بەوێنە.. تەقەمەنیی شەڕی عێراق و ئێران لە ناوچەیەكی سنووریی كوردستان دۆزرانەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. تەقەمەنیی شەڕی عێراق و ئێران لە ناوچەیەكی سنووریی كوردستان دۆزرانەوە

بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێرانەوە، ژمارەیەکی زۆر مین و تەقەمەنی لە ناوچە سنوورییەکاندا ژێر خاک و خۆڵ کەوتوون و تا ئێستاش بەشێکیان هەڵنەگیراونەتەوە. تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنییەکان لە ناوچەیەکی سەر سنووری کوردستان، ژمارەیەک تەقەمەنییان دۆزیوەتەوە و گواستوویانەتەوە بۆ کۆگاکانیان، بۆ چارەسەرکردن و تەقاندنەوەیان.

لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ هەینی، 7ی 5ی 2021، ئاكۆ محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مین/ گەرمیان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مین لە ناوچە جیاوازەكانی سنووری گەرمیان بە شێوەیەكی گشتی و ناوچەكانی سەر سنوور، لە هەوڵی دۆزینەوە و گواستنەوەی تەقەمەنییە جێماوەکانی سەردەمی جەنگ دان".

گوتیشی: "دوای ئاشكركردنی 41 پارچە تەقەمەنیی جۆراوجۆر لە گوندی مەحموود قەجەری سەر بە شارۆچكەی قۆرەتوو لە سنووری خانەقین، كە دەكەوێتە نزیک سەر سنووری ئێران، تەواوی ئەو تەقەمەنییانە بە مەبەستی چارەسەركردن و دەربازبوون لێیان، لەلایەن تیمەكانمانەوە هەڵگیران و گواسترانەوە".

راشی گەیاند: "ئەمڕۆ هەینی، تەقەمەنییەكان براونەتە كۆگای تایبەت بە چەك و تەقەمەنی، تا ئەوكاتەی چارەسەر دەكرێن".

ئەو ناوچەیەی تەقەمەنییەكانی تێدا دۆزراوەتەوە، لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێراندا، مەیدانی جەنگی ئەو دوو وڵاتە بووە.