بەرپرسێكی گۆڕان لە سلێمانی: فرۆشتنی قوتابخانەکانی سلێمانی جگە لە مافیاگەری و چەتەگەری ھیچی دیکە نییە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرپرسێكی گۆڕان لە سلێمانی: فرۆشتنی قوتابخانەکانی سلێمانی جگە لە مافیاگەری و چەتەگەری ھیچی دیکە نییە

کۆمپانیاییەکی حزبی لە سلێمانی لە ٪٣٣ی شارەکەی لەسەر تاپۆکراوە

ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆی فرۆشتنی ژمارەیەک قوتابخانەی سلێمانی بە کەرتی تایبەت لە میدیاکاندا بڵاوبووەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) کۆمپانیایەكی یەكێتی و چەند بازرگانێکی شاری سلێمانی ھەوڵی ئەوە دەدەن ئەو قوتابخانانە بکڕن و زەویەکەشی بکەن بە پڕۆژەی وەبەرھێنان.

سێوە خدر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ھەرچەندە فرۆشتنی چەند قوتابخانەیەکی شاری سلێمانی بە ھۆکاری ئەوەی کە موڵکی گشتییە گرێبەستەکانیان ھەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ھەوڵی فرۆشتنی ئەو چەند قوتابخانەیە تاوانێکی ئەوەندە گەورەیە دەچێتە چوارچێوەی چەتەگەری و مافیاگەرییەوە".

گوتیشی: "ئێستا پارێزگای سلێمانی کێشەی کەمی باڵەخانەی قوتابخانەی ھەیە، ساڵی٢٠١٩ چەند خێرخوازێکی شارەکە، ئامادەیی ئەوەیان دەربڕی،بەپێی پێویستی شوێنەکان قوتابخانە دروست بکەن،  بەڵام شارەوانیی سلێمانی بەپاساوی ئەوەی کە شوێنی ئەو زەویانە کشتوکاڵین یان نزیکن لە موڵکی گشتییەوە ڕێگا نادات خێرخوازەکان  قوتابخانە دروست بکەن، بەڵام ئێمە لەگەڵ پەروەردەی سلێمانی و شارەوانی لەسەر ئەو پرسە کۆبووینەتەوە و بڕیارە دوای جەژن کۆبوونەوەیەکی فروان لەگەڵ ستافی پەروەردەی سلێمانی و شارەوانی سلێمانی ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست بۆ کێشەی کەمی بینای قوتابخانە بدۆزینەوە".

سێوە خدر، ئاماژەی بە ئەوەش کرد: "ئەوانەی کە موڵکی گشتی دەفرۆشن و شوێنە ستراتیژییەکانی شاری سلێمانی دەفرۆشن،  تاوانێکی گەورە دەکەن، ھەروەھا خەڵکی ئەم شارە نیگەرانە لەوەی چەند کەسێکی باڵادەست سیما جوانەکانی ئەم شارە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەھێنن".

تایبەت بەو باسە زەردەشت ڕەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو قوتابخانانە هیچیان نەفرۆشراون بەڵام دوو قوتابخانەی تورکی لە سلێمانی ھەن کە خوێندن تێیاندا بە پارەیە پێشتر بڕیاربوو ئەو دوو قوتابخانەیە بە زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێن، بەڵام دواجار بە بڕیارێکی فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشایەوە".

لای خۆیەوە ئەردەڵان شێخ فاتیح، پارێزەر و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی،  لە بارەی فرۆشتنی بەشێک لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای  سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە یاسایی ژمارە (١)ی (٦)ی مانگی(١)ی ساڵی (٢٠٢١)ی پەرلەمانی کوردستاندا کە تایبەتە بە فرۆشتن و بە کرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە ھەرێمی کوردستان ، لە ماددەی (٣٤)ی یاساکە ھاتووە بە گەڕانەوە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کاتی پێویستدا دەتوانرێت موڵکی دەوڵەت بفرۆشرێت یاخود بە کرێ بدرێت، بە ڕەزامەندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "یاساکە جەختیکردووەتەوە، پێویستە گرنگییەک ھەبێت دواتر موڵکەکە بفرۆشرێت یاخود بە کرێ بدرێت، بەڵام بەداخەوە لەلایەن کۆمپانیا حیزبیەکانەوە نەخشەی ستراتیژی پارێزگاکان چاوی تێدەبڕدرێت، بۆ بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی لە کاتێکدا ئەو پڕۆژانە پڕۆژەی دێرینن و ساڵانێکی زۆر خزمەتیان بە ھاووڵاتیان کردووە، ئەوانە موڵکی گشتین دەبێت بەکاربھێنرێنەوە بۆ خزمەتی گشتی".

ئەو پارێزەرە دەشڵێ: "لە ماوەی ڕابردوو بینیمان لە پارێزگای سلێمانی نەخۆشخانەی فریاکەوتن درا بە کەرتی تایبەت کە ئەمەش زیانگەیاندنە بە حکومەت، ئەمەش ئابڕووچوونێکی گەورەی سیاسی و ئیدارییە و پێچەوانەی سەرجەمی یاساکانیشە، بەڵام لەلایەن حیزبەکانەوە فێڵ دەکرێت، ئەگینا بەرژەوەندی ھاووڵاتی لە فرۆشتنی قوتابخانە و نەخۆشخانەدا نییە".

ئەردەڵان شێخ فاتیح، ئاماژەی بە ئەوەش کرد: "ئەگەر ھاووڵاتیان ناڕەزایەتییان نەبێت شەپۆڵێکی گەورەی فرۆشتنی موڵکی گشتی لە سنووری شاری سلێمانی دەستپێدەکات، ئەوەتا وەکو باس دەکرێت کۆمپانیاییەکی حزبی لە سلێمانی لە ٪٣٣ی ئەم شارەی لە سەر تاپۆکراوە، ھەروەھا ماوەی کەرەنتینە بوو بە دەرفەتێک بۆ کۆمەڵێک سیاسیی ھەڵتۆقیوی چاوچنۆک کە دەسترێژی بکەنە سەر موڵکی گشتی و شوێنە ستراتیژییەکانی شاری سلێمانی بفرۆشن".