كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزیری شارەوانی: پرۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری لەسەر چیای سەفین جێبەجێ دەكرێت

"٦٠ تاکوو ٦٥ پرۆژەی گەورە و مامناوەند بۆ هەموو پارێزگاکان هەیە"

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات پرۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لەسەر چیای سەفین جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی٥ی٢٠٢١ بەشی ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە: "ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رای دەگەیەنێت كە پرۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری هاوشێوەی پرۆژەی تەلفریكی چیای زاوای دهۆك لەسەر چیای سەفینی شەقڵاوەش دەكرێتەوە و بانگهێشتی سەرجەم وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی كوردستانیش دەكات بۆ ئەوەی پرۆژەی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن و دەشڵێت حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پەرە بە كەرتی گەشتوگوزاری دەدات".

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت: "كەرتی گەشتوگوزار جێی بایەخی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و لەناو پێكهاتەی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشدا دەستەیەكی سەربەخۆ كاروبارەكانی ئەو كەرتە بەڕێوە دەبات و ماستەرپلانێكی گشتی بۆ سەرجەم هەرێمی كوردستان هەیە و 60 تاكوو 65 پرۆژەی گەورە و مامناوەندمان بۆ هەموو پارێزگەكانی كوردستان هەیە".

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کردووە: "خواستی ئێمە لە پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاردا لەوەی ئێستا هەمانە زۆر زیاترە و دەمانەوێت بایەخی زیاتر بەو سێكتەرە بدەین، لە بەرنامەماندایە پرۆژەی گەشتوگوزاری هاوشێوەی تەلەفریكەكەی چیای زاوای دهۆك، لەسەر چیای سەفین لە شەقڵاوەش جێبەجێ بكەین".

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانیش دەكات لە پرۆژەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان سەرمایەكانیان بخەنەگەڕ، لەمبارەیەوە دەڵێت: بانگهێشتی سەرمایەداران و وەبەرهێنەران دەكەین بۆ ئەوەی سوود لە بەرزایی و چیاكانی كوردستان وەربگرن و پرۆژەی گەشتیاری هاوشێوەی پرۆژەی تەلفریكی چیای زاوای دهۆك، لەو شوێنە گەشتیارییانەی تاكوو ئێستا دەستیان پێ نەگەیشتووە پرۆژەی هاوشێوە بكەن و لە هەر شوێنێكیش وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت بیانەوێت سوود لەو شوێنانە وەربگرن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیرییان دەكات كە بەشێوەیەكی باش سەرمایەكانیان لە هەموو بوارەكان و بە تایبەتی لە بواری گەشتوگوزاردا بخەنە گەڕ".