بە مەبەستى تەواوکردنى ماستەرپلانى خزمەتگوزارییەکان، سەرۆکایەتیى شارەوانیى هەولێر ژمارەیەک پرۆژەى خزمەتگوزارى لە ههولێر ڕاگهیاند.
ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانیى هەولێر، لە پرێس كۆنفرانسێكدا گوتى: "بەپێی ئەو پلانەى دانراوە و لەسەر ڕێنوێنییهكانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان فەرمانمان پێکراوە، دواى وەرگرتنى ڕەزامەندیى وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان، ژمارەیەک پڕۆژە لە باشوورى شارى هەولێر جێبەجێ دەکەین، بەتایبەتى ئەو ناوچەیەى کە دەکەوێتە نێوان شەقامى هەولێر - کەسنەزان بۆ شەقامى هەولێر - مووسڵ".
باسی لەوەش کرد، کە پڕۆژەکان کە بە گوژمەى دوو ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن، خۆی لە دروستکردنى ئاوەڕۆ و شەقامەکانى گەڕەکەکانى فەرمانبەران و ژیان و ڕۆشنبیری دەگرێت، هەموو پارەکەش لەسەر داهاتى سەرۆکایەتیى شارەوانیى هەولێر خەرج دەکرێت.
سەرۆکى شارەوانیى هەولێر گوتیشى: "ئەمە قۆناغى یەکەمە بەو داهاتەى خۆمان جێبەجێی دەکەین و دەرخستەى بۆ کراوە، دواتر لە قۆناغەکانى داهاتوو چەندان پڕۆژەى جۆراوجۆر جێبەجێ دەکەین".