گۆڕدەخمەی کەل داوو... شوێنەوارێکی سەردەمی میدییەکانە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گۆڕدەخمەی کەل داوو... شوێنەوارێکی سەردەمی میدییەکانە

گۆڕدەخمەی کەل داوو، کە بە فارسی (دکان داوود)ی پێ دەگوترێت، شوێنەوارێکی سەردەمی میدییەکانە، کە دەکەوێتە گوندی کەل داوودی سەر بە شارۆچکەی سەرپێل زەهاو، لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەم شوێنەوارە نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری سەرپێل زەهاوەوە دوورە. کەل داوو، بە بەرزیی سێزدە مەتر لە رووی ئاستی زەوی، لە ناوەندی چیای کەل داوود هەڵکەندراوە و گەیشتن بە ناوەوەی گۆڕدەخمەکە ئاسان نییە.

لە بەشی پێشەوەی شوێنەوارەکە، هەیوانێک هەیە بە بەرزیی دوو مەتر و شەست سانتیمەتر و پانتایی مەترێک و پەنجا و نۆ سانتیمەتر، ئەم هەیوانە بە درێژایی نۆ مەتر و شەست سانتیمەتر بەرەو ناو چیا و گۆڕدەخمەکە دەڕوات.

لە بەشی پێشەوە و چوونە ژوورەوەی شوێنەوارەکە دوو ستوون هەن، بەڵام بەشی ناوەندی ئەم دوو ستوونە، بە تەواوەتی تێکچوونە و تەنیا لە بەشی بنکە و سەرەوەیە، کە پاشماوەی ستوونەکان ماونەتەوە. کونێک بە پێوانەی مەترێک بە مەتر و نیوێک دەرگای چوونە ژوورەوەی گۆڕەکەیە، کە لەناوەوە پێکهاتووە لە ژوورێکی نزیک بە شێوازی چوارگۆشە، کە لە دیوارەکانی پێنج لێوار دروست کراوە، بە مەبەستی دانانی خێرات، یان کەلوپەلی مردووکە، بەکار هاتووە.

لە بەشێکی ژوورەکەدا گۆڕێک بە شێوازی هێلکەیی، بە قووڵیی حەفتا سانتیمەتر دروست کراوە و لە بەشی بنەوەی گۆڕەکەش چەندین شەقار هەیە، بە بۆچوونی شوێنەوارناسان، شوێنی دانانی چەندین پارچە بەرد یان دار بووە، بۆ ئەوەی تەرمی مردوو لە ئاستی زەویی گۆڕەکە بەرزتر بێت.

هەروەها دەگوترێت، کە سەری گۆڕەکە بە پارچە بەردێکی تایبەت داپۆشراوە، بەڵام ئێستا ئەم سەرپۆشە دیار نەماوە. لە بەشی پێشەوەی ئەم شوێنەوارە، سەقفەکە بە شێوازی تەخت دروست کراوە، بەڵام لە دیوی ژوورەوە سەقفەکەی بە شێوازی تاق، واتا نیو بازنەیی دروست کراوە.

هەشت مەتر خوارتر لەم گۆڕدەخمەیە، چوارچێوەیەکی بەردین هەیە، کە وێنەی پیاوێکی تێدا نەخشێنراوە، بەگوێرەی ئەوەی، کە جلوبەرگی ئەم پیاوە جلوبەرگی سەربازی نین و شێوازی راوەستان و بەرزکردنەوەی دەستەکانی شیوازێکی تایبەتی نیایەش و ڕێوڕەسمی ئایینییە، پسپۆرانی بواری مێژوو و شوێنەوار لەسەر ئەو بڕوایەن، کە ئەمە نەخشی پیاوێکی ئایینی زەردەشتی (مۆغ)ە کە سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکی ئایینی و ستاییشی خواوەندە.

