د. سامان به‌رزنجی: كاری جدی بۆ نه‌هێشتنی تالاسیما ده‌كه‌ین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

د. سامان به‌رزنجی: كاری جدی بۆ نه‌هێشتنی تالاسیما ده‌كه‌ین

 له‌ ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی تالاسیمادا، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌ کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی کاری جددی و زیاتری ده‌كه‌ن بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8/5/2021، د. سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی تالاسیمادا، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌: ڕۆژی 8 ئایاری هەموو ساڵێك بە ڕۆژی جیهانی نەخۆشی تالاسیمیا ناساندراوە، کە نەخۆشییەكی بۆماوەیی خوێنە لە دایکان و باوکانەوە بۆ منداڵانی لەدایکبوو دەگوازرێتەوە.

سه‌رنجی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌ لەم بۆنەیەدا وێڕای ڕێز و ستایش بۆ منداڵانی چاوگەش و هەموو هەڵگرانی ئەم نەخۆشیە و خانەوادەکانیان، ئومێد و هیوای چاکبوونەوە تەمەن درێژی و خۆشگوزەرانیان کار و ئەرکی لە پێشینەمانە، دووپاتی دەکەینەوە بە پێداگیریمان و بەردەوامبوونمان لە دابینکردن و فەراهەمکردنی خزمەتگوزاریەکانی چارەسەری و پێداویستیەکان، دڵنیایی دەدەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی کاری جددی و زیاتری لەپێشە هەم بۆ بەرنامەی نیشتمانی بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان ئەویش لە ڕێگەی زیاتر پتەوکردنی بەرنامەی پشکنینی پێشوەختەی هاوسەرگیری، کە بەهۆیەوە ڕێژەی توشبوانی تالاسیما لە هەرێمی کوردستان دەکرێت هێشتا زیاتر کەم بکرێتەوە هەروەها فراوانکردن و زیادکردنی جۆر و ژمارەی پێداویستیەکانی چارەسەری و نەشتەرگەری و خۆشگوزەرانی و تەمەن درێژی و سەلامەتی دوور لە ئێش و ئازارەکان بۆ هەڵگرانی ئەم نەخۆشیە.

وه‌زیری ته‌ندروستی، سوپاس و دەستخۆشی بۆ بەخشەرانی خوێن دووپات ده‌كاته‌وه‌ و سوپاسی هەموو بەرپرس و ئەندامانی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی تالاسیمیا و خێرخوازان دەکا، کە ڕۆڵی گرنگ و بەرچاویان هەبووە لە خزمەتی مرۆڤایەتی و چاودێریکردنی ڕەوشی تەندروستیی نەخۆشانی تالاسیمیا، هاوكات سوپاس و دەستخۆشی لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی سەنتەرەکانی تالاسیما دەکا، کە "لەخۆبوردانە کاردەکەن بۆ خزمەتی نەخۆشان وکەسوکاری توشبوانی تالاسیما لە هەرێمی کوردستان".