنه‌وه‌ی هه‌رێم به‌ عێراق و وڵاتانی ئێران و توركیا و جیهان.

شاندی میوانیش خۆشحاڵیان به‌ ره‌وشی ئارام و سه‌قامگیریی كوردستان ده‌ربڕی كه‌ هانده‌رێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان و ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوە بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و هێڵی خێرای زه‌مینی به‌شێوه‌ی وه‌به‌رهێنان.

هه‌روه‌ها رایانگه‌یاندووە كە ئه‌وان ته‌واوی دیزاینی ئه‌و پڕۆژانه‌یان جێبه‌جێ كردووه‌ و هه‌ر كاتێك له‌ چوارچێوه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، ده‌ست به‌ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كان ده‌كه‌ن و رۆڵی خۆیان به‌باشی ده‌بینن له‌ هاوكاریكردنی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن بۆ پێشخستنی سێكته‌ری گواستنه‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن خۆشحاڵی بۆ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ربڕی و رای گه‌یاند هه‌وڵی جیدی ده‌ده‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كان و پڕۆژه‌كان به‌ زووترین كات و له ‌چوارچێوه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنان و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تدا ده‌رگای كاركردن به‌ رووی هه‌موو كۆمپانیاكان به‌بێ جیاوازی كراوه‌یه‌.