ئەم پیاوە ئایینییە کراسێکی درێژی لەبەر کردووە و کڵاوێکی خڕی لەسەرە، کە هەتا بەشی پشت مل و گوێچکەکانی دادەپۆشێت. لە یەکێک لە دەستەکانی، شاخە دارێکی بە دەستەوەیە و دەستەکەی تریشی بۆ ستاییش بەرەو ئاسمان درێژ کردووە.

کەل داوو، بێجگە لە رووی مێژوویی، لە رووی ئایینیش تایبەتمەندی و پیرۆزیی خۆی هەیە، بەتایبەت لەلایەن بڕوادارانی ئایینی یارسان. پەیڕەوانی ئەهلی حەق، کە هەمان یارسانەکانن، بەم شوێنە مێژووییە دەڵێن (داود کەوسوار) و لە هەندێ کاتی دیاریکراوی ساڵ بۆ جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمە ئایینییە تایبەتەکانیان لەوێ کۆ دەبنەوە و لەپاش جێبەجێکردنی مەراسیمی ئایینییان، خواردن و خواردنەوەکانیان دەکەن بە خێر.

هەر لە بەشی خوارەوەی شوێنەوارەکە، واتە نزیک پێدەشتەکە، گۆڕستانێکی کۆن هەیە، کە ئێستایش بەکار دێت و تایبەتە بە بڕوادارانی ئایینی یارسان و مردووەکانیان لەوێ دەنێژرێن.

وشەی دوکان لە زاراوەی گۆرانی کۆن و زمانی تایبەتیی یارسانەکان، لە دوو وشەی (دو) بە واتای ژمارە دوو و (کان) بە واتای شوێن دێت. بەگشتی ناو و وشەی دوکان بە واتای شوێنێک بۆ خۆشاردنەوە و بە ئەنجام گەیاندنی رێوڕەسمی ئایینی و نیایەشی تایبەت بە ئایینی یارسان دێت.

بەپێی مێژوو و ئەدەبیاتی زارەکیی خەڵکی یارسان، مێژوو و گرنگیی ئەم شوێنەوارە بۆ یارسانەکان بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە: یەکەمیان بۆ چیرۆکی حەشاردانەوەی کەسایەتیی ئایینی یارسانەکان (داوود کەوسوار) دەگەڕێتەوە، کە یەکێک لە حەوت یارە نزیکەکانی سوڵتان سەهاک بووە، واتا لە سەدەی دەیەمی ساڵنامەی قەمەری، کاتێک نەیارەکان و دوژمنەکان بە دەستووری پاشا تەیموور بە شوێن ئەم گرووپە سەرکردە یارسانەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لە ناویان بەرن، داوود کەوسوار لەم ئەشکەوتە، کە لە زاراوەی گۆران (مەر)یشی پێدەگوترێت، خۆی حەشار دەدات.

دووەم هۆکاریش بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کە رۆیشتن بۆ جەمخانە (شوێنی پیرۆزی ئایینی یارسان بۆ رێوڕەسمە ئایینییەکان) قەدەغە بووە، ئەم شوێنەوارە وەک جەمخانە لەلایەن بڕوادارانی ئایینی یارسان بەکار هاتووە.

گۆڕدەخمە شوێنێکە، کە لە سەردەمە مێژووییەکان، بەتایبەت سەردەمی میدییەکان بۆ ناشتنی تەرمی مردوو و هەروەها جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمی ئایینی بە کار هاتووە و لەم جۆرە شوێنەوارە نموونەی زۆرمان هەیە لە کوردستانی گەورە، کە زۆربەیان بۆ سەردەمی میدیا دەگەڕێتەوە، مێژووی ئەم شوێنەوارەش بۆ سەردەمی میدییەکان دەگەڕێتەوە.

بە گوتەی هەندێ سەرچاوە، ئەگەری هەیە گۆڕی دوا پاشای میدییەکان، ئاستیاک/ ئیشتوڤیگو (٥٨٥-٥٥٠ پێش زایین) بێت.

فۆتۆ: فەرهاد ح گۆران