وشكەساڵیی باكووری كوردستان كاریگەریی لەسەر هەموو توركیا دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وشكەساڵیی باكووری كوردستان كاریگەریی لەسەر هەموو توركیا دەبێت

ژووری بازرگانیی ئامەد: ئەمساڵ ٣ ملیۆن زەویی كشتوكاڵی زیانی پێ گەیشتووە

ئەمساڵ وشكەساڵییەكی زۆر سەخت رووی لە باكووری كوردستان كردووە، بە جۆرێك بەراورد بە پار، رێژەی بارانبارین ٤٠٪ كەمی كردووە، هەروەها رێژەی ئەو ئاوەی ناگاتە بەروبوومە كشتوكاڵییەكان بەراورد بە پار، ٥٦٪ ە و هەموو بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی باكووری كوردستانیش ٨٠٪ كاریگەریی خراپی لەسەر بووە و بەرهەم كەمی كردووە.

لە ناوچەی سوور لە گوندی (دۆغوچەناكچی)، حەسەن ئۆزبەی كە جووتیارە و وشكەساڵی تووشی ئیفلاسبوونی كردووە، قسەی بۆ بەشی تورکیی ئاژانسی (BBC) كردووە و دەڵێت بەرهەمی گەنم و نیسك و جۆ، بەتەواوی لە زەوییەكەی ئێمەدا وشك بووە، هۆكارەكەشی نەبارینی بارانە.

ئەو دەڵێت: "٢٠ هەزار دۆنم زەویم هەیە و كشتوكاڵی لەسەر دەكەم، ئەمساڵ لە هەموو زەوییەكەدا زیانم پێ گەیشت و لەبەر وشكەساڵی هیچ بەرهەمێكم نەبووە".

لە ئامەد، ٤٥ هەزار جووتیار هەیە، بە گوێرەی زانیارییەكان بەرهەمی جۆ و گەنم و نیسك لەو شارەدا بەتەواوی پەكی كەوتووە و وشک بوون.

جووتیارانی باكووری كوردستان، كاتێك قسە بۆ میدیاكان دەكەن، دەڵێن ئێمە فەوتاین و بەرهەمەكەمان چووە ناو زبڵەوە، چونكە وشكەساڵی نەیهێشت سوود لە بەرهەمی زەوییەكانمان ببینین، بۆیە دەبێت بیر لە ساڵی داهاتوو بكەنەوە كە چی بەرنامەیەكیان هەبێت.

حەمید كووشسەڵان جووتیارە لە گوندی تۆكلوجەی سەر بە شاری سیلڤانی باكووری كوردستان، قسەی بۆ (BBC) كردووە و، پێیوایە بەرهەمی ئەمساڵی گەنم و جۆیان بووە بە نیوە.

ئەو دەڵێت: "لە ناوچەكەی ئێمەدا ٧٥٠ دۆنم زەوی تەرخان كراوە بۆ چاندنی گەنم و جۆ و نیسك، بەڵام بەهۆی وشكەساڵی و نەگەیشتنی ئاو بەو زەوییانە، بەرهەمی ئەمساڵ نیوە كەم دەبێتەوە و تووشی زیانێكی گەورە دەبینەوە. لەو زەوییانەدا ئێمە تەنیا پشت بە ئاوی باران نابەستین، بەڵكوو لە بیرەكانەوە ئاو بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكانمان دابین دەكەین، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ١٠٠ دۆنمە و ئەوانی تر پێویستیان بە ئاوی بارانە".

ژووری بازرگانیی ئامەد، لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردووەتەوە، ئەمساڵ ٣ ملیۆن زەویی كشتوكاڵی بە هۆی وشكەساڵییەوە زیانیان پێ گەیشتووە و هیچ بەرهەمێكی كشتوكاڵیان نابێت".

نیسك یەكێكە لەو بەرهەمانەی توركیا بە رێژەیەكی زۆر بەرهەمی دەهێنێت و رەوانەی دەرەوەی دەكات، هەروەها توركیا لە ریزبەندی چوارەم وڵاتدا دێت لە جیهاندا لە زۆری بەرهەمهێنانی نیسك و رەوانەكردنی بۆ وڵاتانی ئەورووپا.

