كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ڕێبوار بابكەیی 07/05/2021

پێشتر کۆرۆنا، ئێستاش دۆسیەی سیخوری بە سیاسی دەکرێت و سیاسەتی پێوە دەکەن

دۆسیەی سیخوری و تێکدەری، کاتێک بە بەڵگەوە و لەسەر بنەمای دادگەری و دانپێدانانی تاوانباران لە هەر وڵاتیک، بە وڵاتانی ئەورووپاشەوە بسەلمێنرێت، ئەوا بێ دوودڵی و بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و تاوانباران بە سزای خۆیان دەگەیەندرێن و بێ ئەوەی کەس و لایەن و هاوسەرۆک مافی ئەوەیان هەبێت بابەتەکە بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکار بێنن و بیکەن بە بابەتی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، یاخود وەک کەرەستەیەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە سوودی لێ وەرگیرێت.

کەچی لە هەرێمی کوردستان، چۆن حزبەکانی دەست ڕۆیشتوو و خەڵکانێک لە سلێمانی، دوێنێ کۆرۆنایان بۆ چەند مەرامێکی سیاسی-حزبی بە سیاسی کرد و بوونە هۆکاری گیان لەدەستدانی سەدان کەس، دواتر خۆیان لێی بێبەری کرد؛ ئەمڕۆش بەهەمان عەقلیەت، هەر ئەم خەڵکانەن دەیانەوێت وەبەرهێنانی سیاسی لە دۆسیەیەکدا بکەن کە سەرتاپای دۆسیەکە بە بەڵگە و لەسەر بنەمای دانپێدانانی خودی دەستگیرکراوان سەرقاڵی کاری سیخوری و پشێوی بوون لە هەرێمی کوردستان.

ئێستا مۆدێلی بە سیاسیکردنی پرسەکان لە هێز و لایەن و هاوسەرۆکەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ گەمەی سیاسی چەند پەرلەمانتارێک کە بە حیساب پێگەی جەماوەری خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە دامێنی ئەم کەیسە قایم دەکەن! بەڵام لەسەر حیسابی لەبار چوونی ئاسایشی وڵات و ڕێز نەگرتن لە پرەنسیپی دابەشکاری دەسەڵاتەکان.

هەڵوێستی ئەو چەند پەرلەمانتارە لەمەڕ دۆسیەکە، جگە لە بانگەشەیەکی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکان و خۆدەرخستنی سیاسی لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی و سومعەی دادگاکان لە هەرێمی کوردستان و سومعەی ئازادییە گشتییەکان هیچی دیکەی لێ ناخوێندرێتەوە.

لەو سۆنگەیەوە و لە هەستکردن بە ئەرکی پەرلەمانییم و ڕێزگرتن لە یاساکان کە پەرلەمان دەری دەچوێنێت، ئەم ڕوونکردنەوانەی خوارەوە به پێویست دەزانم بخەمە ڕوو:
١. بە گوێرەی مادە ٨٨ لە دەستووری عێڕاق، دادگاکان سەربەخۆن و نابێت هیچ کەس و لایەنێک دەستێوەردان لە بڕیارەکانی دادگا بکات. بۆیە لێدوانی ئەم چەند پەرلەمانتارانە لەسەر دۆسیەکە، ڕێک دەستێوەردانە لە کاروباری دادگاکان.
٢. بە گوێرەی مادە ٢ی یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٧ یاسای دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان، دادوەری لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی سەربەخۆیە، جگە لە یاسا، هیچ دەسەڵاتێکی بەسەردا نیە. ئەو هاش و هۆشە سیاسییەی ئەو پەرلەمانتارانە و چەند هێزێکی سیاسی لەسەر دۆسیەکە بریتییە لە فشارێکی سیاسیی بۆ سەر دادوەرەکان و، هەوڵی تۆقاندنیانە.
٣. بە گوێرەی مادە ٤ی بڕگەی ١ ی یاسای پاشکۆی یاسای داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان، ئەرکی پاراستنی سیستەمی هەرێمی کوردستان و بنچینەکانی و ماڵ و سامانی گشتی، خراوەتە ئەستۆی داواکاری گشتی. لەو گۆشە نیگایەوە، بزاڤی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ بە ڵاڕێدابردنی ڕای گشتی لەسەر دۆسیەکە، وە ڕەوایەتیدان بە کارو چاڵاکییەکانی تاوانباران بە لە بار بردنی سیستەمی سیاسی و تێکدانی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان خۆی تاوانە، چونکە ئەوەی پشتیوانی لە تاوان بکات، وەک ئەوە وایە کە خۆی تاوانەکەی کردبێت.
بە گوێرەی دانپێدانانی دەستگیرکراوان، پەیوەندییان لەگەڵ پ.ک.ک هەبووە، بەنیازبوون کاری پشێوی بە پیلانی پ.ک.ک لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، ئەمەش خودی ڕاستییە تاڵەکەیە، کە بەداخەوە وێڕای ڕاستی بابەتەکە و مەترسی دۆسیەکە بەڵام دەلالی سیاسی بۆ کڕێنی دۆسیەکە هەن تا نان و پیازێکی سیاسی پێوە بخۆن.
رێبوار بابکەیی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان