وەزارەتی کشتوکاڵ: بەهۆی گرنگیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی ناوخۆ زیادی كردووە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزارەتی کشتوکاڵ: بەهۆی گرنگیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی ناوخۆ زیادی كردووە

176 پرۆژەی كشتوكاڵی و سامانی ئاژەڵ مۆڵەتیان پێ دراوە

وەزارەتی كشتوكاڵ ئاشكرای دەكات، لە دوای كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەروبوومە كشتوكاڵییەكان زیادیان كردووە و بەرپرسێکی وەزارەتەكەش دەڵێت بەھۆی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ، بەرھەمی ناوخۆ زۆر بووە.

بەگوێرەی ئامار و داتاكانی وەزارەتی کشتوکاڵ، كە دەست (باسنیوز) كەوتووە، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژیی كشتوكاڵ کەوتنە واری جێبەجێکردنەوە، بەتایبەت لە بواری سامانی ئاژەڵدا.

 بەپێی ئامارەكە، گرێبەستی کار لەگەڵ هەشت ھەزار جووتیار کراوە، مۆڵەت بە دروستکردنی کارگەیەکی بەرھەمھێنانی ھێلکە لە خەلەکان دراوە، كە توانای بەرھەمھێنانی 37 ملیۆن ھێلکەی ھەیە لە ساڵێکدا، هەروەها موڵەت بە دروستکردنی پرۆژەیەکی فراوانی شیر دراوە و دەستیش بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ستراتیژیی بەرھەمھێنانی مریشکی هەولێر كراوە.

هەروەها پرۆژەی ھێلکە و بەرھەمھێنانی 500 ھەزار ھێلکە لە یەک رۆژدا لە پارێزگای ھەڵەبجە كەوتووەتە كار، لەلایەکی دیکەوە، پرۆژەی بەرھەمھێنانی 100 ھەزار پەنجەماسی لە پارێزگای دھۆک كەوتووەتە كار.

بەپێی ئامار و داتاكان 176 پرۆژەی كشتوكاڵی و سامانی ئاژەڵ لە ماوەی رابردوو مۆڵەتیان پێ دراوە. بەرھەمھێنان و دابەشکردنی 400 ھەزار نەمامی باخداری، بەرھەمھێنان و دابەشکردنی 600 ھەزار نەمامی دارستان، دابەشکردنی پەین و نایلۆن بۆ 400 جووتیار، کە خاوەنی خانووی پلاستیکین، پاڵپشتیکردنی 460 جووتیاری خاوەن باخی زەیتوون و سێو و ھەنار.

 لە ماوەی كاری كابینەی نۆیەمدا، بۆ یەکەمجارە لە ھەرێمی کوردستان بڕی 240 تۆن پەتاتە لە خانووی پلاستیکیدا بچێندرێت.

لەمبارەوە حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بەھۆی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ، بەرھەمی ناوخۆ زۆر زیادی کردووە و بەردەوامیش لە زیادبووندایە، ھۆکارەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، کە حکوومەت گرنگیی بە کەرتەکە داوە و جووتیارانیش خۆیان ھاندەر بوون".

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: "ئامانجمان پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ و باشترکردنی کەرتی کشتوکاڵە، ئەرکی ئێمە دابینکردنی ئاساییشی خۆراکە، ئەوەش لەڕێگەی پاراستنی بەرھەمی ناوخۆوە دابین دەکرێت، بۆیە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی ئێمە ئەوەیە، کە ساڵانە لە سیاسەت و بەرنامەی خۆماندا ئەو لیستە ئامادە دەکەین، کە چۆن بتوانین پارێزگاریی لە بەرھەمی ناوخۆ بکەین؟ کاتێ لە پێداویستیی ناوخۆ زیاد دەبێت، چۆن بەرهەمی هاوردە قەدەغە بکەین؟ چۆن باجی بخەینە سەر؟ پاشان چۆن بتوانین بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆ بدۆزینەوە".

لای خۆیەوە، فیراس سدیق، بەرێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستان رای گەیاند: "لە ھەرێمی کوردستان، ھەزار و 560 پرۆژەی مۆڵەتدار و 300 پرۆژەی بێ مۆڵەتی بەرھەمھێنانی مریشک ھەن، ساڵانە بەرھەمەکەیان زیاترە لە 94 ملیۆن مریشک، کە نزیکەی 184 ھەزار تۆن گۆشت بەرھەم دەھێنن، ئەمە لەکاتێکدایە، ھەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە 145 ھەزار تۆن گۆشتی مریشک ھەیە، 39 ھەزار تەنیش زیادە".

گوتیشی: "لەو بوارەدا گەیشتووینەتە قۆناغی خودبژێوی، ئێستا رێژەیەکی زۆر لە مریشکی هەرێمی کوردستان دەچێتە خواروو و ناوەڕاستی عێراق، ھەوڵیشمان داوە زیاتر گرنگیی بە پرۆژەکانی مریشک بدەین، بۆیە رۆژ بۆ رۆژ پرۆژەکان زیاتر دەبن".