بەرپرسێک پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە و بازاڕ دەخاتەڕوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرپرسێک پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە و بازاڕ دەخاتەڕوو

سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکوومەت پلان و بەرنامەی لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی مانگانە مووچە بگاتە دەستی فەرمانبەران، جووڵەی بازاڕ رانەگیرێت و گەنجانیش هەلی كاری نوێیان دەست بكەوێ.

د.عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: حكوومەت پرسی مووچەی فەرمانبەران، مینحەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی لە ریزبەندی پێشەوەی كارەكانی داناوە، ”ستراتیژیی سەرەكیی حكوومەت لەسەر بنەمای دابینكردنی مووچە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و راستكردنەوەی رەوشی ئابووری، داڕێژراوە".

عەبدولحەكیم خەسرۆ ئاماژەی بە پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: لە پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستان میكانیزمێک بۆ چارەسەركردنی پرسی كورتهێنان دانراوە، بە شێوەیەک كە كاریگەریی لەسەر بودجەی بەكارخستن نەبێت، ”بە شێوەیەكی گشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی كەمكرنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات كاری كردووە، بۆ ئەوەی كورتهێنانی دارایی رابگرێت".

سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون جەختی لەوە کردەوە، کە حکوومەت پلان و بەرنامەی لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی مانگانە مووچە بگاتە دەستی فەرمانبەران و جوڵەی بازاڕ نەوەستێت، کە لە ئەنجامی نەوەستانی جوڵەی بازار خەڵكی بەتایبەتی گەنجان هەلی كاری نوێیان دەست دەكەوێت، ”بۆ پاڵپشتیكردنی ئەم پلانەش حكوومەت سیاسەتی گەشەپێدانی ئابووری و فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهاتی گرتووەتە بەر، بەوەش پارەیەكی زۆر بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێتەوە و لە رووی كوالێتی و ئەداشەوە ئاستی خزمەتگوزارییە پێشكەشكراوەكان باشتر دەبێت".

عەبدولحەکیم خەسرۆ ئاماژەی بەوەش دا، لەبواری چاكسازییەكان کاری باشکراوە داهاتێكی باش بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە، "توانراوە ئەو كەموكورتییانە و زۆر لەو كێشانە چارەسەر بكرێت كە لە سەرەتای كابینەكەدا رێگر بوون لە بەردەم باشكردنی بارودۆخەكە و رێكخستنەوەی كاری كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت".