پەرلەمانتارێكی یەكێتیی ئەورووپا بۆ (باسنیوز): ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان وەكوو نموونەیەکی ئاشتیخوازی دەڕوانێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێكی یەكێتیی ئەورووپا بۆ (باسنیوز): ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان وەكوو نموونەیەکی ئاشتیخوازی دەڕوانێت

روكەن خاتوون تورهانڵی

وەرگێڕانی لە توركییەوە: كارزان گلی

ئێڤین ئینجیر، پەرلەمانتاری کورد لە یەكێتیی ئەورووپا لەسەر پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید، كە خەڵكی ئامەدی باكووری كوردستانە، وەكوو ئافرەتێكی زیرەک و سەركەوتووی بواری سیاسەت لە ئەورووپا دادەنرێت.

 ئەو خانمە کوردە لە تەمەنی شەش ساڵییەوە بنەماڵەکەی لە ئامەدەوە بەرەو سوید كۆچیان كردووە و لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە چووەتە ناو سیاسەت.

وەك ئەوەی خۆی باسی لێوە دەكات، لەناو پەرلەمانی ئەورووپا كار بۆ ناساندنی كورد دەكات، هەروەها هەموو هەوڵێك دەدات تا ئەورووپا پشتگیرییەكی تەواوی رۆژئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستان بێت.

ئاژانسی (باسنیوز) دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵدا ساز كردووە و وەكوو ئافرەتێكی كورد لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا، چەندین پرسی گرنگی ورووژاند و وەڵامی پرسیارەکانی (باسنیوز)ی دایەوە و جەخت دەکاتەوە لە ڕوانگەی ئەورووپاوە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە ئاشتیخوازن.

(باسنیوز)- بەهۆی ئەوەی وەكوو كوردێكی كەمینە لە سوید، هەروەها بە ناسنامەی سیاسییەوە تا رادەیەكی باش ناسراویت، بۆیە سەرەتا دەمەوێت بپرسم، لە ١٤ ساڵییەوە وەكوو ئافرەتێكی گەنج، لەسەر چی پێوەرێك چوویتە ناو سیاسەت ئەورووپاوە؟

ئێڤین ئینجیر: سەرەتا دەمەوێت بە كورتی باس لە خۆم بكەم، كاتێك چووینە سوید، تەمەنم ٦ ساڵ بوو، لە ئامەد لەدایك بووم، بەڵام لە سوید گەورە بووم. لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە چوومە ناو پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید، لەناو پارتیش لە قۆڵی گەنجاندا كارم كرد. بەگشتی كە نا دادپەروەری هاتە ئاراوە، بە تایبەت بەرانبەر كور، هەروەها لە هەر لایەكی تریشەوە، حەزم كردووە وەڵامم بۆی هەبێت و ئەم زیهنییەتە بگۆڕم، ئەگەرچی تەمەنیشم منداڵ بوو، بەڵام چوونە ناو سیاسەتم بە كارێكی راست زانیوە بۆ خۆم.

(باسنیوز) - ئەو كوردانەی لە سوید دەژین، ئایا كاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە دەبێت؟ ئایا دەنگی كورد رێژەیەكی زۆرە؟

ئێڤین ئینجیر: بە دڵنیاییەوە، دەنگی كورد لە سوید هەموو جارێك لەسەر زاری سیاسییەكانە كە چەند گرنگە. لە سوید كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستانی لێیە، كە رێژەكەیان١٨٠ هەزار كەس دەبێت، رێژەی دانیشتوانی سوید ١٠ ملیۆن كەسە، لەناو ئەو ١٠ ملیۆنەدا ١٨٠ هەزاری كور كەم نییە. ئەو رێژە لە دانیشتوانەی كورد، بە شێوەیەكی سروشتی كاریگەری لەسەر هەڵبژاردن و سیاسەتی ئەو وڵاتە دەبێت.

(باسنیوز) -كورد رووبەڕووی كۆمەڵكووژی بووەتەوە، ئێستاش ئەو هەڕەشەیە هەیە و لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكرێت، ئایە ئەورووپا و سوید ئەو كۆمەڵكووژییەی بەرامبەر بە كورد كراوە ئاگادارن؟ ئەگەر ئاگادارن هەڵوێستیان چۆنە؟

ئێڤین ئینجیر: لە ئەورووپا و لە سوید، ئیدی گەیشتووینەتە قۆناغێك كە بە باشی كورد دەناسن، من ئەو ساڵانەی هاتوومەتە سوید دەزانم، كاتێك گوتوومە كوردم، لە سوید و لە بەشێكی زۆری ئەورووپا نەیاندەزانی كورد كێیە، بەڵام ئێستا لە سوید و ئەورووپا ئەگەر بەشداری سیاسیت بێت یان نەبێت، كاتێك دەڵێیت كوردم، بە شێوەیەكی زۆر پۆزەتیڤ دەتناسن و سەیرت دەكەن، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە كە كورد چۆنە و ئەو هەڕەشانەی لەسەریەتی چییە زانیارییان لەسەری نییە. كورد كاتێك رووبەڕووی گرووپی تیرۆرستی داعش بوونەوە، زۆر بە باشی وەكوو قارەمان هەلی ئەوە رەخسا كورد بناسرێت، ئەمەش وای كرد دڵسۆزیی زۆریان بۆ كورد هەبێت.

بە تایبەت كۆمەڵكوژیی هەڵەبجە بەردەوام لەسەر زاری ئەوانە، بەڵام ناتوانین بڵێین ئەوان شارەزای مێژوو و ئەو رووداوانەن كە بەسەر كورددا هاتووە، بەڵام هەموو ساڵێك لە ١٦ی٣ لە سوید هەموو پارتە سیاسییەكان یادی كۆمەڵكوژیی هەڵەبجە دەكەنەوە و لێدوان و بەیاننامە بڵاو دەكەنەوە و دەڵێن نابێت ئەو رووداوانە دووبارە ببنەوە.

(باسنیوز) كورد بە شێوەیەك لە شێوەكان، لە شەڕی دژ بە داعشدا لەبری دونیا شەری تیرۆری كرد و قارەمانێتیی نیشانی دونیا دا، هەروەها باجی قورسیشی دا، بەڵام بۆچی ئەو باجە بۆ كورد لەڕووی دیبلۆماسییەوە قازانجی سیاسی نەبوو؟

ئێڤین ئینجیر: جوانت گوت، تەنیا لەڕووی سەربازییەوە باسی دەكەن، بەڵام لەو بڕوایە دام بەم دواییانە گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بەم دواییانە ئەورووپا پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی باشووری كوردستان و رۆژئاوا دروست كردووە و برەویشی پێداوە. بەر لە هاتنی داعش، ئەورووپا هیچ زانیارییەكی لەبارەی رۆژئاوای كورستانەوە نەبوو، بەڵام ئێستا ئەو لایەنە بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بۆ لەمەودوا سوید و ئەرووپا، پەیوەندیی دیبلۆماسی لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەبەستن و برەوی پێ دەدەن. بۆ نموونە لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا، بەردەوام كۆبوونەوە لەبارەی رۆژئاواوە كراوە و هەمووشیان هاوڕان لەسەر ئەوەی لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسییەوە پێویستە پەیوەندییان لەگەڵ رۆژئاوا هەبێت، لە داهاتووشدا ئەو پەیوەندییە بە تەواوی بەرەوپێش دەچێت.

(باسنیوز) - لە رۆژهەڵاتی كوردستان، كوردەكان رووبەڕووی ئازاری زۆر بوونەتەوە، بە تایبەت لەسێدارە دەدرێن و لەسەر سنوور كۆڵبەرەكان دەكەنە ئامانج، هاووڵاتییانمان لەو پارچەیە ئازارەكانیان زۆر گەورەیە، ئایا لە پەرلەمانی ئەورووپا چاودێریی ئەو لایەنە دەكەن؟ ئایا لەو ڕووەوە هیچ زانیارییان پێ دەگات و هیچ هەڵوێستیان هەبووە بەرانبەر بە رژێمی ئێران؟