١٢.٩٪ تەواوی بەرهەمهێنانی نیسك لە توركیا كەوتووە ناوچەی باكووری كوردستان، بەڵام وشكەساڵی وای كردووە، بۆ ئەمساڵ بەرهەمی نیسك بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزێت.

دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووە، لە ٢٠٢٠دا ٣٢١ تەن نیسك لە توركیا بەرهەم هاتووە و بەم شێوەیە بەسەر شارەكانی باكووری كوردستان دابەش كراوە (ئامەد ١٠٣، روجا ٩١، مێردین ٤٠، باتمان ٢٧).

هەروەها لە ٢٠١٩ دا، توركیا توانی ١٩ ملیۆن تەن گەنم بەرهەم بهێنێت و بەشێكی زۆریشی رەوانەی دەرەوەی توركیا كردووە.

لە تەواوی توركیا ئامەد ٥٪ی بەرهەمی گەنم دابین دەكات، بەڵام ئەمساڵ ئەو رێژەیە بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.

شارەزایانی بواری كشتوكاڵ پێیانوایە ساڵی داهاتوو، توركیا زۆر بە ئەستەم دەتوانێت بەرهەمی پاقلە و نیسك و نۆك و فاسۆلیا و زۆر شتی تریش رەوانەی دەرەوەی توركیا بكات، چونكە وشكەساڵی وای كردووە، ئەو بەرهەمانە تەنیا بەشی ناوخۆی توركیا بكات نەك بیفرۆشێت، ئەمەش زیان لە ئابووریی توركیا دەدات.

سەرۆكی ژووری كشتوكاڵی یەنیشەهیر لە ئامەد، قسەی بۆ (BBC) كردووە و، دەڵێت پێویستە بەپەلە حكوومەت وشكەساڵی لە باكووری كوردستان رابگەیەنێت، تا بتوانن ئامادەكاری بكەن بۆ ساڵی داهاتوو.

سولەیمان ئیسكەندەرئۆغلۆ، سەرۆكی ژووری كشتوكاڵی یەنیشەهیر لە ئامەد دەڵێت: "بەرهەمی گەنم لە ئامەد، لە یەك ملیۆن تۆنەوە بۆ ٣٠٠ هەزار تەن دابەزیوە. زیانی بەرهەمی گەنم لە ئامەد ٨٠٪ دەبێت، ئەمەش كارەساتە بۆ جووتیار. پێویستە دەوڵەت بەپەلە هاوكاریی مادی بگەیەنێتە جووتیاران و باری وشكەساڵیش رابگەیەنێت، چونكە زیانی وشكەساڵی زۆر زۆرە".

لە لایەكی ترەوە، سەرۆكی ژووری ئەندازیارانی كشتوكاڵی ئامەد، هۆشداری دەداتە حكوومەت، كە ئەم وشكەساڵییە و كەمیی بەرهەم لە باكووری كوردستان، كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر خوانی هەموو خانەوادەیەكی توركیا دەبێت، چونكە كاتێك بەرهەم كەمە، نرخەكەی گران دەبێت".

ئەو دەڵێت: ”لە ٣ ملیۆن زەوی كشتوكاڵی لە ئامەد، ٨٠٪ی بە هۆی نەبوونی ئاو و نەبارینی بارانەوە زیانی پێ دەگات. لە ساڵی ١٩٧٨ەوە تاكوو ئێستا باكوور ئەو وشكەساڵییە سەختەی بە خۆیەوە نەبینیووە و لەو كاتەوە تاكوو ئێستا رێژەی باران بارین ١٤٪ كەمی كردووە".

لە روحا یەك ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆنم زەوی تەرخان كراوە بۆ بەرهەمهێنانی نیسك، بەڵام لەو رێژەیە تەنیا٣٠٠ هەزار دۆنمی ئاوی پێ گەیشتووە و ئەوانی تر وشك بوون، بۆیە ئەمساڵ ٩٠٪ بەرهەمی نیسك لە روحا تووشی وشكبوون بووە.