خوشكى محەمەد سياسى بۆ سۆران عومەر: ئەگەر دادگاكان سەربەخۆ بوونایە تۆ لە زۆنی سەوز داڵدە نەدەدرای
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

خوشكى محەمەد سياسى بۆ سۆران عومەر: ئەگەر دادگاكان سەربەخۆ بوونایە تۆ لە زۆنی سەوز داڵدە نەدەدرای

ئەمڕۆ هەینی گوڵان حەسەن خوشكی محەمەد سیاسی ئەشكەنەیی ڕۆژنامەنووسی بێسەروشوێنكراو وەڵامی ئەو لێدوانەی سۆران عومەری داوەتەوە كە دەڵێ لە هەرێمی كوردستان دادگاكان سەربەخۆ نین، پێی گوتووە ڕاست دەكەیت، ئەگەر دادگاكان سەربەخۆ بوونایە، ئێستا تۆ لە زۆنی سەوز داڵدە نەدەدرای.

گوڵان حەسەن كە چواردە ساڵە براكەی بێسەروشوێنە و دواجاریش لەگەڵ سۆران عومەر بیندراوە، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی "منیش دەڵێم دادگاکان سەربەخۆ نین، چونکە ئەگەر سەربەخۆ بوونایە، جەنابت لە زۆنی سەوز داڵدە نەدەدرای.

هەروەها نووسیویەتی "بە کورتی و پوختی دەربارەی سەربەخۆبوونی دادگاکان، بۆ سۆران عومەرەکان و نمونەکانی تر، ئەوانەی دەستیان سوورە بە خوێنی رۆژنامەنووسان و شوێنبزرکردنیان، تکایە باسی هەموو راستییەکان بکەن، چیتر کەیسی رۆژنامەنووسان بە سیاسی مەکەن".

خوشكی محەمەد سیاسی بە سۆران عومەر دەڵێ "ئەگەر دادگاکان سەربەخۆ بوونایە، دەبوایە تۆ و نمونەکانی وەکو تۆ و ئەوانەی دەست لە پشتی ئێوە دەدەن، دادگایی کرابان، ئەرێ بەراست تۆ و نمونەکانت بۆ پێتان ناخۆشە باسی تاوانەکانی خۆتان بکرێت، بەڵام پێتان رەوایە خەڵک چەواشە بکەن و کەیسەکان بە لارێدا ببەن؟".

هەروەها لێی پرسیوە "دەکرێ جەنابت پێمان بڵێی بۆچی دوای کاری پەرلەمانتارییەکەت راتکردە سلێمانی؟ بۆچی ئەو هێزەی زۆنی سەوز دەتپارێزن لە دادگا؟ بۆچی تا ئێستا لە دادگا رادەکەیت و بوێریت نییە شاهێدی بدەی لە کەیسی رۆژنامەنووس محەمەد حەسەنی برام، کە خۆت گوتت یەکێتی وای لە براکەت کردووە، ئەگەر پێتوایە بێتاوانی و زانیاریت نەشاردووەتەوە، با کردارەکانت هاوشێوەی قسەکانت بێت، فەرموو ببە دادوەری هەڵەکانت و واز لە عەیبی ئەوانی تر بێنە".

ماوەی چواردە ساڵە ڕۆژنامەنووسێک بە ناوی محەمەد سیاسی ئەشكەنەیی بێسەروشوێنە، کە دواجار بەر لە بێسەروشوێنبوونی لەگەڵ سۆران عومەر پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان بووە، ماوەیەکی زۆرە خانەوادەی رۆژنامەنووسەکە داوای یاساییان لەسەر سۆران عومەر تۆمار کردووە و چاوەڕێ بوون بچێتە بەردەم دادگا، بەڵام خوشکێکی رۆژنامەنووسەکە دەڵێت بەهۆی پشتیوانیكردنی یەكێتی لە سۆران، ناتوانن بیبەنە بەردەم دادگا تاوەكو چارەنووسی براكەیان ئاشكرا بكات.