دژە تیرۆری یەكێتی زیاتر لە چوار ساڵە بازرگانێكی بەبێ دادگاییكردن زیندانی كردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دژە تیرۆری یەكێتی زیاتر لە چوار ساڵە بازرگانێكی بەبێ دادگاییكردن زیندانی كردووە

”باسی ئازادیی ڕادەبڕین دەكەن، کەچی دەیان کەسیان لایە کە ساڵانێکە بەبێ دادگاییکردن ئەشکەنجە دەدرێن“

دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاتر لە چوار ساڵ و سێ مانگە بازرگانێكی دەستگیر كردووە و لە زیندانی ئاخنیوە، بەبێ ئەوەی كەس هۆكاری دەستگیركردنەكەی بزانێت و تەنانەت دادگاییش بكرێت.

رۆژنامەنووسێك بە ناوی (زانكۆ بورهان) ژمارەیەك بەڵگەی ڤیدیۆیی و تۆماری دەنگی بڵاو كردۆتەوە و رای گەیاندووە، ناكرێت كەسانێك باسی ئازادی بكەن، كەچی خۆشیان دژی ئازادی و ستەمكار بن.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ماوەی چوار ساڵ و سێ مانگ و دوو ڕۆژە، گەنجێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی بەهمەن حسێنی كە بازرگانی قوماش بووە، بەبێ دادگاییکردن و تەنانەت بەبێ ئەوەی كەس هۆكارەكەشی بزانێت، لەلایەن دژەتیرۆری یەکێتییەوە زیندانی كراوە كە لاهوور جەنگی سەرپەرشتی دەكات و ”تا ئێستاش دیار نییە ماوە یاخود مردووە یان کوژراوە“.

جەختیشی كردۆتەوە كە لە ٩ی شوباتی ٢٠١٧ ئەو گەنجە لە لایەن دژە تیرۆری یەكێتییەوە بەبێ هیچ فەرمانێكی دادوەر ڕفێندراوە و ”گومان لەوەدا نییە لەزیندانی دژەتیرۆرە“.

رۆژنامەنووسەكە لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی ئەو گەنجەی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، ئاشكرای كردووە كە ”بەهمەن حوسێنی مامەڵەی بازرگانی قوماش و فەرشی لەگەڵ چەن بازرگانێک لە هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر کردووە، فەرشێکی گرانبەهای بە فەرماندەیەکی دژەتیرۆری یەكێتی بە ناوی (سەلمان ئەمین) ناسراو بە مەلا ئەژی فرۆشتووە کە دەکاتە برای (موسەنا ئەمین)ـی پەرلەمانتاری یەکگرتوو، بەڵام پارەکەی پێ نەداوە و بەو هۆیەشەوە بۆتە دەمەقاڵێیان، هەربۆیە دەستگیر کراوە، ئەمەش بە ئاشکرا دیارە كە دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی بۆ مەرامی کەسی بەكار دەهێندرێت“.

ئەوەشی دركاندووە كە ئەم کارەی دژەتیرۆری یەکێتی بەتەواوەتی دژی مافەکانی مرۆڤ و زیندانییانە، ”ئەمەش کاری یەکەمجاریان نییە و چەندینجار ھاوشێوەی ئەم پێشێلکارییەیان ئەنجامداوە، نوێترینیان مانگێک پێش ئێستا بوو کە کادیرێکی کۆمەڵەیان بە ناوی (سمکۆ بەنەفشی) بەبێ فەرمانی دادوەر ڕفاند“.

ئەو ڕۆژنامەنووسە جەختی كردۆتەوە: ”ناكرێ لاهوور جەنگی و حزبەكەی باسی ئازادیی ڕادەبڕین بكەن، کەچی خۆشیان دەیان کەسیان لایە کە ساڵانێکە بەبێ دادگایی کردن لە زیندانەکانیاندا ئەشکەنجە دەدرێن“. داواشی لە سەركردایەتیی یەكێتی كردووە، ئەگەر زانیارییەكانی لە بارەی ئەو گەنجەی رۆژهەڵاتی كوردستان راست نین، ڕوونکردنەوە بدەن و بڵێن هیچ کەسێک بە ناوی بەهمەن حوسێنی لای ئێمە نییە و ئەم ڕۆژنامەنووسە و دەزگاکەیان ڕاست ناکەن.