ئێڤین ئینجیر: وەكوو خۆم و چەند پەرلەمانتارێكی تر، داوامان كردووە دانیشتنی تایبەت لەبارەی ئەو پێشێلكارییانەی ئێران بەرامبەر بە مافی مرۆڤ دەیكات بكرێت، بە تایبەت ئەو پێشێلكارییانەی بەرانبەر بە كورد دەكرێن. لەو ڕووەوە گفتوگۆمان كردووە و راپۆرتمان پێشكەش كردووە، هەروەها هەلی ئەوەمان رەخساندووە نیشانی بدەین، كە ئێران چۆن مامەڵەی خراپ لەگەڵ كورددا دەكات و چۆن مافی مرۆڤ پێشێل دەكات. داواشمان كردووە یەكێتیی ئەورووپا لو ڕووەوە هەڵوێستی جیدیی هەبێت. بەڵام كاتێك لە پەرلەمانی ئەورووپا باس لە هەر چوار پارچەی كوردستان كراوە، كەمترین قسە لەبارەی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە كراوە.

(باسنیوز)- لەناو پەرلەمانی ئەورووپا گروپێكتان هەیە، تایبەتە بە دۆستایەتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی گەلان( HDP) هەروەها گرووپێكیش پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا هەیە، یەكێتی ئەورووپا ئەو پەیوەندییانە چۆن هەڵدەسەنگێنێت و چۆن گفتوگۆی لەبارەوە دەكات؟ ئەم دوو گروپە جیاوازە زیان بە یەكتری دەگەیەنن، یاخود پاڵپشتی یەكترین؟

ئێڤین ئینجیر: لە پەرلەمانی ئەووروپا گرووپ هەیە كە بە جیدی كێشەی كوردی وەرگرتووە و بەبێ جیاوازیش پارێزگاری لە مافەكانیان دەكات، لە دەرەوەی ئەو گرووپەش گرووپی تر هەن راست دەكەیت. لە راستیدا بوونی گرووپی جیاواز بۆ پشتگیریی كورد كارێكی باشە، وەكوو ئەوەی باس دەكرێت زیانیان بۆ كورد و یەكتری نییە، چونكە دەنگی جیاواز و بیركردنەوەی جیاواز بەرهەمی دەبێت و منیش لەناو ئەو گرووپانەدا شوێنم هەیە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەو گرووپانە كارەكانی خۆیان بە باشی نەكردووە. لەو بڕوایە دام، مەترسیی كۆرۆنا كەم ببێتەوە، بە یەكەوە زۆر بە بەهێزییەوە كار دەكەین.

(باسنیوز) دەكرێت بڵێین لەناو پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپادا، كورد دۆستی باشی هەیە؟

ئێڤین ئینجیر: بە دڵنیاییەوە بەڵێ، تەنانەت زۆر بە دڵێكی خۆشەوە دەتوانم بڵێم ئەو گرووپانەی لەناو پەرلەمانی ئەورووپادا دروست بوون، ئەوانەی دۆستی كوردن، لە گرووپە گەورەكانن.

(باسنیوز) لە داهاتوودا بە نیازیت سەردانی هەرێمی كوردستان بكەیت و لە نزیكەوە چاودێریی رەوشی ئێرە بیت؟

ئێڤین ئینجیر: پێشتریش  سێ بۆ چوار جار سەردانی هەرێمی كوردستانم كردووە. دوای كۆتاییهاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەنیازم سەردانی هەرێمی کوردستان بكەمەوە. لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی تری یەكێتیی ئەورووپا بەنیازین و گفتوگۆشمان كردووە، دوای نەمانی كۆرۆنا سەردانی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دەكەین و بە دڵنیاییشەوە ئەمە دەكەین بەڕاست.

(باسنیوز): وەكوو ئەوەی دەزانن، ماوەیەك بەر لە ئێستا پاپای ڤاتیكان سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازیی لێكرا، ئایا یەكێتیی ئەورووپا چۆن سەیری ئەو وێنەیەی كرد؟

ئێڤین ئینجیر: یەكێتیی ئەووروپا سەردانی پاپای ڤاتیكانیان بۆ هەرێمی كوردستان زۆر بە گرنگەوە سەیر كرد و باس كرد. ئەم سەردانەی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی هەرێم، رێگەیەكی زۆر گەورەی كردەوە. ئەوەی لە ئەورووپا چاودێریی ئەو سەردانەی كردووە، بۆی روون بووەوە كە ئەو خەڵكەی لە كوردستان دەژین چەند ئاشتیخواز و چەند میواندۆستن و چەند جیاوازیشیان لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەكە هەیە.