بەمەبەستى گەشەپێدانى کەرتى تەندروستى لە هەولێری پایتەخت، بۆ یەکەمجار لە سەر ئاستى هەرێمى کوردستان تاقیگەى جۆری Aی کە پلە بەرزە دروست دەکرێت.
لە ڕێوڕەسمێکدا ئەمڕۆ دووشەممە١٠/٥/٢٠٢١ لە گەڕەکى کوورانى عەنکاوە، بەردى بناغەى تاقیگەى پێشکەوتووى جۆری Aی دانرا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لەمبارەوە گوتى: "لە سەروبەندى ئەم پڕۆسەیەى کە وەک گەشەپێدان دێتە ئەژمار، سێ قۆناغە کە لە یەکەم قۆناغدا بایی ٢٨ ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خەرج دەکەین و لە قۆناغى دووەمدا ٢٦ ملیار دینار و لە قۆناغى سێیەمدا بایی نزیکەى٧٠ ملیار دیناری بۆ تەرخان دەکرێت و پڕۆژەکە لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت.
پاریزگاری هەولێر باسی لەوەش کرد: "ئەو پڕۆژانە بۆ هەموو ناوچەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دەبن و هەموو هاووڵاتییان بە یەکەوە سوودى لێ وەردەگرن".
ئومید خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد: "لەو پڕۆژانەى کە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر جێبەجێ دەکرێن بەشێک لە خێرخوازانى هەولێر و هەرێمی کوردستان جێبەجێیان دەکەن و ئەوەش مایەى خۆشحاڵیى ئێمەیە کە هاوڵاتیان ئەو گیانى هاوکارییەیان هەبێت و ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە لە کابینەى نۆیەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاسانکارى بۆ کەرتى تایبەت دەکەین و ڕۆتین کەم دەکەینەوە و هەموو هەنگاوێکیش بۆ ئاوەدانى و خۆشگوزەرانى خەڵکى کوردستان هەڵدەگرین".
لەبارەى ئەو تاقیگەیەوە د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستیى هەولێر گوتى: "ئەو تاقیگەیە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستان لە شارى هەولێر دادەمەزرێت، چونکە جیاوازە لە تاقیگەکانى دیکەى کە لە کوردستان و هەولێر هەبووە، بەتایبەتى ئەم تاقیگەیە چەند بەشێک لە خۆی دەگرێت و زیاتر لەسەر شیوەى نەخۆشخانەیەک دروست دەکرێت و تێچووى پڕۆژەکەش بە گوژمەى دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارە لەسەر زەوییەک بە ڕووبەرى ٣٥٠٠ مەتر دووجا دروست دەکرێت کە پڕۆژەکە وەک بەخششێک لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانى گەلیاوە پێشکەش بە شارى هەولێر دەکرێت".