كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێكی مەسیحی: دژایەتیی حوكمەكەی دادگا موزایەدەی سیاسییە

”٢٩ پەرلەمانتارەكە، زۆرینەیان هیچ لە یاسا نازانن و دان پێدانانی تاوانبارانیان نەخوێندۆتەوە“

ئەندامێكی مەسیحیی پەرلەمانی كوردستان دژایەتیی خۆی بۆ هەڵوێستی ئەو كەس و لایەنانە دەربڕی كە دژی حوكمدانی دادگان لەسەر چەند تێكدەرێك و رای دەگەیەنێت كە ئەو كارەیان بۆ موزایەدەی سیاسییە.

رۆبینا تەیاری، ئەندامی فراكسیۆنی ھاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی لە پەرلەمانی كوردستان، لە نووسینێكدا كە بە ناونیشانی (سەبارەت بە سەروەری یاسا لە ھەرێمی کوردستان) بڵاوی كردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”ھەموومان دەزانین ئێستا ئەنجوومەنی دادوەری و دادگاکان سەربەخۆ کراون و تا ڕادەیەکی زۆر باش ئازادن لە بڕیاردان. پێویست بەوە ناکات بۆ موزایەدەی سیاسی و حزبی و بانگەشەی هەڵبژاردن بابەتی حوکمدانی چەند کەسێک تەنھا لەبەر ئەوەی لە ھەولێر حوکم دراون، ئاوا زەق بکرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە سنووری سلێمانی چەندین جار یاسا پێشێلکراوە و خەڵك کوژراوە، ھیچ کەس دەنگی لێوە نەھاتووە“.

روونیشی كردۆتەوە كە ئەوان وەکوو لایەنێکی كریستیان پێیان وایە دەبێت یاسا توندتر لەوەی ئێستا بڕیار بدات و کەس زوڵم لە کەس نەکات و ھەمووان پێگیر بن بە قەوارەی ھەرێم و لێگەڕێن یاسا سەروەر بێت و دادگاکان خۆیان بڕیار بدەن.

رۆبینا تەیاری ئاماژەی بەوەش داوە: ”کاریان گەیاندۆتە ئەو رادەیەی کە ٢٩ پەرلەمانتار واژۆ کۆ بکەنەوە لە دژی بڕیاری دادگا. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو چەند پەرلەمانتارە رێژەیەکی کەمینەن لە پەرلەمان و زۆرینەی دەنگی پەرلەمان نین، لە لایەکی تریشەوە ئەمە کاری پەرلەمان نییە کە دەست تێوەردان لە بڕیاری دادگاکان بکات. پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانانە نەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن. پەرلەمانتار دەنگ لەسەر یاساکان دەدات نەک لە جێی دادگاكان حوکم بدات“.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ”ئەو پەرلەمانتارانەی واژۆیان لەسەر یاداشتەكە كردووە، زۆرینەیان ھیچ لە یاسا نازانن و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بابەتەکە نەکردووە و دان پێدانانی تاوانبارانیان نە خوێندۆتەوە، یەکسەر ھاتوون خۆیان کردۆتە دادوەر و بڕیاریان داوە، ئەمەش کاری پەرلەمانتار نییە“.