دژەتیرۆری یەکێتی ١٨ ساڵ دوای بێسەروشوێنكردنی، كوشتنی سەركردەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامی رادەگەیەنێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دژەتیرۆری یەکێتی ١٨ ساڵ دوای بێسەروشوێنكردنی، كوشتنی سەركردەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامی رادەگەیەنێت

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوە: سەركردەكەمان بەبێ تاوان دەستگیر كرابوو

دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاش بێسەروشوێنكردنی سەركردەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان بۆ ماوەی ١٨ ساڵ، ئینجا كوشتنی رادەگەیەنن.

ئەنوەر عەنەبی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە ساڵی ٢٠٠٣وە مەلا عابید، سەركردەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەورامان، لە لایەن دژەتیرۆری یەکێتییەوە دەستگیر كراوە ”بەبێ ئەوەی ھیچ تاوانێکی کردبێت“.

ڕوونیشی كردەوە: ”چەندینجار شاندی باڵای بزووتنەوە سەردانی یەکێتی کردووە و داوای ئازادکردنی مەلا عابیدی کردووە، ھەروەھا خێزان و منداڵەکانی ساڵانێکی دوور و درێژە چاوەڕێی گەڕانەوەی باوکیان دەکەن، بەڵام بەداخەوە دوای ئەو ھەموو چاوەڕوانییە، ئاگادار کراینەوە کە مەلا عابید لە ژیاندا نەماوە“.

مەلا عابید حەسەن، ساڵی ١٩٦١ لە هەڵەبجە لەدایک بووە و خێزاندارە و باوكی سێ منداڵە، پێش دەستگیركردنی، بەرپرسی میحوەری بزووتنەوەی ئیسلامی بووە لە ناوچەی هەورامان و دوای هێرشی ئەمریكا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر رژێمی بەعس، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بزووتنەوە چووەتە ئێران، دواتر بە بەڵێنی چەند بەرپرسێکی یەكێتی گەڕاوەتەوە هەڵەبجە.

زانیاری کوڕی مەلا عابید پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (هاوڵاتی) گوتوویەتی، لە چەند لایەکەوە بەڵێن بە باوكی دراوە بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و حەقیان نابێت بەسەریەوە، دواتر بەرپرسانی باڵای یەكێتی داوای ئەوەیان لێ كردووە لە رووی هەواڵگرییەوە هاوكارییان بكات، ئەویش رەتی كردۆتەوە، بۆیە لە دوایین دانیشتندا كە لە ڕۆژی ٢١ی ٧ی ٢٠٠٣ لەگەڵ ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتی ئەنجامی داوە، مەلا عابید لە لایەن هێزێكی دژەتیرۆری یەكێتییەوە دەستگیر دەكرێت و بێسەروشوێن دەكرێت.

هێشتا نازاندرێت ئاخۆ مەلا عابید حەسەن راستەوخۆ دوای دەستگیركردن و ڕفاندنی لە لایەن دژە تیرۆری یەكێتییەوە كوژراوە، یاخود لە نێو زیندانەكان و لە كاتی ئەشكەنجەداندا كوژراوە؟