پارێزەرێك: لەگەڵ ژمارەیەك هاوپیشەم لە دادگا كار لەسەر رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی دەكەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پارێزەرێك: لەگەڵ ژمارەیەك هاوپیشەم لە دادگا كار لەسەر رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی دەكەین

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان: راپۆرتی په‌رله‌مان له‌باره‌ی رادەستكردنەوەی مسته‌فا سه‌لیمی ته‌واو بووە

ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە راپۆرتی لێژنەیەكی تایبەتی پەرلەمان لەبارەی كەیسی رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران تەواو بووە و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كراوە. پارێزەرێكیش ئاشكرای دەكات كە لەگەڵ ژمارەیەك پارێزەر، لە دادگا كار لەسەر كەیسی رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی دەكەن.

نزار مه‌لا غەفار، ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌ لێژنه‌ی ناوخۆ بۆ (باسنیوز) گوتی: “كه‌یسی مسته‌فا سه‌لیمی له ‌لایه‌ن لێژنه‌یەكی په‌رله‌مانه‌وه‌ كاری لەسەر كراوە، راپۆرتی خۆیان یه‌كلا كردووەتە‌وه‌ و ته‌واوی ورده‌كارییان خستووه‌ته‌ ڕوو و ئاراسته‌ی لایه‌نی پەیوەندیدار كراوه‌“.
جەختیشی كردەوە: ”جگە لەو كەیسە، كەیسی كوشتنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەكەی، ده‌ركه‌وتووه كه‌ كوژراون و تیرۆر كراون، له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌یسێكی دیكه کە ده‌بێت بكوژانی سزا بدرێن و بچنه‌ به‌رده‌م دادگا”.

هەر لەمبارەیەوە كارزان هه‌ناره‌یی، پارێزه‌ر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئێمە وەك ژمارەیەك پارێزەر كه‌یسی مسته‌فا سه‌لیمی ده‌جووڵێنین و له‌ دادگاكانی كوردستان و له‌ به‌غداش كار لەسەر ئه‌م كه‌یسه‌ دەكەین، دواتر كه‌یسی سمكۆ به‌نه‌فشی و ئامانج بابانی له‌ دادگا كه‌مپینیان بۆ ده‌كرێت و یه‌كلا ده‌كرێنه‌وه‌. جیا له‌وه‌ش، ئه‌و پارێزه‌رانه‌ی ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌جووڵێنن رای دەگەینن، ده‌بێ بەرپرسانی یه‌كه‌می ئه‌م كه‌یسه‌ راده‌ستی دادگا بكرێن و فه‌رمانی گرتن بۆ بكوژانیان ده‌ربچێت و ئێستا ناوه‌ڕۆكی ته‌واوی كه‌یسه‌كه‌ له‌ ئاماده‌كردن دایه‌".

هاوكات، هه‌رێم شێخ جه‌مال، رۆژنامه‌نووس له‌ شاری سلێمانی بۆ (باسنیوز) جەختی لەوە كردەوە كە ئەوان لەگەڵ پارێزه‌ران له‌سه‌ر هێڵن، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسی مسته‌فا سه‌لیمی یه‌كلا بكرێته‌وه‌، ”گرنگه‌ لە په‌رله‌مان، لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه كه‌ راپۆرتی ته‌واو كردووه‌، بۆ رای گشتی ئاشكرای بكات، به‌ كوێ گه‌یشت و بڕیاره‌كان به‌ كوێ گه‌یشتن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌یسه‌ دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌ نه‌كرێت”.

گوتیشی: “جیا له‌م كه‌یه‌سه‌، كه‌یسی ئامانج بابانی و هاوژینەکه‌ی و كه‌یسی چالاكوانێكی دیكه‌ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، کە له‌م ماوەیه‌دا له‌ سلێمانی رفێنراوه‌ و چاره‌نووسی نادیاره‌، یه‌كلا بكرێته‌وه‌".